Trend لە بزنسدا دەرفەتێکی زێڕین یان خەرجییەکی بێسوود؟

Trend لە بزنسدا دەرفەتێکی زێڕین یان خەرجییەکی بێسوود؟

 

 

لە جیهانی خێرای ئەمڕۆی بازاڕگەری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕۆژانە ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە (ترێند) دەبینەوە؛ لە دەنگ و ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تا دەگاتە شێوازی نوێی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک. پرسیاری جەوهەری بۆ هەر خاوەنکارێک ئەوەیە: ئایا بەڕاستی ترێند کاریگەری لەسەر بزنسەکەم هەیە؟ وە ئایا پێویستە شوێن هەموو ترێندێک بکەوین؟

 

کەواتە ترێند چییە؟
بریتییە لە ئاڕاستە یان دیاردەیەکی باو کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا سەرنجی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت و بە بەربڵاوی دووبارە دەکرێتەوە یان باسی لێوە دەکرێت.

تێگەیشتنی ستراتیژی بۆ ترێندەکان، هێڵێکی زۆر باریک لە نێوان (بەرزکردنەوەی براند) و (لەدەستدانی بەهای براند) دروست دەکات.

لەم وتارەدا ٢ لایەنی گرنگی ترێند ڕووندەکەینەوە:

١.کاریگەریی واقعی ترێند لەسەر بزنسەکەمان:

ترێند وەک شەپۆلێکی دەریا وایە؛ ئەگەر بزانیت چۆن ڕامی بکەیت، بەخێرایی دەتباتە پێشەوە، بەڵام ئەگەر بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت، تووشی خەرجی و زیانت دەکات.

  • کەمکردنەوەی تێچووی مارکێتینگ: گەورەترین سوودی ترێند ئەوەیە کە ئەلگۆریزمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (تیکتۆک، ئینستاگرام) گرنگیی زۆریان پێدەدەن. بەکارهێنانی ترێندێک وادەکات بەبێ خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لە ڕیکلامدا، بگەیتە هەزاران کڕیاری نوێ.

 

  • دەرکەوتن وەک بزنسێکی زیندوو: بەکارهێنانی ئاقڵانەی ترێندەکان بە کڕیار نیشان دەدات کە بزنسەکەت نوێگەری تێدایە و ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی دەوروبەریەتی.

 

  • خەتەرەی لەدەستدانی پێگە: ئەگەر بزنسەکەت بەردەوام شوێن هەر ترێندێک بکەوێت بێ ئەوەی پەیوەندی بە بەرهەمەکەتەوە هەبێت، کڕیار سەری لێ تێکدەچێت و وەک بزنسێکی ناپرۆفێشناڵ سەیرت دەکات. لە بزنسدا تەنها هەنگاوی یەکەمە (ڕاکێشانی سەرنج)، بەڵام ئەگەر نەکرێتە فرۆش و بەها، تەنها ئامارێکی ڕووکەشە.

 

 

٢.کام ترێندانە پێویستە ئەنجام بیدرێن؟

سەرکەوتنی بزنس لەوەدا نییە بەشداری لە هەموو ترێندێکدا بکات، بەڵکو لە (فلتەرکردنی ترێندەکاندایە). پێش ئەوەی بەشداری لە هیچ ترێندێکدا بکەیت، پێویستە بەم ۳ فلتەرە ستراتیژییەدا تێپەڕێت:

١. ترێندێک کە لەگەڵ ناسنامەی براندەکەت دەگونجێت:

ئەگەر بزنسەکەت خزمەتگوزارییەکی گرانبەها و ڕێزدار پێشکەش دەکات (وەک کۆمپانیایەکی یاسایی، یان براندێکی کاتژمێری گرانبەها)، بەشداریپێکردنی لە ترێندێکی کۆمیدی یان سەمایەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، شکۆ و متمانەی براندەکەت لەناو دەبات. ترێندێک هەڵبژێرە کە لەگەڵ کەسایەتی براندەکەتدا بگونجێت.

 

٢. ترێندێک کە بۆ کڕیاری ئامانجت سەرنجڕاکێشە:

لە خۆت بپرسە: ئایا کڕیارە واقعیەکانی من بینەری ئەم جۆرە ترێندانەن؟
ئەگەر کڕیارەکانت بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان بن، بەکارهێنانی ترێندێک کە تەنها گەنجانی تەمەن ۱٥ ساڵ لێی تێدەگەن، هیچ فرۆشێک بۆ بزنسەکەت دروست ناکات و تەنها کات بەفیڕۆدانە.

 

٣. ترێندێک کە دەتوانیت پەیوەندیبکەیتەوە بە بەرهەم یان کێشەی کڕیارەکەتەوە:

سەرکەوتووترین ترێند ئەو کاتەیە کە بەکاریدەهێنیت بۆ ڕوونکردنەوەی کێشەیەک کە بەرهەمەکەت چارەسەری دەکات. ئەگەر ترێندێک تەنها بۆ پێکەنین یان ڵایک بێت و هیچ پەیوەندییەکی بە بەهای بەرهەمەکەتەوە نەبێت، تەنها ئاماری ڕووکەش (Vanity Metrics)ت پێدەبەخشێت نەک کڕیاری ڕاستەقینە.

 

دەرئەنجام

ترێند تەنها ئامرازێکە بۆ راکێشانی سەرنج (Attention)، بەڵام سەرنج بە تەنیایی نابێتە فرۆش. بەکارهێنانی ترێند کاتێک سودبەخشە کە دوای ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک، بتوانێت بیانهێنێتە ناو سووڕی فرۆشتنی کۆمپانیاکەت (Sales Funnel).

پێویستە هەمیشە ئەم هاوکێشەیە بەکاربهێنیت:

ترێندی گونجاو + بەهای بەرهەم + پەیوەندیدار بە کێشەی کڕیار= فرۆشی ڕاستەقینە

ئەگەر ترێندێک نەچێتە ناو ئەم هاوکێشەیەوە، باشتر وایە کات و وزەی تیمی مارکێتینگەکەت بۆ دروستکردنی ناوەڕۆکی بەهادار و خزمەتگوزاریی باشتر تەرخان بکەیت.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *