بۆچی کەم قسەکردن فرۆشت دوو هێندە دەکات؟
ئەم پرسیارە ڕێک کلیل و دەرمانی ئەو نەخۆشییەیە کە زۆربەی فرۆشیارانی ئێمە لە بازاڕی کوردستاندا پێوەی دەناڵێنن! پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە باوەی کە دەڵێت:
(فرۆشیاری باش دەبێت بەردەوام قسە بکات). زانستی نوێی فرۆشتن دەیسەلمێنێت کە (خراپترین کار)، زۆربڵێییە لەبەردەم کڕیاردا.
لەم وتاردا بە ٥ خاڵ هەروەها بە زمانێکی زۆر سادە ڕوونی دەکەینەوە کە بۆچی (کەمتر قسەکردن، قازانجی دوو هێندە دەکات) :
١. کڕیار ڕقی لە زۆربڵێیە، حەزی لە چارەسەرە:
کاتێک تۆ وەک نوێنەرێکی فرۆشتن بە تەلەفۆن یان ڕووبەڕوو دەست دەکەیت بە قسەکردنی بێوچان لەسەر مواسەفاتی بەرهەمەکەت، کڕیارەکە هەست دەکات لە پۆلی قوتابخانەدایە و مامۆستایەک وانەی پێدەڵێت.
یاسای زێڕین:
مرۆڤەکان تەنها حەزیان بەوەیە باسی (خۆیان و کێشەکانی خۆیان) بکرێت. کاتێک تۆ بێدەنگ دەبیت، کایەکەت بۆ ئەوان چۆڵ کردووە تا باسی ئازارەکانی بزنسەکەیان یان ژیانیان بکەن. لێرەوە تۆ دەزانیت ڕێک چ کێشەیەکی هەیە تا هاوکاریبیت، وە فرۆشیش لای تۆوە ڕووبدات.
٢. دروستبوونی متمانە (خەڵک بەدوای گوێگردا دەگەڕێن):
لە بازاڕی ئێمەدا، کڕیار بە سروشتی خۆی ترسی هەیە لەوەی (خەڵەتێنرێت). کاتێک فرۆشیارێک زۆر خێرا و زۆر قسە دەکات، کڕیارەکە گومانی لادروست دەبێت و دەڵێت: (ئەمە دەیەوێت بە قسە سەرم بشێوێنێت تا شتەکەم پێ بفرۆشێت).
بەڵام کاتێک تۆ پرسیارێکی زیرەک دەکەیت هەروەها (تەنها گوێ دەگریت)، کڕیارەکە هەست بە ڕێز دەکات. لە دەروونناسیدا هاتووە:
ئێمە متمانە بەو کەسانە دەکەین کە کاتمان پێدەدەن بۆ ئەوەی گوێمان لێبگرن.
٣. دۆزینەوەی پێویستیی ڕاستەقینە:
تۆ ناتوانیت بەرهەمێک بفرۆشیت ئەگەر نەزانیت کڕیارەکە چی دەوێت. ئەگەر تۆ بەردەوام قسە بکەیت، چۆن دەزانیت کێشەی ئەو چییە؟
با نموونەیەک بهێنینەوە:
تۆ دەتەوێت ئۆتۆمبێلێک بفرۆشیت. ئەگەر ڕێک دەست بکەیت بە قسە و بڵێیت: (ئەم ئۆتۆمبێلە زۆر خێرایە، بزوێنەرەکەی زۆر بەهێزە…)
بەڵام کڕیارەکە پیاوێکی خێزاندار بێت تەنها بە دوای (سەلامەتی و فراوانی) ئۆتۆمبێلەکەدا بگەڕێت، تۆ بە قسە زۆرەکانت فرۆشتنەکەت دۆڕاند!
بەڵام ئەگەر بێدەنگ بیت و بپرسی: (خۆت زیاتر چ جۆرە ئۆتۆمبێلێکت بەدڵە؟) ئەو خۆی دەڵێت: (بۆ خێزانەکەم دەوێت و سەلامەتی گرنگە). ئیتر لێرەدا تۆ کەمترین قسە دەکەیت و تەنها تیشک دەخەیتە سەر سەلامەتییەکەی.
٤. یاسای دەروونیی ٨٠/٢٠ (یاسای پارێتۆ لە فرۆشتندا):
لە کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتووی فرۆشتندا، دەبێت ئەم هاوسەنگییە هەبێت:
- %٢٠ی کاتەکە: فرۆشیار قسە دەکات (تەنها بۆ کردنی پرسیاری زیرەک و ئاڕاستەکردنی گفتوگۆکە).
- %٨٠ی کاتەکە: کڕیار قسە دەکات (باسی پێویستی، کێشە، هەروەها بودجەکەی دەکات).
تێبینی گرنگ:
کاتێک کڕیارەکە %٨٠ی کاتەکە قسە دەکات، لە ڕاستیدا ئەو خۆی، قەناعەت بە خۆی دەکات کە پێویستی بە بەرهەمەکەی تۆیە!
٥. کۆنتڕۆڵکردنی گفتوگۆکە:
پێچەوانەی بیرکردنەوەی خەڵک، ئەو کەسەی قسە دەکات کۆنتڕۆڵی گفتوگۆکەی لەدەستدا نییە، بەڵکو (ئەو کەسەی پرسیار دەکات و بێدەنگ دەبێت). هێڵی سەرەکی گفتوگۆکە دیاری دەکات.
کاتێک تۆ کەمتر قسە دەکەیت، وزەی خۆت دەپارێزیت، بە وردی بیر لە هەنگاوی داهاتووت دەکەیتەوە، و ناهێڵیت کڕیارەکە بە لایەکی تردا بتبات.
کورتەی قسە:
خودای گەورە دوو گوێ و یەک زمانی پێداوین، بۆ ئەوەی دوو هێندەی ئەوەی قسە دەکەین، گوێ بگرین. لە بزنسدا:
- متمانە
- قازانج
لە ناو (بێدەنگی و گوێگرتنی زیرەکانە)دا دروست دەبێت، نەک لە هاوارکردن و زۆربڵێییدا.