چۆن مەترسییەکانی بزنس کەمبکەینەوە؟
نەهێشتنی تەواوی مەترسییەکان لە بزنسدا ئەستەمە، چونکە بێ مەترسی هیچ قازانجێک بەدەست ناهێنرێت. بەڵام فرۆشیار و خاوەن بزنسە زیرەکەکان لە شوێنی نەهێشتن، کار لەسەر (بەڕێوەبردن و کەمکردنەوەی مەترسییەکان) دەکەن.
ئەگەر دەتەوێت مەترسییەکانی بزنسەکەت بگەیەنیتە نزمترین ئاست، ئەم ٥ هەنگاوە کردارەکییە جێبەجێ بکە:
١. هەمەجۆرکردنی بەرهەم و کڕیاران:
پشت بە یەک بەرهەم، یەک دابینکەر یان یەک جۆر کڕیار مەبەستەوە. ئەگەر تەواوی داهاتت لە یەک سەرچاوەوە بێت و ئەو سەرچاوەیە تووشی کێشە ببێت، بزنسەکەت دەکەوێتە مەترسییەوە. فرۆشتنی بەرهەمی جیاواز و ئامانجگرتنی چەند جۆرێکی جیاوازی کڕیاران، هێڵی پاراستنی بزنسەکەتە.
تێبینی گرنگ: کە دەڵێن هەمەجۆری لە کڕیار و بەرهەم، مەبەستمان لەوە نییە هەموو کەس کڕیاری تۆ بێت و هەموو کاڵایەکت لای دەستبکەوێت. بەڵکو مەبەستمان لەو کاڵا و کڕیارانەیە کە لە سنوری بزنسەکەی خۆتدان.
٢. بەڕێوەبردنی پارە:
یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان، نەمانی نەقدییە (کاش). بەردەوام بڕێک پارە وەک (سندوقی نەقدی فریاگوزاری) هەڵبگرە کە لانی کەم تێچووی ٣ بۆ ٦ مانگی بزنسەکەت دابین بکات. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە کاتی قەیرانی ئابووری یان سستبوونی بازاڕدا بەپێوە بمیەنیتەوە.
٣. تێگەیشتن لە بازاڕ و ڕەفتاری کڕیار:
زۆربەی بزنسەکان بەهۆی ئەوەوە شکست دەهێنن کە بەرهەمێک دروست دەکەن کڕیار پێویستی پێی نیە. پێش هێنانی هەر بەرهەمێک یان دەستپێکردنی خزمەتگوزارییەکی نوێ، بازاڕەکە بپشکنە و پرسیار لە کڕیاران بکە تا بزانیت بەڕاستی داواکاریی لەسەر هەیە یان نا.
بۆ نموونە: ئەگەر دەتەوێت بەرهەمێکت بۆ خاوەن پێداویستییەکی تایبەت هەبێت( کەمبیستێک)، دەبێت بزانیت:
- لە ناوچەکەت چەند کەس هەن کەمبیستن؟
- چەندیان ئەو بەرهەمەی تۆ گونجاوە بۆی؟
- چەند کەس توانای کڕینی ئەو بەرهەمەی تۆی هەیە؟
- چەند کەس ئامادەیە بیکڕێت؟
٤. گەرەنتی و دروستکردنی متمانە:
لە ڕووی فرۆشتنەوە، مەترسیی کڕیار کەمتەر بکەرەوە. کاتێک گەرەنتی گەڕاندنەوەی پارە یان گۆڕینی بەرهەم دەدەیت، مەترسیی بڕیاردان لەسەر شانی کڕیار هەڵدەگریت و دەیکەیتە سەر شانی خۆت. ئەمە متمانە دروست دەکات و فرۆشت زۆر زیاتر دەکات.
٥. خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا:
بازاڕ بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە (وەک تەکنەلۆجیا، ڕکابەرە نوێیەکان، یان یاساکان). هەتا بزنسەکەت نەرمتر بێت و خێراتر لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێت، مەترسیی دواکەوتن و لەناوچوونی کەمتر دەبێتەوە.
کەواتە!
مەترسی بەشێکە لە یاریی بزنس. کەمکردنەوەی مەترسی تەنها بە پلانڕێژی، بەڕێوەبردنی دارایی و تێگەیشتن لە حەز و کێشەکانی کڕیار دەکرێت.