پەشیمانبوونەوەی کڕیار لە کڕینی کاڵایەک یەکێکە لە ناخۆشترین ئەو هەستانەی کە بۆ فرۆشیارێک دروستدەبێت. بیهێنە بەرچاوت دوای معامەلە و بێنە و بەردەیەکی زۆر کڕیارەکە کاڵاکە دەکڕێت، دوو ڕۆژ دواتر، کڕیارەکە کاڵاکەت بۆ دەهێنێتەوە و دەڵێت: نامەوێت!
چۆن هەستێکت دەبێت؟ دەتوانیت کۆنتڕۆڵی خۆت بکەیت و تووڕە و بێزار نەبیت؟ ئەمە زیاتر لە گرێبەستە گەورەکانی وەک فرۆشتنی خانوو، ئۆتۆمبێل و مۆبایلدا ڕوودەدەن. کڕیار لەژێر کاریگەریی سۆزدا بڕیاری کڕین دەدات. بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لە کڕین، بیر لە کاڵاکە و مامەڵەی تۆی فرۆشیار و نرخی کاڵاکە و گونجاویی کاڵاکە دەکاتەوە. ئەگەر یەکێک لەو چوار خاڵەی بیری لێکردەوە، ناهاوسەنگییەکی بچوکی تێدابێت. ڕاستەوخۆ کڕیارەکە هەستێکی ناخۆشی بەرامبەر ئەو مامەڵەیە بۆ دروستدەبێت.
یاسایەک هەیە تایبەت بە کەمکردنەوەی ئەو کێشانەی لە مامەڵە و گرێبەستەکاندا ڕوودەدەن، بەپێی ئەو یاسایە، کڕیار تا 3 ڕۆژ بۆی هەیە ئەگەر بیروڕای خۆی گۆڕی، بتوانێت گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە یان کاڵاکە بگەڕێنێتەوە بۆ فرۆشیارەکە.
تا ئێرە شتەکە ئاساییە و یاساکەش لەپێناو خزمەتکردنە بە کڕیار و فرۆشیار. بەڵام کارەساتەکە لێرەوە دەستپێدەکات.
هەندێک لە فرۆشیارەکان لە کەمئاگایی خۆیانەوە ئەم یاسایە وەک خزمەتگوزارییەکی بزنسەکەیان پێشکەش بە کڕیارەکەیان دەکەن و دەڵێن: ئەگەر حەزت لە کاڵاکە نەبوو یان بە هەر هۆکارێک ویستت، دەتوانیت کاڵاکە بگەڕێنیتەوە و ئێمەش هەمیشە ئامادەین بۆ وەرگرتنەوەی. زۆر بە دڵێكی خۆشەوە و هەندێکیان بە منەتیشەوە ئەم قسەیە دەکەن. بێ ئاگا لەوەی کە بەم کارە تۆوی بیرکردنەوە و دوودڵی و قەلەقی لە دڵی کڕیاردا دەچێنێت.
ئەی چی بکەین؟
لەجێی ئەوەی کڕیار دوودڵ بکەین، شتێک کە هەموو فرۆشیارێکی باش دەتوانێت بیکات ئەوەیە کە لایەنە ئەرێنی و باشەکانی کاڵاکە گەورە بکات و مێشکی کڕیار بە ئاراستەیەکدا ببات کە بتوانێت زاڵ بێت بەسەر گومانەکی مێشکیدا.
نهێنی سەرکەوتن لە فرۆشدا ئەوەیە کە کڕیارەکە بزانێت: بۆچی کاڵاکەی کڕیوە؟ بۆچی لە تۆی کڕیوە؟ چی وادەکات ئەم کاڵایە جیاواز بێت لەوانی تر؟ بۆچی ئەم کاڵایە بۆ ئەو گونجاوە؟ هەبوونی وەڵامێکی دروست بۆ ئەم پرسیارانەی مێشکی کڕیارەکە، ڕزگاری دەکات لە دوودڵی و هەستی پەشیمانبوونەوەی بۆ دروستنابێت.
پەشیمانبوونەوەی کڕیار لە کڕینی کاڵاکەت مانای ئەوە نییە کۆتایی دنیایە و ئیتر ناتوانیت بفرۆشیت، بەڵام پێویستە ئەو خاڵانەی سەرەوە بەباشی بخوێنیتەوە و جێبەجێیان بکەیت تاوەکو ئەوەی بتوانیت ئەو کێشەیەش چارەسەر بکەیت و بزنسەکەت بەرەو گەشەی زیاتر ببەیت.
کاکڵەوتە
ئەگەر تەنها گرنگی بە لایەنی لۆژیکی بدەیت یان بە پێچەوانەوە تەنها گرنگی بە لایەنە سۆزدارییەکانی کڕیارەکەت بدەیت، لە کۆتاییدا ئەنجامی دڵخوازت بەدەست ناهێنیت.
ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان