بۆچی مووچەکەمان تا کۆتایی مانگ بەشمان ناکات؟

ئەمە پرسیارێکە کە زۆربەی خەڵک ڕووبەڕووی دەبنەوە. لە سەرەتای مانگدا مووچەکەت وەردەگریت و هەست دەکەیت پارەی زۆرت هەیە، بەڵام پێش کۆتایی مانگ دەبینیت هیچ لە گیرفانتدا نەماوە. ئەم کێشەیە تەنها لای تۆ نییە، بەڵکو کێشەیەکی گشتییە و خەڵکە کە هۆکاری جۆراوجۆری هەیە.

لەم مەقالەیەدا باس لە ٦ خاڵ دەکەین کە دەکرێت هۆکاربن بۆ نەمان و زوو تەواو بوونی موچەکەمان:
١. نەبوونی پلانی دارایی: یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان ئەوەیە کە زۆر کەس پلانی دارایی نییە بۆ ئەو مانگە. کاتێک مووچە وەردەگریت بەبێ ئەوەی بزانیت چۆن دابەشی بکەیت بەسەر پێداویستییەکانت، بە ئاسانی خەرجی دەکەیت. ئەگەر لە سەرەتای مانگەوە لیستێک دروست نەکەیت کە پیشان بدات چەند بۆ کرێ، چەند بۆ خواردن، چەند بۆ گواستنەوە و چەند بۆ قەرزەکانت تەرخان دەکەیت، ئەوا دەستدەکەیت بە خەرج کردنی پارەکانت بە بێپلان.
٢.  خەرجییە پێشبینی نەکراوەکان: ژیان پڕە لە خەرجییە لەناکاوەکان. وەک: نەخۆشی، پێداویستی خێزانی، تێکچوونی ئامێرێک، یان بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، هەموو ئەمانە خەرجی زیاد دەکەن. کاتێک دەغیلەیەکت نییە بۆ کاتی پێویست، ناچار دەبیت لە مووچەی ئاساییت بیدەیت، ئەمەش وادەکات زووتر تەواو بێت.
٣. کڕینی شتی ناپێویست: کۆمەڵگای ئەمڕۆ هانمان دەدات کڕینی زیاتر ئەنجام بدەین. ڕیکلامەکان، میدیای کۆمەڵایەتی، تەنانەت هاوڕێکانمان هەموو کاریگەرییان هەیە لەسەر بڕیارەکانی کڕینمان. زۆر جار شتێک دەکڕین نەک بە هۆکاری ئەوەی پێویستمانە، بەڵکو بۆ ئەوەی هەستی باشمان هەبێت یان دەمانەوێت لەگەڵ کەسانی دیکە بەراورد بکەین. ئەم کڕینە هەستییانە بە خێرایی کۆنتڕۆڵی سەر مووچەکەت دەگرنە دەست.

٤. قەرز: قەرزەکان، بەتایبەتی ئەوانەی سوویان هەیە، یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانن کە مووچەکەت تەواو دەکەن. ئەگەر قەرزی بانکیت هەبێت یان کارتی بانکی بە قەرز بەکاربهێنیت، بەشێکی زۆر لە مووچەکەت دەچێتە سەر پارەدانەوەی سووی بانکەکە، نەک بڕی سەرەکیی قەرزەکە. ئەمەش تۆ دەخاتە ناو بازنەیەکی خراپ کە هەمیشە قەرزت هەیە و هەمیشە پارەت کەمە.
٥.  هاوسەنگی نەکردن لە نێوان داهات و خەرجی: زۆر کەس بە هەڵە وا دەزانن کە دەتوانن بە شێوازێک بژین کە لەگەڵ داهاتەکەیاندا هاوسەنگ نییە. کاتێک خەرجیت لە داهاتت زیاترە، هەر چەندێک مووچەت زۆر بێت، کۆتایی مانگ کێشەت بۆ دروست دەبێت. گرنگە کە ژیانێک بژیت کە لەگەڵ ئەوەی پارەت هەیە خۆت ڕێکبخەیت، نەک لەگەڵ حەزەکان.
٦. نەبوونی پاشەکەوت: یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان پاشەکەوتە. پێویستە بەشێک لە مووچەکەت، تەنانەت ئەگەر کەمیش بێت، وەک پاشەکەوت دابنێیت. ئەم پارەیە بۆ داهاتوو و کاتی نائاسای پێویست دەبێت، نەک بۆ خەرجی ئەم مانگە. زۆر کەس ئەم هەنگاوەیان پشتگوێخستووە چونکە وا دەزانن پارەیان کەمە و ناتوانن پاشەکەوت بکەن، بەڵام بێ پاشەکەوت، هەمیشە لە بارودۆخی دارایی سەخت دەمێنیتەوە.
بە ٥ خاڵ ڕوونی دەکەینەوە چارەسەر چییە؟
بۆ ئەوەی مووچەکەت تا کۆتایی مانگ بەشت بکات، پێویستە ئەم ٥ هەنگاوە پەیڕەو بکەیت:
١.  بودجەیەکی مانگانە دابڕێژە کە بە ڕوونی پیشان بدات چەندت هەیە و چۆن دابەشی دەکەیت. دیاری بکە تێچوی مانگانەت چەندە و چەند داهاتت هەیە.
٢.  پاشەکەوت لە یەکەم ڕۆژی وەرگرتنی مووچە دەست پێ بکە، نەک چاوەڕوانی کۆتایی مانگ بکەیت. ئەوەی دەمێنێتەوە خەرجی بکە، نەک بەپێچەوانەوە.
٣.  لە خەرجییە بچووکە بەردەوامەکان دوور بکەوەرەوە. هەموو ڕۆژێک کڕینی خوارنەوەیەک لە دەرەوە، خواردنی دەرەوە، کڕین لە کاتی بێزاریدا، هەموو ئەمانە کۆدەبنەوە و کاریگەرییان زۆر دەبێت.
٤.  سەرنجی خەرجییەکانت بدە. ئەپێک بەکاربهێنە یان دەفتەرێکت هەبێت کە تێیدا بنووسیت چیت کڕیوە. ئاگادار نەبوون لە بڕی خەرجی مانگانە یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان.
٥.  فێری گوتنی: “نەخێر” ببە. هەم بۆ خۆت و هەم بۆ کەسانی دیکە. نابێت هەموو شتێک بکڕیت کە دەیبینیت و حەزت لێیدەبێت یان هەموو بۆنەیەک بەشداری بکەیت.
کۆتایی:

 قسەی کۆتای ئەوەیە کە بەڕێوەبردنی دروستی پارە کارێکە کە پێویستە فێری ببین. هیچ کەسێک بە تەواوی شارەزانییە لەم بابەتە، بەڵام بە ئاگاداری و پلان، دەتوانیت بارودۆخت باشتر بکەیت. مووچەکەت ئامرازێکە بۆ ژیانێکی باشتر، بەڵام تەنها ئەگەر فێری بەکارهێنانی دروستی ببیت.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *