پارەیەکم پێیە چ بزنسێک دروست بکەم؟

ئایا تۆ کەسێکیت کە پارەی کۆکراوەت هەیە و دەتەوێت دەست بە بزنسی خۆت بکەیت بەڵام نازانیت چ بزنسێک بکەیت؟ بەشێکی زۆری کۆماڵگا پارەیان هەیە بەڵام نازانن پارەکەیان بخە چ بزنسێکەوە. ئەم دوودڵیە لە خۆیدا زیرەکییە، چونکە نایانەوێت کە بەبێ زانیاری و شارەزاییەک دەست بە دروستکردنی بزنسێک بکەن.

 

بەڵام بۆچی ئەم پرسیارە (چ بزنسێک هەڵببژێرم) ئەوەندە گرنگە؟

 

لەم مەقالەیەدا باس لە ٤ خاڵ دەکەین کە بۆچی پرسیاری چ بزنسێک بکەم پرسیاری زۆرینەی خەڵکییە؟ لەوانەیە پرسیارێک بێت لە مێشکی تۆشدا:

 

١. پارە پێویستە بەڵام هەموو شتێک نییە:

هەبوونی پارە هاوکارت دەبێت لەوەی بزنسەکەت زووتر گەشە بکات، بەڵام هەبوونی پارە بە تەنها بەس نییە بۆ دروستکردنی بزنسێکی سەرکەوتوو. زۆر کەس ڕایان وایە کە ئەگەر بە پارەیەکی باش دەست بە دروستکردنی بزنس بکەن، دەتوانن سەرکەتوو ببن و قازانجی گەورە بکەن. بەڵام ئەمە ڕاست نییە.

ئەگەر پڕ قازانجترین بزنسی دونیا بدەیتە کەسێکی ئیهمال شکست دەهێنێت. و ئەگەر بزنسێکی ئاسای بدەیتە دەست کەسێکی جدی و هەوڵدەر ئەوا سەرکەوتوو دەبێت.

 

٢. پرسیارە گرنگەکان پێش دەستکردن بە بزنس:

پێش ئەوەی بڕیار بدەیت کە دەتەوێت بزنسێک دروست بکەیت وەرە ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە:

✅ ئەو شتە چییە کە لە هەموو کەس باشتر ئەنجامی دەدەم؟

✅ ئایا دەتوانم بەم شتە کێشەی کەسانی دیکە چارەسەر بکەم؟

✅ ئەو بوارە چییە کە دەمەوێت تەواوی تەمەنم تێیدا بمێنمەوە؟

✅ ئایا ئەم شتە لە بازاڕدا کڕیاری هەیە؟

ئەگەر وەڵامی ئەمانەت لا نییە، باشتر وایە زیاتر لەگەڵ خۆت ڕوون ببیتەوە چونکە وەڵامی ئەم پرسیارانە لە هەبوونی پارەکە گرنگترن.

 

٣. باشترین بزنس ئەو بزنسەیە کە خاوەنەکەی تەرکیزی لەسەر گەورەکردنی بزنسەکەیەتی نەک وەرگرتنی قازانجی بەرز لە سەرەتاکاندا:

 

زۆرینەی ئەو کەسانەی بزنس دروستدەکەن یاخود ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە داهاتوودا بزنس دروستبکەن، ئەو بیرکردنەوەیان هەیە: وادەزانن بزنس دروست بکەن قازانجی بەرز دەکەن و هەرزوو بڕێکی بەرزی پارە وەردەگرن. بەڵام ئەم بیرکردنەوەیە هۆکارە بۆ ئەوەی ٪٩٠ بزنسەکانی دروستدەکرێن شکست دەهێنن.

 

چەندین بزنس هەن، کە خاوەنبزنسەکان بە بڕێک پارەی زۆر و بە کەل و پەلی باش و پلانی زۆر باشەوە داغڵی ناو بزنسەکەیان دەبن. بەڵام ناتوانن بۆ ماوەی ساڵێک بمێننەوە و شکست دەهێنن.

بۆچی؟ چونکە پێشبینی بۆ بزنسەکەی زۆر بەرز بووە و پێی وابووە کە لە شەو و ڕۆژێکدا دەوڵەمەند دەبێت، هەر بۆیە زوو وازی لە هەوڵدان هێنا و پێی وابوو دەبوو زۆر زوتر بگەشتایەتە ئامانج و دەوڵەمەند بوایە.

 

٤. هەڵبژاردنی بزنس:

 

کاتێک کە بڕیار دەدەیت دەست بە دروستکردنی بزنس بکەیت، یەکەم شت کە پێویست دەکات هەمانبێت بواری بزنسەکەمانە. ٣ پرسیار لە خۆت بکە و بیر بکەوە تا وەڵامێکی گونجاو دەدۆزیتەوە و چیتر پرسیار لە کەسانی دیکە مەکە کە پێت بڵێن چ بزنسێک بکەیت:

یەکەم: لیستێک دروست بکە لە تەواوی ئەو شتانەی حەزت بۆیان هەیە و توانات تێیدا هەیە.

دووەم: لیستێکی دیکه دابنێ و ئەو کێشانەی تێدا بنووسە کە خەڵکی هەیە.

سێیەم: لەو لیستەی سەرەتا نووسیت، یەک بوار هەڵببژێرە کە زۆر خوازیاریت، زۆر حەز و توانات بۆ بوارەکە هەیە. دواتر لێکدانەوەی بکە لەگەڵ پێداویستی بازاڕ، هەوڵبدە بزانیت کە ئایا ئەم بوارەی تۆ چ کێشەیەکی کڕیار چارەسەر دەکات.

 

ئەو کاتەی تەواوی ئەم خاڵانەت جێ بە جێ کرد، دەتوانیت سودێکی باشیش لە هەبوونی پارە ببینیت لەناو بزنسدا.

کۆتای:

پارە تاکە پێداویستی دروست کردنی بزنس نییە هەر بۆیە کاتێک کەسێک دەپرسێت بڕێک پارەم پێیە چ بزنسێک دەست پێ بکەم؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە پرسیارەکە لە ڕاستیدا هەڵەیە پێویستە پێش بیرکردنەوە لە پارە بیر لە بوار و بەردەوامی خۆمان لە بزنسەکەدا بکەینەوە. پارە تەنها دەرگاکەت بۆ دەکاتەوە، بەڵام کاتێک تۆ ڕێگەیەکی دیاریکراوت نەبێت کە پەیڕەوی بکەیت، بۆ هەر کوێ بچیت بێ ئامانجە و ون دەبیت.

 

ئەگەر نازانیت لە کوێوە دەست پێ بکەیت تا بوارێک هەڵببژێریت، ئەوا ئێمە پێشنیاری خولی هەڵبژاردن و گەشەپێدانی پێشەتان بۆ دەکەین.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *