بۆچی کاتژمێرێک یان جانتایەک بە هەزاران دۆلار دەفرۆشرێت کاتێ تێچووەکەی تەنها ١٠ دۆلارە؟

بۆچی کاتژمێرێک یان جانتایەک بە هەزاران دۆلار دەفرۆشرێت کاتێ تێچووەکەی تەنها ١٠ دۆلارە؟

 

لە جیهانی بزنسدا، دیاردەیەک هەیە کە زۆرجار کڕیاران تووشی سەرسوڕمان دەکات: چۆن براندە جیهانییەکان کاڵایەک کە تێچووی دروستکردنی ۱۰ دۆلارە، بە ۱,۰۰۰ دۆلار یان زیاتر دەفۆشندا؟

 

ئەمە بەپێی بەختی باش ڕوونادات، بەڵکو ئەنجامی (ستراتیژییەکی زۆر وردی نرخدانان و بەهاسازییە). لە خوارەوە بە ٤ خاڵ شیکاریی ئەوە دەکەین کە ئەم کۆمپانیایانە چۆن ئەم کاریگەرییە دروست دەکەن، و چۆن خاوەنکارانی کوردستان دەتوانن کەڵک لەم بیرۆکەیە وەربگرن:

 

 

١. فرۆشتنی (پێگە) نەک (بەرهەم):

 

سودوەرگرتن لە دەروونناسیی کڕیار: کاتێک کەسێک جانتایەکی براندی (Louis Vuitton) یان کاتژمێرێکی (Rolex)دەکڕێت، پارە لەسەر قوماش یان پارچە ئاسنەکان نادات. ئەو پارەیە لەسەر (نیشاندانی پێگەی کۆمەڵایەتی) دەدات.

پەیامەکە: براندە گەورەکان بەرهەمەکە ناکەنە بڕبڕەی پشتی ڕیکلامەکانیان، بەڵکو ئەو هەست و ڕێزە دەفرۆشن کە کڕیار بەدەستی دەهێنێت کاتێک کاڵاکە دەپۆشێت یان بەکاری دەهێنێت.

 

 

٢. دروستکردنی دەگمەنیی دەستکرد:

 

سنووردارکردنی خستنەبازاڕ: براندە گرانبەهاکان بازاڕ تێر ناکەن. ئەوان بە ئەنقەست ڕێژەیەکی کەم لە بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوە تاوەکو خواست هەمیشە لە خستنەڕوو زیاتر بێت.

لیستی چاوەڕوانی: ئەم ستراتیژە وادەکات کڕیار هەست بکات کاڵاکە تەنها بۆ تەبَقەیەکی تایبەتە، ئەمەش نرخەکەی لە چاوی کڕیاردا چەند بەرامبەر بەرز دەکاتەوە.

 

 

٣. چیرۆک و ئەفسانەسازی:

 

بەهای مێژوو و هونەر: ئەم براندانە لە جیاتی باسی تێچووی ماددی، باسی دەستڕەنگینی هەروەها مێژووی سەدان ساڵە، و وردەکاریی دروستکردنی کاڵاکە دەکەن.

دروستکردنی بەهای مەعنەوی: کاتێک کڕیار باوەڕ دەهێنێت کە کاڵایەک سەدان کاتژمێر کاری دەستیی تێدا کراوە، ئامادەیە نرخێکی زۆر خەیاڵیشی بۆ بدات.

 

 

٤. ئەزموونی کڕینی تایبەت:

 

کەشوهەوای شوێنی فرۆشتن: کاڵای ۱,۰۰۰ دۆلاری لە شوێنێکی ئاساییدا نافڕۆشرێت:

  • دیزاینی دوکانەکان.
  • مامەڵەی کارمەندەکان.
  • packaging (بەستەبەندیکردن).
  • خزمەتگوزاری دوای فرۆشتن هەموویان بەشێک لە بەهای کاڵاکەن.

دڵنیاکردنەوە لە جیاوازبوون: کڕیار هەست دەکات کاتێک دەچێتە دوکانی ئەم براندانە، وەک پادشایەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

 

 

چۆن ئەم ستراتیژە لە بازاڕی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت؟

 

بازاڕی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر بەدەست (شەڕی نرخ) ەوە دەناڵێنێت؛ زۆربەی بزنسەکان هەوڵ دەدەن بە دادابەزاندنی نرخ مشتەری ڕابکێشن، کە ئەمەش قازانجیان کەم دەکاتەوە و تەمەنی بزنسەکە کورت دەکاتەوە. بۆ تێپەڕاندنی ئەمە:

 

١.لە جەنگانی نرخ دووربکەوەرەوە: لەبری ئەوەی هەرزانترین بێت لە کوردستان، هەوڵبدە (باوەڕپێکراوترین) یان (تایبەتمەندترین) بێت. بازاڕی کوردستان کڕیاری تایبەتی تێدایە کە ئامادەیە پارەی باش بدات بەرامبەر کواڵێتی و ڕێز.

٢.وەبەرهێنان لە packaging و براندینگ بکە: زۆرجار بەرهەمێکی باشی ناوخۆیی بەهۆی خراپی بەستەبەندیکردن یان لاوازی لۆگۆ و دیزاینەکەی، ناتوانێت بە نرخێکی باش بفڕۆشرێت.

٣.پێشکەشکردنی ئەزموونی جیاواز: لە کوردستان کێبڕکێ لەسەر خزمەتگوزاریی کڕیار (Customer Service) زۆر لاوازە. ئەگەر بزنسەکەت ئەزموونی جیاواز و ڕێزێکی تایبەت بە کڕیار ببەخشێت، دەتوانیت نرخەکانت بەرزتر بکەیتەوە و کڕیاری وەفاداریش پەیدا بکەیت.

 

 

دەرئەنجام:

نرخ ناکەوێتە سەر تێچووی بەرهەم، بەڵکو دەکەوێتە سەر (ئەو بەهایەی کڕیار لە مێشکی خۆیدا بۆی دادەنێت). ئەگەر بتوانیت بەهای ڕاستەقینە و دەروونی لە مێشکی کڕیاردا دروست بکەیت، تێچووی بەرەهەمەکەت هەرچەندێک بێت، بازاڕ ئامادەیە نرخە پێشنیارکراوەکەت بۆ بدات.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *