زۆرێک لە بزنسەکان لە ساڵی یەکەمدا بە گەورەیی دەردەکەون، بەڵام دوای پێنج ساڵ ناویان نامێنێت. لە بەرامبەردا، بزنسی وا هەیە بە بچووکی دەست پێ دەکات و دەبێتە ئیمپراتۆریەتێک. جیاوازییەکە لە “بەردەوامی و گونجان” دایە.
لەم مەقالەیەدا باس لە ٥ نیشانەی سەرەکی دەکەین، تاوەکو بزانیت ئەو بیرۆکەیەی لە مێشکدایە یان ئەو بزنسەی ئێستا دەستت پێکردووە داهاتووی هەیە یاخود نا:
١. ئایا کێشە چارەسەر دەکات؟
بزنسە سەرکەوتووەکان لەسەر بنەمای “چارەسەر” دروست دەبن نەک “حەز و ویست”.
لە خوارەوە باسی بزنسێکی کاتیمان کردووە کە ماوەیەکە و فرۆشی نامێنێت، هەروەها باسمان لە بزنسێکی ماوە درێژتر کردووە و کە لە داهاتووشدا کڕیاری هەیە و دەتوانێت لە بازاڕەکەدا بمێنێتەوە:
- بزنسی کاتی: شتێک دەفرۆشێت کە خەڵک تەنها بۆ کات بەسەربردن یان لەبەر مۆدێل دەیانەوێت.
- بزنسی ماوە درێژتر: شتێک پێشکەش دەکات کە ژیانی خەڵک ئاسانتر دەکات، تێچوویان کەم دەکاتەوە، یان کێشەیەکی قورسیان بۆ چارەسەر دەکات (وەک خواردنی تەندروست، فێربوونی زمان، تەکنەلۆژیای نوێ).
یاساکە: ئەگەر ئەو کێشەیەی هەوڵ دەدەیت چارەسەری بکەیت هەمیشەیی بێت، بزنسەکەش داهاتووییەکی باشی هەیە لە بازاڕدا.
٢. توانای گەشەکردن:
بزنسێک داهاتووی باشە کە بتوانێت گەشەبکات و گەورەبێت بێت بێ ئەوەی تێچووەکانی زیاد بکەن.
ئەگەر بزنسەکەت تەنها بە ئامادەبوونی خۆت کاربکات، گەورەکردنی قورسە.
بەڵام ئەگەر سیستمێکت هەبێت (وەک فرۆشتنی ئۆنلاین، براندینگ) کە بتوانێت لە شار و وڵاتانی تر لاسایی بکرێتەوە، ئەوا تۆ خاوەنی گەنجینەیەکی کە لە داهاتوودا دەتوانیت گەشەیەکی زۆر باش بکەیت و ببیتە یەکەمی بازاڕەکە.
٣. گونجان لەگەڵ سەردەم:
داهاتوو بۆ ئەو بزنسانەن کە لەگەڵ تەکنەلۆژیا دەگونجێن و لە کاروبارەکانیاندا بەکاری دەهێنن.
– بزنسێک کە هێشتا پشت بە کاغەز و قەڵەم دەبەستێت و نایەوێت سیستمی دیجیتاڵی بەکاربهێنێت، بەرەو نەمان دەچێت.
– سەیری بزنسەکەت بکە: ئایا دوای ١٠ ساڵی تر تەکنەلۆژیا جێگەت دەگرێتەوە؟ ئەگەر وەڵامەکە “بەڵێ” بوو، دەبێت لە ئێستاوە پلانەکەت بگۆڕیت و تەکنەلۆژیا بکەیتە بەشێک لە کارەکەت.
٤. ڕێژەی گەڕانەوەی کڕیار و دووبارە کڕینیان لامان:
هیچ بزنسێک بە هێنانی کڕیاری نوێ سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو بە دووبارە کڕینەوەی کڕیارە کۆنەکان سەکەوتوو دەبێت و داهاتووییەک بۆ بزنسەکەی دروست دەکات.
– ئەگەر بزنسەکەت جۆرێکە کە کڕیار تەنها جارێک دێت و کڕین دەکات و دەڕوات، هەمیشە دەبێت پارەیەکی زۆر بۆ ڕیکلام خەرج بکەیت.
– ئەگەر کڕیارەکانت بە وەفاداری مانەوە و گەڕانەوە تا کڕینتان لێ بکەن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بزنسەکەت ڕەگی داکوتاوە و لە داهاتوودا جێگیرتر دەبێت.
٥. جیاوازبوون:
ئەگەر هەر کەسێک بتوانێت بە بڕە پارەیەکی کەم و لە ماوەی هەفتەیەکدا هەمان بزنسی تۆ دووبارە بکاتەوە، ئەوا داهاتووی کارەکەت لە مەترسیدایە.
- ئەو بزنسەی کە لە داهاتوودا سەرکەوتوو دەبێت و داهاتووی هەیە ئەوەیە کە لاساییکردنەوەی قورسە؛ یان “نهێنییەکی پیشەیی”، یان “براندێکی بەهێز”، یان “لێهاتووییەکی دەگمەنی لە پشتەوە هەیە”
کورتەیەک بۆ بەرچاوڕوونی:
بزنسێک داهاتووی باشە کە بتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕ گونجاندن بکات. ئەگەر بزنسەکەت وەک ئاو وابێت و شێوەی خۆی بگۆڕێت بەپێی دەفری ڕۆژگار، ئەوا دڵنیابە نەک هەر نافەوتێت، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر دەبێت.