چۆن خوێندنەوە کەسایەتیمان گەشە پێبدات؟

خوێندنەوە تەنها بۆ کۆکردنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو بۆ گۆڕینی کەسایەتی و فراوانکردنی بیرکردنەوەیە. لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئەگەر گەشەنەکەیت، دوادەکەویت. بەڵام چۆن گەشە بکەین؟

سەرەڕای ئەوەی ڕێگای زۆر هەن بۆ فێربوون، بەڵام هیچ ڕێگایەکیان ناتوانێت هێندەی خوێندنەوە قووڵ فێرمان بکات. بۆچی؟ چونکە لەیەک کاتدا چاو دەخوێنێتەوە، بە دەم وشەکان دەڵێینەوە و گوێشمان لێی دەبێت. ئەمەش وا دەکات فێربوونەکە قووڵتر بێت.

​خوێندنەوە وەک “ڕاهێنان مێشک” وایە؛ چۆن وەرزش جەستە بەهێز دەکات، خوێندنەوەش بیرکردنەوە و داهێنان بەهێز دەکات. گەشەکردنی ڕاستەقینە لەو ساتەوە دەست پێ دەکات کە کتێبێک دەمانباتە ناو جیهانی ئەزموونی کەسانی ترەوە.

زۆر کەس دەپرسن بۆچی بخوێنمەوە؟ دەمەوێت لەم نووسینەدا ٣ سوودی خوێندنەوەتان بۆ ڕوونبکەمەوە تا باشتر بخوێننەوە:

١. بیرکردنەوەی وردتر

​بیرکردنەوە وەک جەستە نییە، لە تەمەنێکدا بوەستێت لە گەشەکردن. بەڵکو وەک دەفرێکی سیحری وایە، کە هەتا زیاتر فێرببێت زیاتر گەشە دەکات و ئەگەریش لە فێربوون وەستاین بچووک دەبێتەوە. ئەوانەی فێرنابن، نەک هەر گەشە ناکەن، بەڵکو بۆ دواوەش دەچن و تەنانەت لە شوێنی خۆشیان نامێننەوە.

زۆرن ئەوانەی وا بیردەکەنەوە کە ئەگەر فێریش نەبن دوا ناکەون، بەڵام دەبێت پێت بڵێم: بەداخەوە، ژیان بێڕحەمە. یان دوادەکەویت یان پێش دەکەویت. کاتێک لە فێربوون وەستایت گلەیی لە کەس مەکە، دەبێت دواکەویت.

​ کاتێک کتێبێک دەخوێنیتەوە کە نووسەرەکەی ٣٠ ساڵ ئەزموونی کۆکردووەتەوە و کردوویەتی بەو کتێبە، تۆ لە چەند کاتژمێرێکدا ئەزموونی ئەو ٣٠ ساڵە وەردەگریت. ئەم ئەزموونەش هاوکاریت دەکات لەوەی وردتر بڕیار بدەیت لە ژیانتدا و بڕیارەکانت ژیرانە بن.

​٢. خووی سەرکەوتن

​ئەگەر بمانەوێت سەرکەوتوو بین، دەبێت ئەو کارە بکەین کە هەموو کەسە سەرکەوتووەکانی دوونیا دەیکەن. خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو سەرکەوتووەکانی دوونیاش فێربوونە و لە فێربوونی بەردەوامدان.

کاتێک سەیری ئەکاونتی بیڵگەیتس دەکەیت بە ڕوونی ئەوە دەبینیت سەرباقی هەموو سەرقاڵییەکانی، ڕۆژانە خەریکی خوێندنەوەیە و بەردەوام ئەو کتێبانە دادەنێت کە دەیانخوێنێتەوە.

وار بەفێتیش کە گەورەترین سەرمایەگوزاری دونیایە و سەرەوەتەکەی لە ٣٠٠ ملیار دۆلار زیاترە، هەمیشە دەڵێت: کتێبی (سەرمایەگوزاری ژیر- The Intelligent Investor) سەرەکیترین هۆکاری دروستکردنی ئەم سەروەتەی منە.

​٣.  بەهێزکردنی کەسایەتی

​کاتێک لەگەڵ کەسانێک گفتوگۆدا دەکەیت کە خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز، خاوەن ڕای تایبەتی خۆیانن؛ خوێنەرەکەن لە دەربڕیندا هەژار نین، بە ئاسانی ناکەونە ژێر کاریگەی قسەی باو.

خەڵکی حەز دەکەن گوێ لە کەسێک بگرن کە ئاڵۆزی لە مێشکیان لابەرێت، وە بابەتەکان سادەبکاتەوە.

ئەو کەسانەی خوێنەری بەردەوامن، زانیاریان زۆرە، لە کاتی قسە کردندا ڕێزێکی کۆمەڵایەتی بۆ دروست دەبێت کە ناچارت دەکات گوێی لێ بگریت، ئەو کەسەی زانیاری زۆرە قسە ناکات بۆ ئەوەی دەنگی ببیسترێت بەڵکو قسە دەکان چونکە شتێکی هەیە بۆ وتن.

خەڵک گوێی لە دەنگی بەرز ناگرن، بەڵکو گوێ لە مانای بەرز دەگرن.

خوێندنەوە تەنها بۆ کار و پارە نییە، بەڵکو بۆ ئارامی ڕۆحیشە، لە خوارەوە ٤ خاڵ باس دەکەین کە خوێدنەوە هاوکارت دەبێت تێیدا:

  • ​کەمکردنەوەی سترێس: لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە تەنها ٦ خولەک خوێندنەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ بە ڕێژەی %٦٨.
  • ​پەرەپێدانی هاوسۆزی (Empathy): کاتێک چیرۆک و ڕۆمان دەخوێنیتەوە، دەچیتە ناو پێستی کەسایەتییەکانەوە، ئەمەش وات لێ دەکات لە ژیانی واقیعدا مرۆڤێکی تێگەیشتووتر بیت بەرامبەر دەوروبەرەکەت.

​چۆن بەردەوام بین لەسەر خوێندنەوە؟

​زۆرکەس دەڵێن “دەست پێ دەکەین بەڵام تەواوی ناکەین”. بۆ ئەوەی خوێندنەوە ببێتە بەشێک لە ژیان، ئەم ٣ خاڵە ئەنجام بدە:

  • ​بە کەم دەست پێ بکە: ڕۆژانە تەنها ٥ بۆ ١٠ لاپەڕە بخوێنەرەوە، ئەگەر ڕۆژانە تەنها ٥ پەڕەش بخوێننەوە، ئەوا ساڵەکە دەکاتە ١٨٢٥ پەڕە، ئەمەش دەکاتە ٦ بۆ ٧ کتێب لە ساڵەکەدا. بیر بکەوە ئەگەر تۆ زیاتر لە ٥ پەڕە دەخوێنیتەوە ئەوا لە ساڵێکدا زیاتر لە ٧ کتێب زانیاری نوێ وەردەگریت.
  • ​ئەو بوارە بدۆزەرەوە کە حەزی پێدەکەیت : سەرەتا بەو بابەتانە دەست پێ بکە کە ئارەزووی دەکەیت (وەک وەرزش، مێژوو، یان چیرۆک).
  • ​بەردەوام کتێبت پێبێت: کتێبی کاغەز بێت یان ئەلیکترۆنی، با هەمیشە لەبەردەستت بێت، تا بتوانن لە کاتە بەتاڵەکاندا کتێب بخوێنیتەوە.

​ئەنجام:

خوێندنەوە باشترین وەبەرهێنانە کە مرۆڤ لە خۆیدا بیکات. ئەگەر دەتەوێت لەوانی تر جیاواز بیت و هەمیشە لە گەشەکردندا بیت، کتێب بکە بە یەکەم هاوڕێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *