ئەگەر بیرۆکەی بزنسم نەبوو چی بکەم؟
دەستپێکردنی بزنس خەونی زۆر کەسە، بەڵام گەورەترین ڕێگری کە لە هەنگاوی یەکەمدا دێتە ڕێی زۆربەی گەنجان و تەنانەت کەسانی بە ئەزموونیش، نەبوونی (بیرۆکەی زێڕین)ـە. زۆرجار وا بیر دەکەینەوە کە بۆ دەستپێکردنی بزنسێک دەبێت شتێک بێنینە ئاراوە کە پێشتر لەسەر زەوی بوونی نەبووبێت. بەڵام ڕاستییەکە پێچەوانەکەیەتی:
سەرکەوتووترین بزنسەکان ئەو کۆمپانیایانەن کە کێشەیەکی ڕۆژانەی خەڵکیان بە شێوازێکی باشتر چارەسەر کردووە. نهێنییەکە لە چارەسەرکردنی کێشەدایە، نەک لە داهێنانی سەیروسەمەرە.
ئەگەر حەزی دەستپێکردنت هەیە بەڵام بیرۆکەت نییە، لەم وتارەدا بە ٥ خاڵ هاوکارتان دەبین بۆ هەنگاوی یەکەم:
١. تەرکیز بخەرە سەر (کێشەکان)، نەک (بیرۆکەکان):
باشترین بزنس لە ئەنجامی بێزاربوونی کەسێک لە کێشەیەک لەدایک دەبێت. چاوەڕێ مەکە بە ڕێکەوت بیرۆکەیەکی ناوازە لە مێشکتدا بێتە دەرەوە؛ لەبری ئەوە سەیری دەوروبەری خۆت بکە:
- لە ڕۆژێکدا خەڵکی کوردستان لە چ شتێک بێزار دەبن؟
- کام خزمەتگوزارییە لە شاری تۆدا خێرا نییە یان بە کوالێتییەکی نزم دەگەیەنرێت؟
- کام بەرهەمە لە بازاڕدا هەیە بەڵام خەڵک بەهۆی گرانی یان سەختەیی لە بەرهەمەکە، دەستیان پێیناگات؟
کاتێک کێشەیەک دەدۆزیتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک ئامادەن پارەی پێبدەن بۆ ئەوەی لێی ڕزگار بن، لەوێدا بزنسێک لەدایک دەبێت.
٢. بزنسە سەرکەوتووەکانی دەرەوە بهێنە ناوخۆ:
پێویست ناکات لە صفرەوە داهێنان بکەیت. سەیری وڵاتانی دراوسێ یان وڵاتانی ڕۆژئاوا بکە؛ ببینە کام جۆری بزنس لەوێ سەرکەوتوو بووە و هێشتا نەهاتووەتە کوردستان، یان ئەگەر هاتوویشە، بە شێوازێکی زۆر سەرەتایی کار دەکات.
بۆ نموونە: جۆرێکی دیاریکراوی گەیاندن، ڕاهێنانی ئۆنلاین، یان بەرهەمهێنانی خۆراک هەیە لە دەرەوە سەرکەوتوو بێت؟
تێبینی گرنگ: بێگومان دەبێت بیرۆکەکە لەگەڵ کلتوور، توانای دارایی و پێداویستیی کۆمەڵگەی کوردیدا بگونجێنیت.
٣. نوێکاریبکە لە بزنسەکاندا:
زۆر بواری نەریتی هەن کە دەیان ساڵە بە هەمان شێوازی کۆن کار دەکەن؛ بۆ نموونە:
وەستاکانی ئۆتۆمبێل، خزمەتگوزاری خاوێنکردنەوەی ماڵان، وەستاکانی بیناسازی، یان کەرتی خۆراک.
ئەگەر تۆ بێیت (تەکنەلۆژیا وە خزمەتگوزاری زیاتری کڕیار هەروەها پابەندبوون بە کات) تێکەڵی یەکێک لەم بوارە نەریتییانە بکەیت، بە خێرایی لە بازاڕدا گەشەدەکەیت.
٤. لێهاتویی و ئارەزووەکانی خۆت بکە بە سەرچاوە:
- سەیری خۆت بکە، لە چی بوارێکدا باشیت؟
- ئایا لە ڕێکخستن و ئیدارەداندا بەتوانایت؟
- ئایا لە گرافیک، دروستکردنی شیرینی، یان چاککردنەوەی ئامێری کارەباییدا شارەزایت؟
ئەگەر شارەزاییشت لە بوارێکدا نییە، سەیری ئەوە بکە چ بابەتێک بەلای تۆوە سەرنجڕاکێشە. بەسەربردنی چەند مانگێک بۆ فێربوونی لێهاتووییەکی نوێ (وەک مارکێتینگ یان فێربوونی فرۆش، زانیاری لەسەر ئاژەڵان ئەگەر ئاژەڵ دۆستی)، دەکرێت ڕاستەوخۆ دەستپێکی بزنسە نوێکەت بێت.
٥. لە بچووکەوە دەست پێبکە و ئەزموون بکە:
پێویست ناکات بۆ دەستپێکردن سەرمایەیەکی گەورەت هەبێت. ئەگەر خاوەنی بیرۆکەیەکی نادیاریت:
١.سەرەتا وەک (کارێکی لاوەکی) تاقی بکەرەوە.
٢.پەیجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەرەوە یان ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ ١٠ کەس لە دەوروبەرت بکە.
٣.بزانە ئایا خەڵک ئامادەن پارە بۆ ئەو خزمەتگوزارییە بدەن؟
تێکەڵبوونت لەگەڵ بازاڕدا وا دەکات ڕۆژانە دەیان بیرۆکەی نوێت بۆ بێت، چونکە بیرۆکە لە ناو ماڵ و لەپشت ژوورەکەتەوە نایەت، بەڵکو لە ناو بازاڕ و لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکدا پەیدا دەبێت.
قسەی کۆتایی ئەوەیە
- دەستپێنەکردنی بزنس بەهۆی (نەبوونی بیرۆکە)وە زۆرجار تەنیا بەهانەیەکە بۆ ترسان لە شکست.
بەهێزترین بزنسەکان ئەوانەن کە لەسەر ( جێبەجێکردن) ڕاوەستاون نەک تەنها قسە. - نهێنی سەرکەوتن لەوەدا نییە کە بیرۆکەکەت چەند ناوازەیە، بەڵکو لەوەدایە کە چەندە بەپڕۆفێشناڵی و بەدڵسۆزی خزمەتگوزارییەکە دەگەیەنیتە دەستی کڕیارەکانت.
- لەمڕۆوە دەفتەرێک هەڵبگرە، کێشەکانی دەوروبەرت بنووسەرەوە و دەست بکە بە گەڕان بۆ چارەسەرەکانیان!