٣ ڕێگەکەی  فێربوونی فرۆش کامەیە؟

٣ ڕێگەکەی  فێربوونی فرۆش کامەیە؟

 

لەم ڕۆژگارەدا فرۆشتن چیتر تەنها (بەهرەیەک) نییە کە بەبێ فێربوون لەگەڵ مرۆڤدا لەدایک ببێت، بەڵکو (شارەزاییە) کە هەموو کەسێک دەتوانێت بە ڕێگەی جیاواز فێری بێت بەومەرجەی حەزی بە فێربوونی بێت.

مەبەستمان لە بەهرە و شارەزایی ئەوەیە کە جاران دەیان وت؛ فڵان کەس بەهرەیەکە و خودا پێداوە دەتوانێت هەموو شتێک بە هەموو کەسێک بفرۆشێت. بەڵام لەم ڕۆژگارەدا بە هۆی بوونی ڕێگەی باش بۆ فێربوون لە بەهرەوە گۆڕاوە بۆ شارەزایی و شارەزاییش دەکرێت هەرکەسێک فێریی ببێت کە خوازیاری فێربوونیەتی.

چی خاوەن کارێکی بەئەزموون بێت یان گەنجێک کە تازە دەیەوێت بێتە ناو بازاڕەوە، فێربوونی فرۆش دەرگای سەرکەوتنی بۆ دەکاتەوە.

 

بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە:چۆن و لە کوێوە دەست پێ بڕکەم؟

 

فرۆشیارە سەرکەوتووەکان بەپێی ئەزموون و شێوازی فێربوونیان دابەش دەبن بەسەر ۳ ڕێگەی سەرەکیدا:

 

۱. فێربوونی فرۆش لە ڕێگەی تیوەری (کتێب، خول و دەورەی ڕاهێنان):

ئەم ڕێگەیە تایبەتە بەو کەسانەی حەز دەکەن سەرەتا بنەما زانستی و دەروونییەکانی فرۆشتن و تێگەیشتن لە ڕەفتاری کڕیار تێبگەن.

ئەم ڕێگەیە چۆنە؟

خویندنەوەی کتێبە بەناوبانگەکانی جیهان لەسەر فرۆشتن، یان بەشداریکردن لە خولە ڕاستەوخۆکان و دەورە ئۆنلاینەکاندا.

باشییەکانی ئەوەیە: زانیارییەکی ڕێکخراوت پێدەبەخشێت، فێری تێگەیشتن لە دەروونناسیی کڕیار دەبیت، و ڕێگەت پێدەدات خێراتر بنەماکانی بازاڕگەری (Marketing) تێبگەیت.

لایەنی خراپی ئەوەیە: ئەگەر ئەم زانیارییانە لەسەر زەمینەی واقیعی جێبەجێ نەکرێن، تەنها وەک زانیاری لە مێشکتدا دەمێننەوە و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کڕیاری ڕاستەقینەدا تووشی قەلەقی و پەرتەوازەی دەبیت.

 

 

۲. فێربوونی فرۆش بە مەیدانی (تاقیکردنەوە و ئەزموونی ڕاستەوخۆی بازاڕ):

ئەمە ڕێگە کۆن و تەقلیدییەکەی بازاڕی خۆمانە؛ فێربوون لە ڕێگەی کارکردنی ڕۆژانە و ململانێکردن لەگەڵ ڕاستییەکانی بازاڕدا.

ئەم ڕێگەیە چۆنە؟

کەسێک بەبێ ئەوەی هیچ کتێبێکی خوێندبێتەوە، دەچێتە ناو کارێکەوە، پێداگری دەکات، هەڵە دەکات، کڕیاری لێ زوێر دەبێت، و هێدی هێدی لە ئەزموونی ڕۆژانەی خۆیی و کاسبکارانی دەوروبەرییەوە فێری فرۆشتن دەبێت.

باشییەکانی ئەوەیە: متمانەبەخۆبوونێکی زۆر بەهێزت پێدەبەخشێت، لە ترس و شەرمکردن بەدوورت دەخاتەوە، و بە کرداری فێری هەڵسوکەوت لەگەڵ جۆرەها ناخی جیاوازی کڕیاری کورد دەبیت.

خراپی ئەوەیە: کاتێکی زۆری دەوێت، و پێویستی بە باجێکی زۆر هەیە (لەدەستدانی هەندێک کڕیار یان زیانی دارایی تاوەکو لە هەڵەکانت فێر دەبیت).

 

 

٣. ڕێگە زێڕینەکە: تێکەڵکردنی زانست و ئەزموون (کتێب + پۆدکاست + دەورە + جێبەجێکردن لە بازاڕدا):

ئەمە کاریگەرترین و خێراترین ڕێگەیە کە زیرەکترین فرۆشیارەکانی سەردەم بەکاری دەهێنن.

ئەم ڕێگەیە چۆنە؟

تۆ لە ڕێگەی گوێگرتن لە پۆدکاست لە کاتی شۆفێریدا، خوێندنەوەی کتێب یان بینیی دەورەیەک، بیرۆکە و تەکنیکی نوێ فێر دەبیت، و (دەستبەجێ هەمان ڕۆژ لە بازاڕدا لەسەر کڕیارەکانت تاقی دەکەیتەوە).

 

بۆچی ئاوا سەرکەوتووە ئەم ڕێگەیە؟

  • زانیارییەک کە لە پۆدکاستێک یان کتێبێک وەردەگریت، ڕاستەوخۆ لە بازاڕدا کاریگەرییەکەی دەبینیت.
  • ئەگەر لە بازاڕدا تووشی کێشەیەک بوویت (مەسلەن کڕیار گوتی نرخەکەت گرانە)، دەچیت لە دەورەیەک یان کتێبێکدا بە دوای چارەسەرەکەیدا دەگەڕێیت.
  • بەشداریکردن لە دەورە و خوێندنەوەی کتێب و گوێگرتن لە پۆدکاست؛ واتە فێربوونی شتانێک بە ئاسانی کە ساڵانێکی زۆری ویستووە تا خاوەنەکەی فێرببێت.

بۆ نموونە: لە پۆدکاستێکدا کەسێک تەکنیکێک باس دەکات و تۆش ڕاستەوخۆ بۆ ڕۆژی داهاتوو لە دوکانەکەی خۆت جێبەجێ دەکەیت. بەڵام ئەم کەسە ڕەنگە ساڵانێکی زۆری ویستبێت بۆ فێربوونی ئەم تەکنیکە کە بە چەند خولەکیک بە تۆی دەڵێت.

 

کەواتە کام ڕێگەیەیان هەڵبژێرم؟

هیچ ڕێگەیەک بە تەواوی هەڵە نییە، بەڵام ئەگەر دەتەوێت لە بازاڕی پر لە ڕکابەریی ئەمڕۆدا جیاواز بیت؛ و فرۆشت زیاد بکات، (تێکەڵکردنی زانیاری و کردار (ڕێگەی سێیەم) باشترین بژاردەیە.

بڕیار بدە لەمڕۆوە ڕا‌هێنان بە مێشکت بکەیت و لە هەمان کاتدا لەسەر زەمینی واقیعی بازاڕدا جێبەجێی بکەیت.

ئەم ڕێگەیە کاری قورسامان بۆ ئاسان دەکات و ڕێگەی دوورمان بۆ نزیک دەکاتەوە.

 

 

ئەنجام

ئەم ڕێگەیە کاتت بۆ دەگەڕێنێتەوە، هەڵەکانت کەم دەکاتەوە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەتکاتە فرۆشیارێکی پیشەگەر.

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *