١٣ ڕێگا بۆ چوونە ناو دڵی کڕیار

5
(2)

 

کۆمەڵە ڕێگایەکی کاریگەر هەن کە وادەکەن بە ئاسانی وابکەین کڕیارەکانمان ئێمەیان خۆشبوێت و ببنە کڕیاری هەمیشەیی ئێمە، ئەمڕۆ ١٣ خاڵی کاریگەرتان بۆ دەخەینەڕوو لەو بارەیەوە، دڵنیابە لەوەی هەموو خاڵەکان بە وردی بخوێنیتەوە و جێبەجێیان بکەیت.

١. سڵاو و گەرم و گوڕی وەڵام بدەرەوە

تا ئێستا سەردانی فرۆشگایەکت کردووە کە فرۆشیارەکە نەک هەر سڵاوت لێ نەکات، بەڵکو وەڵامی سڵاوەکەت نەداتەوە؟ لە کۆمەڵگای کوردیدا بەگشتی (سڵاو) یەکەم وشەیە لە سەرەتای هەموو پەیوەندییەکدا. هەروەها لە ئاینی ئیسلامیشدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە وەڵامدانەوەی (سەلام) واجبە. بۆیە تا دەتوانیت یەکەم کەس بیت کە سڵاو بکەیت و وەڵامی سڵاوەکە بدەیتەوە بە ڕووخساری پڕ لە زەردەخەنە و وتنی وشەی وەک “بەخێربێیت” و “من لە خزمەتتدام”.

٢- تۆ مەبەستت یارمەتیدانە، تەنانەت ئەگەر کڕیاری ناڕازیش بێت

بەداخەوە زۆرێک لە فرۆشیاران، هەر کە زانیان کە کڕیارەکە لێیان ناکڕێت، زۆر بە ساردی وەڵامی پرسیارەکانی دەدەنەوە و ئامادەنین یارمەتی کڕیارەکە بدەن. هەندێک کەس لەوە زیاتر دەڕۆن و هەندێک قسەی زۆر هەڵە دەکەن، وەک “فڵان شتمان نییە، “مەپرسن”، “نازانم”. ئەگەر ئەم فرۆشیارانە بزانن چەند بە ئاسانی دەتوانن ئەم کڕیارە بکەنە کڕیاری هەمیشەیی خۆیان، هەرگیز ڕەفتارێکی وا هەڵەیان نیشان نەدەدا. ئەوە خۆلەناوبردنە و هەرگیز نابێت بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ کڕیارەکانت بکەیت! تەنانەت ئەگەر داوای ناونیشانی ڕکابەرەکانتی لێکردیت، بە دڵ و گیان و بەوپەڕی ڕێزەوە ڕێنمایییان بکە.

٣. ڕاوێژکاری کڕیارەکەت بە

ئەگەر توانیت وەک ڕاوێژکارێک ڕێنمایی کڕیارەکەت بکەیت بۆ کڕینێکی دروست و گونجاو، ئەوا پیرۆزە، چونکە بەم شێوەیە دەتوانیت کڕیارێکی هەمیشەیی بۆ بزنسەکەت زیاد بکەیت، ئەگەر کڕیار هەست بکات کە تۆ بەرژەوەندییەکانی کڕیارەکە لەبەرچاو دەگریت پێش قازانجی خۆت، ئەوا متمانەت پێدەکات، متمانەش یەکێکە لە بنچینە هەرە گرنگەکانی پرۆسەی فرۆشتن. بۆیە پێویستە تا دەتوانیت خۆت بۆ پرسیارەکانی کڕیار ئامادە بکەیت و بە ئاگایانەوە وەڵامی پرسیارەکانی بدەیتەوە و شتێک نەڵێیت کە گومان لای کڕیار دروست بکات.

٤. کارەکتەر و ناسنامەی فرۆشیار

کڕیارەکان زۆر حەزیان بە فرۆشیاری گرنگیپێدەر و خاوەن کەسایەتی و نەرم و نیان و قسەخۆشە، بە پێچەوانەوە گەر تەنها بە شێوەیەکی ساردوسڕ وەڵامی یەکێک پرسیارەکانی کڕیارەکە بدەیتەوە، کارەکتەری تۆ لە مێشکی کڕیاردا دەگۆڕێت و دەکرێت بە جۆرێکی تر بیر لە تۆ و بزنسەکەت بکەنەوە، بۆیە ئەگەر ناچار نەبن نایەن بۆ لات و لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بەشێکی فرۆشەکەت لەدەست بدەیت. بۆیە کار لەسەر بەڕێوەبردنی هەستەکانت بکە.

٥. گرنگی بە ڕوخسار و پاکوخاوێنی خۆت بدە

جلوبەرگ لایەنێکی گرنگی ڕاکێشانی کڕیارە! ئایا ئەوەی لەبەری دەکەیت لەگەڵ ئەو کەسایەتییەدا دەگونجێت کە دەتەوێت لە خەیاڵی کڕیارەکەدا دروستی بکەیت؟ ئایا گرنگی بە بۆنی خۆش دەدەیت؟ گرنگی بە قژت دەدەیت؟ هەر بەڕاست گرنگی بە زیپکەکانی دەموچاوت دەدەیت؟ ئەمانە و چەندانی تر چەکێکی بەهێزن تا وابکەیت ئاسودەیی لای کڕیار دروست بکەیت، بزانە! یەکەم شت کە پێشکەشی کڕیارەکەی دەکەیت، خودی خۆتیت. لەبەرکردنی جل و بەرگی خاوێن و ڕێکوپێک، وێنەیەکی ئەرێنی لەسەرت بەجێدەهێڵێت. بۆیە زیاتر گرنگی بە دەرکەوتنت بدە.

٦- زیاتر لە وشەیەک بەکاربهێنە بۆ وەڵامدانەوە

زۆرجار چوومەتە دوکانێک و پرسیارم لە فرۆشیارەکە کردووە (ئایا فڵانە کاڵات هەیە؟) فرۆشیارەکە تەنها وشەی “نا”ی بەکارهێناوە لە وەڵامدا، بەبێ ئەوەی هیچ گرنگیم پێبدات؛ ئەگەر کەمێک بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکردمایە و لانیکەم بیگوتبایە “نەخێر ببورە نیمانە”، ئەوە وایدەکرد مەجالێک بۆ خۆی بکاتەوە تا پێشنیاری بەرهەمێکی ترم بۆ بکات و بڵێت “بەڵام فڵان کاڵامان هەیە، پێت خۆشە نیشانتی بدەم؟”. ڕەنگە ئەوە وای لێبکردمایە کڕینێک بکەم. بۆیە، بە سەبرەوە و بە ڕێزەوە وەڵامی پرسیارەکانی کڕیارەکە بدەرەوە.

٧- بە ڕوویەکی کراوە مامەڵە لەگەڵ کڕیارەکە بکە

زەردەخەنە و پێکەنین بە ڕووی کڕیارەکەت هەستێکی باشتر لای کڕیارەکەت دروست دەکات. کاتێک کڕیار هەست بە باشی دەکات، پرۆسەی فرۆشتن ئاسانتر دەبێت. بۆیە زۆرجار لە ئاوێنەدا سەیری دەموچاوت بکە. هەوڵ بدە ڕابێیت بە زەردەخەنەکردنی بەردەوام.

٨- لەگەڵ کڕیاردا موناقەشە مەکە

بەداخەوە هەندێک جار فرۆشیارەکان دەچنە ناو گفتوگۆیەکی هەڵەوە لەگەڵ کڕیار بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانیان. خراپترین شت کە کڕیارەکان دەیکەن ئەوەیە بە کڕیارێک بڵێن “تۆ هەڵەیت”. نەک کڕیار، بەڵکو هیچکەس هەست بە خۆشی ناکات بە بیستنی ئەم ڕستەیە. ئاگاداربە تۆ هەرگیز ئەم هەڵەیە ئەنجام نەدەیت!

٩. قسەکانت با کورت و پوخت بن

هەوڵبدە تا دەتوانیت ڕوون بیت لە قسەکردن لەگەڵ کڕیاردا. نەبوونی ئاڵۆزی و گومان لە قسەکردندا یارمەتیت دەدات لە نزیکبوونەوە لە کڕیارەکەت. بەکارهێنانی وشەی گونجاو لەگەڵ ئاستی قسەکردنی کڕیار و بەکارهێنانی نموونەی سادە و گونجاو، یارمەتیت دەدات ڕێنمایی کڕیار بکەیت بۆ تا بکڕێت.

١٠- کە کڕیارەکەت کەسێکی گرنگە

ئەمە وەک باوەڕێک لە مێشکتدا هەبێت کە کڕیارەکەت کەسێکی گرنگە. قەناعەت بە خۆت بهێنە کە ئەم کڕیارە سەرۆکی وڵاتەکەتە. تەنها بیر لەمڕۆ مەکەرەوە، ڕەنگە ڕۆژێک کڕیارەکە بەهۆی ڕەوشت کەسایەتیتەوە ببێتە کڕیاری هەمیشەییت. بۆیە شتێک بکە کڕیارەکە هەست بە باشتربوون بکات لەگەڵت. هەر ئەمەش وا دەکات زیاتر حەز بکات لەگەڵت بێت و لە تۆ کڕینەکانی بکات.

١١. ناوی کڕیار بەکاربهێنە

تا دەتوانیت ناوی کڕیارەکانت بزانە و لە کاتی گفتوگۆدا بەکاریبهێنە. لە زۆربەی بزنسەکاندا دەرفەتت هەیە ناوی کڕیارەکە بپرسیت. بەکارهێنانی ناوی کڕیارەکە، هەستێکی خۆشتری بۆ دروست دەکات و هەست بە گرنگیپێدان دەکات، گرنگیپێدانیش یەکێکە لە هۆکارەکانی کڕین.

١٢- سەیری چاوی کڕیار بکە

زۆرجار سەیرنەکردنی کڕیار بە بێڕێزی دادەنرێت؛ زۆر گرنگە کە سەیری ڕوخساری کڕیارەکە بکەیت و دەشکرێت لەکاتی گوێگرتن لە کڕیارەکەت، سەر بلەقێنیت، بە مانای ئەوەی: ڕاست دەکەیت، هەروەها بەکارهێنانی دەستەواژەی: ئهمم، ئۆوو، جوانە، ئەمانە دەستەواژەگەلێکن کە دەکریت کاریگەر بێت لە کاتی قسەکردن و گوێگرتن لە کڕیارەکە، بەڵام ئاگاداربە زیادەڕەوی تێدا نەکەیت.

١٣. خواحافیزتان بێت

ماڵئاواییکردن هێندەی سڵاو گرنگە. کڕیارەکەت کڕینی کردبێت یان نا، باشترە تۆ بەڕێزەوە بەڕێی بکەیت. بە ڕووخسارێکی کراوە و بە زەردەخەنەوە ماڵئاوایی لە کڕیارەکە بکە. بەم کارە ئەگەری گەڕانەوەی کڕیارەکە زیاد دەکەیت. کەس هەستێکی باشی نییە بەرامبەر بە فرۆشیارێک کە تەنها گرنگی بە فرۆشتن بدات، بۆیە وایان لێبکە لە کۆتا هەنگاوی کڕینەکەدا هەست بە باشی بکەن، نەک وەک هەندێک فرۆشیار کە تەنانەت ماڵئاوایی لە کڕیارەکەش ناکەن ئەگەر لێیان نەکڕن.

داواکردنی کتێبەکان


تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 5 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 2

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *