چۆن بتوانین لە سایکۆلۆژیای کڕیار تێبگەین؟

سایکۆلۆژیای کڕیار بوارێکی گرنگە لە بزنس و بازاڕگەریدا کە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن مرۆڤەکان بڕیاری کڕین دەدەن و چی وایان لێدەکات بەرهەم یان خزمەتگوزاریەک هەڵبژێرن. تێگەشتن لەم زانستە دەتوانێ یارمەتی فرۆشیاران بدات بۆ دروستکردنی ستراتیژی کاریگەرتر و دابینکردنی ئەزموونێکی باشتر بۆ کڕیارەکان.

ئەو هۆکارە دەروونیانە چین کە وا دەکەن کڕیار بڕیاری کڕین بدات؟

بڕیاری کڕین تەنها پرۆسەیەکی مەنتقی نییە، بەڵکو زۆرجار لەلایەن هەست و سۆزەوە ئاڕاستە دەکرێت. خەڵک لە کاتی کڕیندا کاریگەری چەندین هۆکاری دەروونیان لەسەر دروست دەبێت. لێرەدا باس لە ٤ لەو هۆکارانە دەکەین:

١. یەکێک لە گرنگترین ئەم هۆکارانە پێداویستی و ئارەزووەکانی مرۆڤە، دەکرێت پێداویستی بنەڕەتی بن وەک خواردن و جلوبەرگ.

٢. ئەوانەی پشتی پێببەستن و پێگەی کۆمەڵایەتی، واتە کڕین ئەنجام دەدەین تا ڕووکارمان لەناو خەڵکیدا بەز ببێتەوە.

کاریگەری کۆمەڵایەتی و کلتووری مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و هەمیشە بە بۆچوون و ڕەفتاری خەڵکانی دەوروبەری کاردەکرێتەوە. کڕیارەکان زۆرجار سەیری ئەوە دەکەن کە کەسانی تر چی دەکڕن، بەتایبەت ئەو کەسانەی ڕێزیان لێدەگرن یان وەک نموونە دەیانبینن. ئەمە ڕوون دەبێتەوە لە کاریگەری ناوبانگی بەرهەمەکان و بانگەشەی کەسایەتییە بەناوبانگەکان بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمەکان.

٣. هەروەها ترس و دڵنیایی ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن. کڕیارەکان زۆرجار بە دوای ئەو بەرهەمە دەگەڕێن کە هەستی دڵنیایی و متمانەیان پێدەدات. بۆ نموونە، کڕینی بەرهەمێک کە گەرەنتی درێژخایەنی هەیە یان کۆمپانیایەکی ناسراو بەرهەمی هێناوە، دەتوانێت ترسی کڕیار لە کڕینێکی هەڵە کەم بکاتەوە.

٤. کلتووری کۆمەڵگاش ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت. نەریتەکان، باوەڕەکان و بەهاکانی هەر کۆمەڵگەیەک کاریگەری ڕاستەوخۆ دەبێت لەسەر ئەوەی چ جۆرە بەرهەمێک پەسەند دەکرێت و چۆن دەبێت بازاڕگەری بکرێت(مارکێتینگ). ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا سەرکەوتوو بێت لەوانەیە لە کۆمەڵگەیەکی تردا کاریگەر نەبێت و فرۆش دروست نەکات.

 پرۆسەی بڕیاردان لە کڕیندا کڕیارەکان بە ٤ قۆناغێکدا دەڕۆن پێش ئەوەی بڕیاری کڕین بدەن:

١. یەکەم قۆناغ دەستنیشانکردنی پێداویستییە، کاتێک کڕیار هەست بە کەموکوڕییەک یان پێداویستییەک دەکات.

٢. قۆناغی گەڕان بۆ زانیاری دێت، کە تێیدا کڕیار دەستدەکات بە لێکۆڵینەوە لەسەر چارەسەرەکانی کە دەستی پێدەگات. وەک گەڕان لە سۆشیاڵ میدیا.

٣.  لە قۆناغی سێیەمدا، کڕیار هەڵبژاردنەکانی جیاواز هەڵدەسەنگێنێت و بەراوردیان دەکات لە ڕووی نرخ، کوالیتی، تایبەتمەندییەکان و ئەو سوودانەی کە دەستیان دەکەوێت.

٤. دواتر بڕیاری کڕین دەدرێت، و لە کۆتاییدا، پاش کڕین کڕیار هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکەی خۆی دەکات کە دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر کڕینەکانی داهاتوو و باسکردنی بەرهەمەکە بۆ کەسانی تر. ستراتیژی بۆ کارکردن لەگەڵ سایکۆلۆژیای کڕیار.

بۆ ئەوەی فرۆشیارەکان فرۆشیان بەرز بکەنەوە و هاوکاری کڕیاریش بکەن، دەتوانن ئەم… ستراتیژییە بەکاربهێنن.

١. یەکێک لە گرنگترینەکان دروستکردنی پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ کڕیارەکاندا. کاتێک کڕیار هەست بکات کە فرۆشیارەکە لە پێداویستییەکانی تێیدەگات و گرنگی بە ویستەکانی دەدات، ئەگەری زیاتر دەبێت دڵسۆز بمێنێتەوە و بەردەوام سەردانمان بکاتەوە.

٢. هەروەها بەکارهێنانی بەڵگە لەسەر بەرهەمەکەمان، وەک پیشاندانی فیدباکی کڕیارانی پێشوو یان باسکردنی ئەوەت چەند کەس بەرهەمەکەی کڕیوە و ڕازی بووە لێی. ئەمەش متمانە دروست دەکات و ترسی کڕیار کەم دەکاتەوە.

٣. دروستکردنی ترسێک لەسەر بەرهەمەکە، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی داشکاندنی کاتی یان ئاماژە بە کەمبوونەوەی بەرهەم دەتوانێت کڕیار هان بدات خێراتر بڕیار بدات.

کۆتایی:

تێگەشتن لە سایکۆلۆژیای کڕیار کلیلێکی گرنگە بۆ سەرکەوتن لە بزنسدا. ئەم زانستە یارمەتیمان دەدات تێبگەین کە کڕیارەکان چۆن بیردەکەنەوە، هەست بە چی دەکەن و چی وایان لێدەکات بڕیاری کڕین بدەن. بە بەکارهێنانی ئەم زانیاریانە، فرۆشیارەکان دەتوانن خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بکەن، پەیوەندی بەهێزتر دروست بکەن و لە کۆتاییدا سەرکەوتنێکی زۆر باش بەدەست بهێنن. گرنگە بیرمان بێت کە لە ناوەڕاستی هەموو ئەم ستراتیژ و تەکنیکانەدا، مرۆڤێک هەیە بە ئومێد و ترس و خەون و پێداویستییەکانی خۆییەوە لە چاوەڕوانی تۆدایە هەڵبژارندی بۆ بکەیت، قازانج و پارە بخە لاوە و بە دڵسۆزانە هاوکاری بکە، تا ئەویش دڵسۆزبێت بۆمان و بەردەوام کڕینمان لێ بکات.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *