جیاوازی نێوان بزنسی خزمەتگوزاری و بزنسی کاڵافرۆشی چییە؟

لە بازاڕی بزنسدا، هەموو پڕۆژەیەک دەچێتە چوارچێوەی یەکێک لەم سێ جۆرە سەرەکییەوە: یان تۆ کاڵایەک دەفرۆشیت کە کڕیار دەستی لێدەدات و بەکاری دەهێنێت، یان خزمەتگوزارییەک پێشکەش دەکات کە کڕیار سوودی لێدەبینێت، یانیش بەرهەمێک پێشکەشی کڕیار دەکرێت کە شتێکە دەیکڕین و دەستکاری دەکەین دواتر دەیفرۆشین. هەرچەندە ئامانجی هەرسێکیان قازانجە، بەڵام ئێمە لێرەدا باس لە جیاوازی نێوان ٢ لەم ٣ بزنسە دەکەین.

جیاوازییەکان لە شێوازی بەڕێوەبردن، بەبازاڕکردن و تەنانەت ڕکابەرییەکانیش تەواو جیاوازن.

لەم وتارەدا، بە ٤ خاڵ باس لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ئەم دوو بزنسە:

١. سروشتی بزنسەکە:

  • بزنسی کاڵافرۆشی: لێرەدا تۆ شتێکی بەرجەستە و هەست پێکراو دەفرۆشیت. کڕیار دەتوانێت پێش کڕین بیبینێت، دەستی لێبدات و تاقی بکاتەوە. وەک: مۆبایل، جلوبەرگ، یان خواردەمەنی.
  • بزنسی خزمەتگوزاری: ئەوەی دەیفرۆشیت بەرجەستە نییە. تۆ کات، لێهاتوویی، یان شارەزایی خۆت دەفرۆشیت. کڕیار ناتوانێت پێشوەختە شتەکە ببینێت، بەڵکو متمانە بە “ئەنجامەکە” دەکات. وەک: ڕاوێژکاری یاسایی، فێرکاری، یان چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل.

٢. کۆگاکردن:

  • کاڵافرۆشی: پێویستی بە کۆگا هەیە. دەبێت پارەیەکی زۆر دابنێیت بۆ کڕینی کاڵاکان پێش ئەوەی بیانوفرۆشیت. هەروەها مەترسی تێکچوون یان بەسەرچوونی مۆدێلی کاڵاکانمان هەیە.
  • خزمەتگوزاری: زۆربەی کات پێویستی بە کۆگا نییە. تێچووی دەستپێکردنی کەمترە، چونکە سەرمایەی سەرەکی تۆ مێشک و لێهاتوویی خۆتە. بەڵام گەورەترین تێچووی تۆ “کات”ـە.

٣. کوالێتی:

  • کاڵافرۆشی: کوالێتی جێگیرە. ئەگەر ١٠٠ دانە لە مۆبایلێکی دیاریکراو بەرهەم بهێنرێت، هەموویان وەک یەکن. کڕیار دەزانێت چی دەکڕێت.
  • خزمەتگوزاری: کوالێتی دەگۆڕێت و پەیوەستە بەو کەسەی خزمەتگوزارییەکە پێشکەش دەکات. بۆ نموونە، بڕینی قژ لە سەرتاشخانەیەکدا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، تەنانەت ئەگەر هەمان نرخیش بێت.

٤. پەیوەندی لەگەڵ کڕیار:

  • کاڵافرۆشی: پەیوەندییەکە کورتخایەنە. کڕیار دێت، شتەکە دەکڕێت و دەڕوات. کەمتر پێویست بە دروستکردنی پەیوەندییەکی قووڵ دەکات.
  • خزمەتگوزاری: سەرکەوتنی ئەم بزنسە لەسەر متمانە بونیاد نراوە. پەیوەندییەکە درێژخایەنە و کڕیار پێویستی بەوەیە هەست بە دڵنیایی بکات پێش ئەوەی بڕیاری کڕین بدات.

لێرەدا بە ٤ خاڵ لێکدانەوەیەکی خێرامان هەیە لە نێوان ٢ بزنسەکە:

١. بزنسی کاڵا فرۆشی سروشتێکی بەرجەستەی هەیە. بەڵام خزمەتگوزاری سروشتێکی نابەرجەستەی هەیە.

٢. بزنسی کاڵا فرۆشی پێویستی بە هەبوونی کۆگا هەیە، بەڵام خزمەتگوزاری پیویستی پێ نییە.

٣. تێچووی دەستپیکردن لە بزنسی کاڵا فرۆشی بەرزە، بەڵام لە بزنسی خزمەتگوزاریدا نزمە.

٤. سەرچاوەی سەرەکی بزنسی کاڵا فرۆشی کەرەستەی خاو و کارگەکانە، بەڵام سەرچاوەی سەرەکی بزنسی خزمەتگوزاری کات و شارەزای خاوەنکارەکە.

هەڵبژاردنی نێوان ئەم دووانە بەندە بە کەسایەتی و پارەی بەردەستی تۆوە:

  • بزنسی کاڵافرۆشی هەڵبژێرە ئەگەر: حەزت بە دروستکردن یان بازرگانییە، بودجەی کڕینی کاڵات هەیە.
  • بزنسی خزمەتگوزاری هەڵبژێرە ئەگەر: خاوەن لێهاتووییەکی تایبەتیت (وەک دیزاین، پڕۆگرامسازی، یان وەرگێڕان)، سەرمایەیەکی کەمت هەیە، و حەزت بە کارکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مرۆڤەکانە.

کۆتایی:
لە بازاڕی ئەمڕۆدا، زۆرێک لە بزنسە سەرکەوتووەکان تێکەڵەیەک لە هەردوولایان بەکاردەهێنن. بۆ نموونە، کۆمپانیایەکی فلتەری ئاو هەم فلتەرەکە دەفرۆشێت (کاڵا) و هەم بەستن و چاککردنەوەکەشی ئەنجام دەدات (خزمەتگوزاری).

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *