٧ نهێنیی زمانی جەستە لە فرۆشدا
بە پشتبەستن بە یەکێک لە بەناوبانگترین توێژینەوە دەروونناسیییەکان کە لەلایەن پڕۆفیسۆر ئالبێرت مێهرابیان (Albert Mehrabian) لە زانکۆی کالیفۆرنیا (UCLA) لە ساڵی ١٩٦٧ ئەنجامدراوە.
گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە لە کاتی گەیاندنی هەست و متمانەدا (بەتایبەت کاتێک قسەکان و ڕەفتارەکان یەکناگرنەوە)، گەیاندنی پەیام بەم شێوەیە دابەش دەبێت:
٥٥٪ لە ڕێگەی زمانی جەستە و جووڵەکانەوەیە (Body Language).
٣٨٪ لە ڕێگەی تۆنی دەنگ و شێوازی دەربڕینەوەیە (Tone of Voice).
٧٪ تەنها بۆ وشەکانە (Verbal / Actual Words).
ئەگەر بەشی زمانی جەستە (٥٥٪) و تۆنی دەنگ (٣٨٪) پێکەوە کۆبکەینەوە، زیاتر لە ٩٣٪ی کاریگەریی پەیامەکە ناکەوێتە سەر وشەکان.
لە فرۆشدا، نزیکەی لە ٦٠٪ی پەیامەکان لە ڕێگەی زمانی جەستەوە دەگوازرێنەوە نەک قسەکردن. کڕیار بڕیاری کڕین دەدات تەنها بەهۆی ئەوەی هەست بە ئارامی و متمانە دەکات لەگەڵ فرۆشیارەکەدا.
لەم وتارەدا باسی ٧ نهێنییەی زمانی جەستە دەکەین کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەرزبوونەوەی فرۆشت:
١.پاراستنی مەودای کەسی:
زۆر نزیکبوونەوە لە کڕیار هەستی بێزاربوون و دوودڵی دروست دەکات. هەمیشە هەنگاوێک یان مەودایەکی گونجاو (نزیک نیومەتر بۆ مەترێک) بپارێزە تا کڕیارەکە هەست بە ئازادی و ئارامی بکات.
٢. یاسای دەستی کراوە:
کاتێک قسە دەکەیت، دەستەکانت مەشارەوە و قۆڵت لەسەر یەک دامەنێ. نیشاندانی لەپی دەستەکانت بە شێوەیەکی سروشتی لە دەروونناسیی کڕیاردا ئەوە دەگەێنێت کە تۆ هیچی لێ ناشاریتەوە و کەسێکی ڕاستگۆیت.
٣. ڕاستڕاگرتنی پشت:
چەمینەوە یان دابەزاندنی شانەکان نیشانەی بێزاربوون یان کەمیی متمانەبەخۆبوونە. بە پشتی ڕاست و شانێکی کراوەوە بوەستە یان دانیشە؛ ئەمە وا لە کڕیار دەکات تۆ وەک شارەزایەک لە بەرهەمەکەتدا ببێنێت.
٤. تەوقەکردنی بەهێز و پڕ لە متمانە:
ڕەنگە لات سەیربێت کە دەڵێن؛ تەوقەکردن چونکە لە خاڵی یەک وتمان مەودای کەسی بپارێزە. بەڵام وەک دەزانین هەندێک لە جۆرەکانی ئیش و کار؛ کڕیار و فرۆشیار زیاتر نزیک دەبنەوە و تەوقە دەکەن.
بۆ نموونە: ئەگەر سەردانێکی نوسینگەی خاوبەرە بکەین ئەوە زۆر جار خاوەنی نوسینگەکە لەبەرمان هەڵدەستێت و ئەگەر هەمان ڕەگەزبین تەوقەمان لەگەڵ دەکات.
کەواتە یەکەم پەیوەندیی جەستەیی لەگەڵ کڕیار زۆر بڕیاردەرە. تەوقەیەک بکە کە نە زۆر شل و بێهێز بێت (کە نیشانەی لاوازییە) و نە زۆر گوشراو بێت کە بەرامبەر بێزار بکات. تەوقەیەکی هاوسەنگ و گەرم ڕاستەوخۆ پەیامی ڕاستگۆیی دەگەیەنێت.
تێبینی گرنگ: وەک لەم خاڵە ئاماژەمان پێدا ئەم تەوقەکردنە بۆ هەموو جۆرە کارێک نابێت کە كڕیار زۆر سەردانی دەکەن لە ڕۆژێکدا، کە فرایناکەویت لەگەڵ هەموانن تەوقە بکات. هەروەها لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر دەبێت سنوری خۆمان باشتر بزانین.
٥. سەرلەقاندن بۆ پشتڕاستکردنەوە:
کاتێک کڕیارەکە باسی پێداویستی یان کێشەکانی دەکات، بە هێمنی سەرت بە نیشانەی پشتڕاستکردنەوە بلەقێنە. ئەم ئاماژە بچووکە بە کڕیار دەڵێت: (گوێم لێتە و لە هەستەکانت تێدەگەم).
٦. سەیرکردنی چاوەکان:
ڕوانینی ڕاستەوخۆ بەڵام ئارام (نەک بڕوانیتە چاوی بە شێوەیەک کە شەرمەزاری بکەیت) متمانەی بەهێز دروست دەکات.
ئەگەر کڕیارەکەت بە تەمەنتر بوو یان لە ڕەگەزی بەرامبەر بوو، بەپێی نەریتی کۆمەڵایەتیی کوردستان هاوسەنگیی تێدا بپارێزە.
٧. زەردەخەنە بکە:
زەردەخەنەی دەستکرد تەنها دەم دەجووڵێنێت، بەڵام زەردەخەنەی ڕاستەقینە چاوەکانیش بچووک دەکاتەوە. کاتێک بە دڵخۆشییەوە پێشوازی لە کڕیار دەکەیت، هەستی نەرێنیی کڕیار دەڕەوێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ گوێگرتن.
تێبینی گرنگ: زمانی جەستە نزیک لە ٪٦٠ی مامەڵەکانمان بەڕێوەدەبات، ئەم بابەتە زۆر گرنگە و دەبێت هەموو فرۆشیارێک بەلایەنی کەم ئەم خاڵە سەرەتاییانە بزانێت لەسەر زمانی جەستە.
هەر ناوچە و ئیش و کارێکیش یاسای تایبەتی خۆی هەیە. هەوڵ بدە هەر تەکنیکێک کە فێردەبیت لەفرۆشدا؛ لەبری دژایەتیکردنی کە ئەمە لەگەڵ (ناوچە، کلتور، دین، یان شار)م ناگونجێت، هەوڵبدە گۆڕانکاری تێدا بکەیت بەجۆرێک بۆ بارودۆخی خۆت بگونجێت.
ئەنجام
هەمووکات دەڵێین؛ کڕیارەکان بەپێی هەست و متمانە بڕیاری کڕین دەدەن و دواتر بە عەقڵ و لۆژیک پاساوی بۆ دەهێننەوە.
زمانی جەستە کورتمەوداترین ڕێگایە بۆ دروستکردنی ئەو متمانەیە لە فرۆشدا. لەمڕۆوە ئەم ٧ خاڵە لە مامەڵەکانتدا بەکاربهێنە و بڕوانە چۆن ڕێژەی فرۆشتنەکانت بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیاد دەکەن.
نوسین: تیمی کارسازی شادمان