نامەکانی پەیجەکەت فرۆشی بزنسەکەتە

نامەکانی پەیجەکەت فرۆشی بزنسەکەتە

 

وەڵامدانەوەی نامە لە پەیجەکەتدا تەنها وەڵامدانەوەی پرسیارێک نییە، بەڵکو یەکەم بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی کڕیارە لەگەڵ براندەکەتدا.
زۆرێک لە خاوەن بزنسەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە ڕۆژانە دەیان نامەیان بۆ دێت و پرسیاری نرخ دەکەن، بەڵام هەر کە نرخەکەیان پێ دەوترێت، وەڵام نادەنەوە و وندەبن.

کاتێک بە وردی سەیری شێوازی وەڵامدانەوەی ئەم بزنسانە دەکەیت، دەبینیت وەڵامەکانیان زۆر ساڕوسارد و وشکە وەک ئەوەی ڕۆبۆتێک وەڵامی دابێتەوە.

پەیوەندییە مرۆییەکان و ڕێزگرتن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. کڕیار کاتێک نامە دەنێرێت، دەیەوێت هەست بە گرنگیپێدان بکات، نەک کەسێک کە تەنها ژمارەیەکی پێ بڵێت.

 

ئاساییە کاتێک چەندین جار وەڵامی کڕیاری سارد دەدەیتەوە ماندوو ببیت، بەڵام وەک بەڕێوەبەری بزنسێک، پێویستە کۆنتڕۆڵی گفتوگۆکە لەدەست نەدەیت. ئەم هەنگاوانەی خوارەوە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی نامەکانت بگۆڕیت بۆ فرۆش:

 

١.شێوازی سڵاوکردن و گەرموگوڕی: لە جیاتی ئاماژەدان بە تەنها ژمارەی نرخ، بە سڵاوێکی گەرم و بەکارهێنانی ناوی کڕیارەکە (ئەگەر دیار بوو) دەست پێبکە.

بۆ نموونە: (سڵاو کاک دیار گیان، هیوادەخوازم زۆر باشبن)، ئەمە بەربەستی ساردی نێوانتان دەشکێنێت.

٢.ڕوون کردنەوەی بەها پێش نرخ: ڕاستەوخۆ ژمارەکە مەنووسە. بە کورتیی ئاماژە بە تایبەتمەندی و بەهای بەرهەمەکە یان خزمەتگوزارییەکە بکە، پاشان نرخەکەی پێ بڵێ. کاتێک کڕیار بەهای بەرهەمەکە تێبگات، نرخەکەی لەلا ئاساییتر دەبێتەوە.

٣.پرسیارکردن و دڵنیابوونەوە: کاتێک کەسێک داوای نرخ دەکات، سەرەتا دڵنیا ببەوە کە چ کاڵایەکت دەڵێن، ئەگەر چەند بەرهەم و کاڵای جیاوازت هەیە.
ئەگەر دڵنیایت کە چ بەرهەم و کاڵایەکت دەڵێت، وە ئەو کاڵا و بەرهەمەت ( قیاس، تەمەن، کێش، بەرزی، لۆگۆ) یان هەر شتێکی تری تایبەتی هەیە، ئەوە سەرەتا داوای زانیاری زیاتر بکە.

ڕوونکردنەوەی زیاتر:

بۆ نموونە؛ بزنسێکی ئۆنڵاینت هەیە و تیشێرت دەفرۆشیت کە خۆت لۆگۆی لەسەر دەنەخشێنیت، کاتێک کەسێک دەڵیت:

سڵاو برام نرخی تیشێرتەکە چەندە دانەیەکم دەوێت؟
بەم جۆرە وەڵام بدەوە:
سڵاوتان لێبێت کاک محمد گیان، هیوادارم زۆر باشبن.
چ لۆگۆیەکیان دەفەرموون برا گیان با زیاتر هاوکارتانبم؟

 

٢ تێبینی گرنگ

یەکەم: ئەگەر دەزانیت توانای قسەکردنت باشە، زیاتر بە نامەی دەنگی(ڤۆیس) قسە بکە.
دووەم: لە کاتی بەکارهێنانی ناوی کڕیار ئاگاداری ڕەگەزی بەرامبەربە.

 

٤.کراوە هێشتنەوەی گفتوگۆکە: چاتەکە بە پێدانی نرخ کۆتایی پێ مەهێنە. هەمیشە بە پرسیارێک کۆتایی پێ بهێنە کە کڕیار هان بدات وەڵام بداتەوە.

بۆ نموونە:

  • ئایا ئەم ڕەنگەت بەدڵە؟
  • دەتەوێت زانیاری زیاترت لەسەر قەبارەکان پێ بڵێم؟

 

٥.کۆنتڕۆڵکردنی ئارامی و کات: تەنانەت ئەگەر کڕیارەکە کورت و ساردیش وەڵامی دایەوە، پیشەییبوونی خۆت بپارێزە. کڕیار هەست بە تۆنی دەنگیان نووسینەکەت دەکات؛ کاتێک بە ڕێز و گەرمووگوڕییەوە وەڵام دەدەیتەوە، ئەگەری کڕین زۆرتر دەبێت.

پەیجەکەت وەک دوکانێکی فیزیکی وایە و بەشی نامەکانیش دەرگای چوونەژوورەوەی کڕیارە.

ئەگەر بەڕوویەکی خۆش و زانیاری دروستەوە پێشوازی لە میوانەکانت بکەیت، نەک تەنها فرۆشت زیاد دەکات، بەڵکو کڕیاری وەفاداریش بۆ ماوەی درێژ دروست دەکەیت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *