٣ لە باشترین کاتەکان بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی لە بازاڕی کوردستاندا

٣ لە باشترین کاتەکان بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی لە بازاڕی کوردستاندا

لە جیهانی بزنس و فرۆشتندا، تەلەفۆنکردن یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکان بۆ ڕاکێشانی کڕیار. بەڵام ئایا کات تا چەند گرنگە؟

زۆر کات ڕەنگە باشترین بەرهەم یان خزمەتگوزاریت پێبێت، بەڵام چونکە لە کاتێکی نەگونجاودا تەلەفۆن بۆ کڕیارەکە دەکەیت، وەڵامت ناداتەوە یان بە بێزارییەوە ڕەتت دەکاتەوە.

لە بازاڕی کوردستاندا، بەهۆی جیاوازی شێوازی ژیان و دەوامی فەرمی، دیاریکردنی کاتی گونجاو کلیلی سەرکەوتنی هەر پەیوەندییەکی فرۆشە.

لێرەدا ٣ لە باشترین کاتەکانت پێ دەڵێین کە تێیدا ڕێژەی وەڵامدانەوە بەرزترینە:

١.کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١١:٣٠ی پێشنیوەڕۆ (کاتی زێڕینی بەیانیان):

ئەمە ئەو کاتەیە کە خەڵک بە تەواوی خەبەریان بووەتەوە، قاوە یان چای بەیانیانیان خواردووەتەوە و کاروبارەکانی ڕۆژەکەیان ڕێکخستووە.

 بۆچی ئەم کاتە باشە؟

لەم کاتەدا مێشکی مرۆڤ لە بەرزترین ئاستی وزەدایە. ئەگەر کڕیارەکەت فەرمانبەر بێت، کاروباری سەرەتایی دەوامی ڕاپەڕاندووە؛ ئەگەر کاسبکار یان ماڵەوەش بێت، لەم کاتەدا ئامادەییی زیاتری هەیە بۆ گوێگرتن.

٢. کاتژمێر ٤:٠٠ بۆ ٦:٠٠ی ئێوارە (کاتی حەوانەوە و گەڕانەوە):

خاڵێکی وەرچەرخان لە ڕۆژدا لەم کاتەدایە. دەوامی فەرمانگەکان تەواو بووە، قەرەباڵغی نیوەڕۆ کەم بووەتەوە و خەڵک بەرەو ماڵەوە دەگەڕێنەوە یان پشوو دەدەن.

  بۆچی ئەم کاتە باشە؟

لەم کاتەدا مرۆڤەکان کەمێک لە فشاری کار دوور دەکەونەوە. مێشکیان ئارامترە و کاتێکی باشە بۆ ئەوەی پێشنیارێکی سەرنجڕاکێشیان پێشکەش بکەیت، چونکە پەلەیان نییە و دەتوانن چەند خولەکێک تەرخان بکەن بۆ قسەکردن.

تێبینی گرنگ:

هەڵبەتە دەکەوێتە سەر وەرزەکان، واتە لە وەرزی هاوین کە ڕۆژ درێژترە لە شەو وە تا کاتژمێر ٧:٣٠ی ئێوارە، هێشتا خەڵکی لە دەرەوەن ئەم کاتە گونجاوە واتە کاتی ٤ بۆ ٦ی پاشنیوەڕۆ. بەڵام لە زستاندا کە شەوگار درێژترە باشترە لە کاتژمێر ٢ بۆ ٤ی پاشنیوەڕۆبێت.

٣. کاتژمێر ٨:٠٠ بۆ ٩:٣٠ی شەو (کاتی ئارامی و بڕیاردان):

ئەم کاتە زیاتر بۆ ئەو بزنسانە دەستدەدات کە ڕاستەوخۆ بەرهەم بە هاووڵاتیان دەفرۆشن . دوای نانخواردنی شێو و کۆبوونەوەی خێزانی، خەڵک کاتی بەتاڵیان هەیە.

 بۆچی ئەم کاتە باشە؟

 زۆربەی کڕیارەکان لەم کاتەدا لە سۆشیاڵ میدیا گەڕاون و ڕەنگە پێویستیان بە بەرهەمەکەت بێت. بەڵام پێویستە لەم کاتەدا زۆر بە ئەدەب و کورتی قسە بکەیت و ڕێز لە کاتی تایبەتی خێزانەکەیان بگریت.

تێبینی:

 پێمان باشترە ئەو کڕیارانەی یەکەم جارە قسەیان لەگەڵ دەکەن، بە شەو تا دەکرێت پەیوەندییان پێوە نەکرێت. یاخوود تەنها پەیوەندی بەو کەسانەوە بکرێت کە خۆیان دەڵێن شەو پەیوەندی بکەن یان کڕیاری خۆتە.

کورتەیەک بۆ سەرکەوتنی تۆ:

بیرت نەچێت، تەنیا کاتەکە بەس نییە! کاتێک پەیوەندی دەکەیت:

  •  بە زەردەخەنە و وزەیەکی پۆزەتیڤەوە قسە بکە (چونکە دەنگت ڕەنگدانەوەی وزەتە).
  •  ڕێز لە کاتی کڕیار بگرە و ڕاستەوخۆ بچۆ سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە.
  •   ئەگەر کڕیارەکە وتی ئێستا کاتم نییە، بە ڕێزەوە بڵێ: تەواوە، کەی پەیوەندیت پێوە بکەمەوە بۆت گونجاوە؟.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *