دەزانم کاڵاکەت بەهای بەرزە، بەڵام دیسان داشکاندنم بۆ بکە!
لە فرۆشدا، یەکێک لە قورسترین جۆرەکانی معامەلەی کڕیار ئەوەیە کە دان بە کوالێتی و بەهای بەرهەمەکەتدا دەنێت، بەڵام هێشتا داوای داشکاندنی زیاتر دەکات.
لە کوردستاندا ئەم حاڵەتە زۆر باوە؛ کڕیارەکە بەرهەمەکەی بەدڵە، بەڵام حەز دەکات لە یاریی معامەلەکە بیباتەوە.
ئەگەر لەم کاتەدا ڕاستەوخۆ نرخ دابەزێنیت، بەهای بەرهەمەکەت و قازانجت کەمدەکەیتەوە. ئەگەریش بە توندی ڕەتی بکەیتەوە، ڕەنگە کڕیارەکە لەدەست بدەیت.
بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، لەم وتارەدا ٤ خاڵ باس دەکەین:
١. هەستی کڕیارەکەت ڕابگرە(بەبێ ئەوەی نرخ دابەزێنیت):
پێش ئەوەی ڕەتی بکەیتەوە، نیشانی بدە کە لە داواکارییەکەی گەیشتوویت. دەتوانیت بڵێیت: (تێدەگەم داوای کەمترین نرخ دەکەیت، ئێمەش زۆر خۆشحاڵین کە گرنگیی بە کوالێتیی ئەم بەرهەمە دەدەیت). ئەمە ڕێگری لە دروستبوونی تەنگژە دەکات.
٢. ڕوونی بکەرەوە کە بۆچی نرخەکە جێگیرە:
بە هێمنی ئاماژە بەوە بکە کە نرخ دانانەکەت لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی بەرزترین کوالێتی و خزمەتگوزارییە، نەبوونی جیاوازی لە نرخدا بۆ ئەوەیە مافی هەموو کڕیاران وەک یەک پارێزراو بێت.
دەتوانیت بڵێیت: (نرخەکانمان بە جۆرێک ڕێکخراون کە پێویست نەکات داوای داشکاندن بکەیت برا گیان، چونکە لە سەرەتاوە بەرزترین بەهامان پێشکەش کردوویت، بە نرخێک کە زەرەر نەکەیت).
٣. بەهای زیاتری پێ ببەخشە، نەک نرخی کەمتر:
لە شوێنی کەمکردنەوەی پارەکە، شتێکی تر زیاد بکە بۆناو پاکێجەکەوە کە تێچووی بۆ تۆ کەم بێت بەڵام بەهای بۆ کڕیار بەرز بێت. بۆ نموونە:
- گەیاندنی بێبەرامبەر.
- درێژکردنەوەی ماوەی گەرەنتی.
- دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی بچووکی پاش فرۆشتن بە خۆڕایی.
٤. بژارەی تر بخەرە بەردەستی:
ئەگەر کڕیارەکە سوور بوو لەسەر کەمکردنەوەی نرخ، دەتوانیت تایبەتمەندییەکی کاڵاکە یان خزمەتگوزارییەکە کەمتریان بۆ بکەیتەوە.
لە بزنسدا یاسایەک هەیە: (ئەگەر نرخ کەم بووەوە، دەبێت تایبەتمەندییەکانیش کەم ببنەوە). ئەمە وایان لێدەکات تێبگەن نرخەکە پەیوەستە بە قەبارەی بەهای بەرهەمەکەوە.
کەواتە
داواکردنی داشکاندنی زیاتر بە مانای ڕەتکردنەوەی بەرهەمەکەت نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کڕیارەکە ئامادەی کڕینە.
بە بەکارهێنانی ئەم ڕێگەیانە، هەم شکۆی بەرهەمەکەت دەپارێزیت و هەم کڕیارەکە بە ڕازیبوونەوە بەڕێ دەکەیت.