لە زۆربەی بزنسەکاندا خاوەنکارەکان هیچ گرنگییەک بە ڕکابەرەکانیان نادەن و ئەو قەناعەتەیان هەیە کە “ئێمە زۆر باشترین لە ڕکابەرەکانمان و پێویست ناکات ڕکابەرەکانمان بناسین و چاودێری کارەکانیان بکەین”. لەم مەقالەیەی ئەمڕۆدا باس لەوە دەکەین کە کێ ڕکابەری تۆیە؟
پێناسەی ڕکابەر لە بازرگانیدا: ڕکابەر لە کەسێک یان شتێکە کە ڕکابەریی تۆ دەکات بۆ ئەو پارەیەی لە گیرفانی کڕیاردایە.
٢ جۆر ڕکابەر هەن لە بزنسدا
-
ڕکابەری ڕاستەوخۆ
زۆر بە سادەیی: هەندێک دوکان یان بزنس هەن کە کارەکانیان هاوشێوەی کارەکانی تۆیە و لە نێوان تۆ و چەند ڕکابەرێکدا دەبێت کڕیار بڕیار بدات لە کامتان بکڕێت. بۆ نموونە: ئەگەر بزنسەکەت کتێبخانە بێت، هەموو کتێبفرۆشەکان و کتێبخانەکان ڕکابەری ڕاستەوخۆی تۆن.
-
ڕکابەری ناڕاستەوخۆ
کەسانێک هەن کارەکانیان هەمان کارەکانی تۆ نییە، بەڵام لەوانەیە وا لە کڕیارەکە بکەن پارەکەی بدات بەو کەسانە. بۆ نمونە با بڵێین: کاری تۆ فرۆشتنی خواردنی خێرایە، هەموو دکتۆر و ڕاوێژکارە تەندروستیەکان ڕکابەری ناڕاستەوخۆی تۆن، چونکە ئەوان بە خەڵک دەڵێن کە خواردنی خێرا زیانی هەیە و نابێت خەڵک بیخوات.
ڕەنگە ڕکابەرە ناڕاستەوخۆکان کەسانێک بن کە تا ئێستا بیرمان لێ نەکردونەتەوە؛ بۆ نموونە: ئەگەر خاوەنی کافێیەک بیت، ڕەنگە سینەماکان ڕکابەری تۆ بن؛ چونکە کەسێک بڕیار دەدات لەبری ئەوەی سەردانی کافێکەی تۆ بکات، بچێتە سینەما و کاتی خۆی لەوێ بەسەر ببات. ڕەنگە سینەما هیچ پەیوەندییەکی بە کارەکەتەوە نەبێت، بەڵام ببێتە ڕکابەری ناڕاستەوخۆی تۆ.
ڕکابەرەکانت بناسە
واباشە وەرەقەیەکی A4 بهێنیت و هەوڵبدەیت لانیکەم نیو کاتژمێر بیر بکەیتەوە و 5 ڕکابەری ڕاستەوخۆت بنووسیت و 5 ڕکابەری ناڕاستەوخۆت دیاری بکەیت. هەروەها ٥ شت بنووسە کە مرۆڤ یان بزنس نین، بەڵام دەتوانێت ڕکابەری تۆ بێت و ببێتە هۆی ئەوەی کڕیارەکان کڕینت لێ نەکەن. کاتێک ئەم زانیاریانەت لەسەر لاپەڕەیەک نووسی، هەنگاوی داهاتووت بیرکردنەوە لەوەیە کە چۆن وا نیشان بدەیت کە تۆ باشترین بژاردەیت تا کڕیارەکە لێت بکڕێت.
ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان