چۆن خویەکی باش لە خۆماندا دروست بکەین؟

خوو کارێکە کە رۆژانە بە بەردەوامی دووبارەی دەکەینەوە، کارێکە بەبێ بیرکردنەوە ئەنجامی دەدەین. توێژینەوەکان دەڵێن: زۆرینەی کارەکانی ڕۆژانە کە ئەنجامی دەدەین، خوون، نەک بڕیارێک کە پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر هەبێت.

بۆچی خووەکان کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر ژیانمان؟

چونکە خووەکان بە ٣ قۆناغدا تێدەپەڕن:

١.  (Cue)    قۆناغی نیشاندەر: قۆناغێکە هانی ئەنجامدانی خووەیەک دەدات.

٢. (Routine) قۆناغی ئەنجامدان: ئەم بەشە بەرپرسە لە دووبارەکردنەوەی ئەم خووە.

٣. (Reward) بەشی دەستکەوت: ئەم بەشە بەرپرسە لەو دەستکەوتەی لە خووەکەوە دەستت دەکەوێت. {نموونە: هەست بە سترێسکردن، ڕەفتارێکە؛ دەستکەوتەکەش سێرکردنی مۆبایلە، کە کاتە بەفیڕۆدانە.}

زۆر کەس دەپرسن، باشە چۆن دەستبکەین بە دروستکردنی خووی باش؟ لێرەدا ٣ هەنگاو ڕوون دەکەینەوە بۆ دەستکردن بە دروستکردنی خووی باش:

هەنگاوی یەکەم: بۆ دیاری کردنی ئەو خووەی دەتەوێت دروستی بکەیت، پێویستە ئەم ٣ پرسیارە لە خۆت بکەیت:

١. چی بکەم بە خوو لە خۆمدا؟

٢. بۆچی گرنگە ئەم خووە لەمندا هەبێت؟

٣. چۆن ژیانم باشتر دەبێت ئەگەر ئەم خووە زیادبکەم؟

هەنگاوی ٢: بە بچوک دەست پێبکە:

زۆرینە دەیانەوێت کارێکی زۆر گەورە بکەن، وە هەرگیز ناتوانن بیکەن. ئەگەر دەتەوێت کارێکی گەورە بکەیت سەرەتە بە بچووکترین بەشی کارەکە دەست پێ بکە، وەک وتراوە فیلێکی گەورە، دەبێت پارچە پارچە بخۆیت.

هەنگاوی سێهەم: بەردەوامی:

بێگومان ئەگەر دەتەوێت کارێک لە خۆتدا بکەیت بە خوو، پێویستە ڕۆژانە دوبارەی بکەیتەوە، لیستێک بۆ ڕۆژەکان دروست بکە، و ڕۆژانە کاتێک کارەکەت دەکەیت نیشانەیەکی لێ بدە، بە تێپەڕبوونی کات بەردەوام دەبیت لە ئەنجامدانی کارەکە و نیشانە لە ڕۆژەکە دەدەیت، دەبێتە خوویەک و ڕۆژانە دووبارەی دەکەیتەوە.

چەند کاتمان پێویستە تا بتوانین کارێک بکەین بە خوو لە خۆماندا؟

لە ڕووی زانستییەوە کاتی پێویست بۆ دروست کردنی خوو، بۆ ٣ ئاست دابەش دەبێت:

١. ئەگەر خووەکە سادە بێت (وەک ڕۆژانە میوە زیاد بکەیت بۆ خواردنت): ئەوا پێویستت بە ١٨ بۆ ٣٠ ڕۆژ دەبێت، تا بیکەیتە خویەک و هەموو ڕۆژێک بەبێ ماندوو بوون دووبارەی بکەیتەوە.

٢. ئەگەر خوویەکە مامناوەند بێت(وەک ڕۆژانە چەند خولەکێک وەرزش بکەیت): ئەوا پێویستت بە ٦٠ بۆ ٩٠ ڕۆژ دەبێت.

٣. ئەگەر خووەکە ئاڵۆز بێت(وەک فێربوونی زمانێکی نوێ): ئەوا پیویستت بە ١٨٠ بۆ ٢٥٤ ڕۆژ دەبێت.

بیرت بێت گەورەترین گۆڕانکاری لە بچوکترین هەنگاوەوە دەستپێدەکات.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *