هونەری چیرۆکگێڕانەوە لە پەیوەندییەکی کورتدا
هەموومان ڕۆژانە پەیوەندی تەلەفونی جۆراوجۆرمان پێوە دەکرێت: (سڵاو بەڕێزم، ئێمە کۆمپانیای فڵانین و ئەم بەرهەمەمان هەیە بەم تایبەتمەندییانە…).
با ڕاستگۆ بین، چەندێک حەزت لێیە گوێ لەم ڕستە دووبارانە بگریت؟ بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە یەکەم چرکەوە هۆکارێک دەدۆزیتەوە بۆ داخستنی تەلەفونەکە.
مێشکی مرۆڤ بە سروشتی خۆی حەزی (بە ئامار، ژمارەی وشک، و ڕیزکردنی تایبەتمەندی) نییە. ئەوەی سەرنجی ئێمە ڕادەکێشێت و کار لە بڕیارەکانمان دەکات، (چیرۆکە). لە بازاڕی کوردستاندا، کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و متمانەی شەخسی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن، بەکارهێنانی هونەری چیرۆکگێڕانەوە (Storytelling) لە پەیوەندییەکی کورتدا، چەکی نهێنیی سەرکەوتنی تۆیە وەک فرۆشیار.
بۆچی کڕیارەکانت پێویستیان بە چیرۆکە نەک داتا؟
کاتێک لە ڕێگەی تەلەفونەوە تەنها باسی کوالیتی، نرخ، یان تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی بەرهەمەکەت دەکەیت، کڕیارەکە دەچێتە دۆخی (بەرگری). بەڵام کاتێک چیرۆکێکی ڕاستەقینەی بۆ دەگێڕیتەوە، مێشکی کڕیارەکە لەبری شیکردنەوەی داتا، دەست دەکات بە هاوسۆزی و وێناکردنی خۆی لە ناو ئەو چیرۆکەدا.
لەم خاڵەدا، تۆ چیتر شت نافرۆشیت؛ تۆ کێشەیەکی بۆ چارەسەر دەکەیت.
چۆن تایبەتمەندی بەرهەمەکەت بگۆڕیت بۆ چیرۆکێکی کاریگەر؟
لە بری ئەوەی بڵێیت: (ئەم بەرنامەیەی ئێمە خێرایە و سیستمی ژمێریارییەکەت ڕێکدەخات)، چیرۆکێکی کورتی کڕیارێکی پێشووت بگێڕەوە. دەتوانیت ئەم چوارچێوەیە بەکاربهێنیت:
١. دەستپێک (ناساندنی کێشەکە): باس لە کڕیارێکی پێشووت بکە کە هاوشێوەی ئەم کڕیارەی ئێستات بووە.
٢. (نائومێدی): باس لەوە بکە چۆن ئەو کێشەیە بێزاری کردبوو و کاتی لێ بەفیڕۆ دەدا.
٣. چارەسەر (ناساندنی بەرهەمەکە): چۆن بەرهەمەکەی تۆی تاقی کردەوە.
٤. ئەنجام (گۆڕانی ژیان): ئێستا دۆخی چۆنە و چەند ئاسوودەیە.
نمونەیەکی پراکتیکی بۆ بازاڕی خۆمان:
(کاک …، حەز دەکەم چیرۆکی کڕیارێکیی خۆمانت بۆ باس بکەم کە خاوەنی مارکێتێک بوو لە سلێمانی/هەولێر. ڕێک وەک جەنابت، ئەویش شەوان تا درەنگ دەمایەوە بۆ حسابات و ماندوو بوبو، تەنانەت کاتی بۆ خێزانەکەشی نەمابوو. مانگی ڕابردوو کاتێک ئەم سیستمەی ئێمەی دانا، سەرەتا دوودڵ بوو. بەڵام دوێنێ تەلەفونی بۆ کردمەوە و وتی: (دەستتان خۆش بێت، ئێستا بە کۆمپیوتەرەکە و مۆبایلەکەم لە ناو ماڵی خۆمەوە چاودێری هەموو شتێک دەکەم و حساباتم یەک دینار غەڵەتی تێدا نییە).
تێبینی گرنگ: ئێمە دەبێت چیرۆکەکانمان ڕستی بن و كڕیاری لەو جۆرەمان هەبێت.
سێ ڕێسای زێڕین بۆ چیرۆکگێڕانەوە لە تەلەفوندا
بۆ ئەوەی چیرۆکەکەت سروشتی بێت و کڕیار نەڵێت ئەمە تەنها سیناریۆیەکی نوسراوە، ئەم خاڵانە جێبەجێ بکە:
١.کورتی و پوختی: کاتی تەلەفون کورتە؛ چیرۆکەکەت نابێت لە ٤٥ بۆ ٦٠ چرکە زیاتر بخایەنێت. ڕاستەوخۆ بڕۆ سەر کرۆکی بابەتەکە.
٢.ڕاستگۆیی لە دەنگدا: کڕیار لە تۆنی دەنگتەوە تێدەگات کە ئایا بە ڕاستی دڵخۆشیت بۆ کڕیارە کۆنەکەت، یان تەنها دەتەوێت شتێکی پێ بفرۆشیت. بە متمانە و وزەیەکی پۆزەتیڤەوە قسە بکە.
٣.ناوهێنان و بەکارهێنانی ناوی شوێن: بەکارهێنانی ناوی شارەکان یان گەڕەکە ناسراوەکانی کوردستان، وادەکات چیرۆکەکە ڕاستەقینەتر و نزیکتر بێت لە واقیعی کڕیارەکەوە.
دەرەنجام
لە جیهانی فرۆشتنی تەلەفونیدا، خەڵک بەرهەمەکە ناکڕن، بەڵکو ئەو (هەست و گۆڕانکارییە) دەکرن کە بەرهەمەکە لە ژیانیاندا دروستی دەکات. کاتێک فێری هونەری چیرۆکگێڕانەوە دەبیت، پەیوەندییە تەلەفونییەکانت لە (بێزارکەر)ەوە دەبنە (بەنرخ) و کڕیارەکانت خۆیان داوای بەرهەمەکەت دەکەن.
لە پەیوەندی داهاتووتدا، داتا و ژمارەکان بخەرە لایەک و بە چیرۆکێکی سەرکەوتووانە دەست پێبکە؛ ئەنجامەکەی خۆت سەرسام دەکات.