ئەگەر کڕیارەکەم ڕاڕا بوو چی بکەم؟
زۆر جار لە دوکان یان پەیجەکەتدا، کڕیارێک دێت و دەیەوێت شتێک بکڕێت، بەڵام سەیر دەکەیت زۆر دوودڵە، دەست دەبات بۆ ئەم کاڵایە و دایدەنێتەوە، سەیری ئەوی تریان دەکات و بڕیاری پێ نادرێت. لێرەدا زۆربەی فرۆشیاران پرسیار دەکەن: ئەگەر کڕیارەکەم ڕاڕا بوو چی بکەم؟
ڕاستییەکەی ئەوەیە، هەندێک کڕیار بە سروشتی خۆیان دوودڵن، بەڵام زۆر جاریش ئێمەی فرۆشیار خۆمان کڕیارەکە ڕاڕا دەکەین!
کاتێک دە ڕەنگ و بیست مۆدێل و بژاردە لەسەر بژاردە دەخەیتە بەردەمی، مێشکی کڕیار تێکەڵ دەبێت و ناتوانێت بڕیار بدات. لەم کاتەدا ئەرکی تۆ وەک فرۆشیارێکی شارەزا ئەوەیە کە لە بری ئەو بڕیار بدەیت و ڕێگە ڕاستەکەی نیشان بدەیت.
با بزانین چۆن لە ٣ هەنگاودا ئەم کڕیارە دوودڵە دەگۆڕین بۆ کڕیارێکی دڵنیا:
١. سەرەتا باش پرسیاری لێ بکە (پێداویستییەکەی بزانە):
پێش ئەوەی هەموو کاڵاکانی دوکانەکەتی بەسەردا بڕێژیت، دوو یان سێ پرسیاری زیرەکانەی لێ بکە تا بزانیت بەڕاستی چیی دەوێت. بۆ نموونە لێی بپرسە:
بۆ چ مەبەستێک بەکاری دەهێنیت؟ یان حەزت لە چ جۆرێکە؟. کاتێک وەڵامەکانی وەردەگریت، ئیتر دەزانیت کام کاڵایە بۆ ئەو گونجاوە.
٢. بژاردەکان کەم بکەرەوە و باشترینی پێ بدە:
هەرگیز کڕیاری ڕاڕا سەرقاڵ مەکە بە قسەی زۆر و کاڵای زۆرەوە. لەسەر بنەمای ئەو پرسیارانەی لێت کرد، تەنها یەک یان دوو باشترین هەڵبژاردەی بخەرە بەردەست.
کاتێک بژاردەکان کەم دەبنەوە، بڕیاردان زۆر ئاسان دەبێت.
٣. تۆ لە بری ئەو بڕیار بدە و دڵنیایی پێ بدە!
ئەمە گرنگترین خاڵە؛ کڕیاری دوودڵ پێویستی بە کەسێکە کە بە متمانەوە پێی بڵێت کامەیان باشە. بە ڕوونی پێی بڵێ:
بە پێی ئەوەی لێم پرسیت و بەڕێزتان باست کرد، ئەمەیان باشترینە بۆ تۆ. تۆ ئەمە بکڕە و زەرەر ناکەیت، من گەرەنتیت دەدەمێ.
تەنانەت ئەگەر کڕیارەکە هێشتا هەر تۆزێک دوودڵ بوو و قسەیەکی تری کرد، تۆ هەر بە نەرمی و متمانەوە جەخت بکەرەوە سەر هەمان بژاردە و بڵێ: دڵنیابە هەر ئەمەیان بۆ تۆ دروست کراوە، بیبە و پەشیمان نابیتەوە. ئەم متمانەیەی تۆ، ترس و دوودڵییەکەی ئەو دەڕەوێنێتەوە.
تێبینی: ئەمە لە کاتێک کە کڕیار خۆی بیەوێت کاڵاکە بکڕێت بەڵام ڕاڕابێت.
دەرئەنجام
فرۆشیاری سەرکەوتوو تەنها ئەو کەسە نییە کە کاڵا نیشان بدات، بەڵکو ڕاوێژکارێکە کە یارمەتی کڕیار دەدات بڕیاری دروست بدات.
کەی کڕیارێکی ڕاڕات بینی، بژاردەکانی بۆ کەم بکەرەوە، باشترینی پێشکەش بکە و بە متمانەوە پێی بڵێ ئەمە بکڕە، زەرەر ناکەیت.
نوسین: تیمی کارسازی شادمان