ئایا جیاوازی نێوان بزنسە سەرکەوتووەکان و بزنسە شکست خواردووەکان چییە؟

زۆر کەس وا دەزانن بزنسە سەرکەوتووەکان شانسییان هەبووە کە سەرکەوتووبوون ، بەڵام کاتێک بە وردی سەیری ناوەوەی کۆمپانیاکان دەکەین، دەبینین جیاوازییەکی ڕوون لە شێوازی کارکردنیاندا هەیە. جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان مانەوەیان لە بازاڕدا و لە متمانەی کڕیار بە هەریەکێکیان.

 

لەم وتارەدا بە ٥ خاڵ گرنگترین جیاوازییەکان دەخەینە ڕوو:

 

١. بەها و پارە:

 

  • ئەو بزنسانەی کە لە بازاڕدا سەرکەوتوو نابن: تەنها تەرکیز دەخەنە سەر “پارە پەیداکردن”. ئەوان دەیانەوێت تەنها یەکجار بە کڕیار بفرۆشن و تەواو.
  • بزنسە سەرکەوتووەکان: تەرکیز دەخەنە سەر “پێشکەشکردنی بەها”. ئەوان دەزانن ئەگەر کێشەی کڕیارەکانیان چارەسەر بکەن و کار لەسەر ئەوە بکەن کە هەمان کڕیار دووبارە بێتەوە بۆ کڕین، پارە خۆی بەدوایاندا دێت.

 

٢. قبوڵکردنی گۆڕانکاری:

 

  • ئەو بزنسانەی کە لە بازاڕدا سەرکەوتوو نابن: پێداگری لەسەر شێوازە کۆنەکان دەکەن و دەڵێن “ئێمە ساڵانێکە هەروا کار دەکەین”. لە بەرامبەر تەکنەلۆژیا و گۆڕانی بازاڕدا خۆڕاگری دەکەن تا تێکدەشکێن. گەورەتری نموونە: نۆکیا.
  • بزنسە سەرکەوتووەکان: وەک ئاو وان؛ بەپێی دەفری سەردەم خۆیان دەگۆڕن. ئەوان هەمیشە لە فێربووندان و زووتر لە ڕکابەرەکان تەکنەلۆژیای نوێ بەکاردەهێنن تا بتوانن زیاتر بزنسەکەیان بە خەڵکی بناسێنن و فرۆش دروستبکەن.

 

٣. گوێگرتن لە کڕیار:

 

  • ئەو بزنسانەی کە لە بازاڕدا سەرکەوتوو نابن: کڕیار تەنها وەک “ژمارە” دەبینن. کاتێک کڕیار ڕەخنەیەک دەگرێت، گوێبیستی ڕەخنەکەی نابن، هەوڵنادەن چارەسەری بکەن و ئەم کڕیارە ڕازی بکەن.
  • بزنسە سەرکەوتووەکان: کڕیار وەک هاوبەش دەبینن. باشترین بزنسەکان ئەوانەن کە “گوێگری باشن”. ئەوان بەپێی فیدباکی کڕیارەکانیان بەرهەمەکانیان باشتر دەکەن. گوێ لە کێشەی کڕیارەکانیان دەگرن و چارەسەری دەکەن.

تێبینی: کڕیار ئەگەر لە بزنسێک ڕازیببێت، دڵنیابە دەگەڕێتەوە یاخود کەسی دیکەت بۆ دەنێرێت.

 

٤. متمانەکردن بە ستاف:

 

  • ئەو بزنسانەی کە لە بازاڕدا سەرکەوتوو نابن: خاوەنکار دەیەوێت هەموو وردەکارییەکان لەژێر دەستی خۆیدا بێت و متمانە بە کارمەندەکان ناکات. ئەمەش داهێنانی نوێ دەکوژێت.
  • بزنسە سەرکەوتووەکان: کەسانی لێهاتوو دادەمەزرێنن و دەسەڵاتیان پێ دەدەن. ئەوان دەزانن کە ستافێکی بەهێز کلیلی گەورەبوونی بزنسە.

 

٥. دارایی: وەبەرهێنان بەرامبەر خەرجکردن:

 

  • ئەو بزنسانەی کە لە بازاڕدا سەرکەوتوو نابن: قازانجی بزنس وەک پارەی خۆیان دەبینن و کەی ویستیان لێی هەبوو خەرجی دەکەن بۆ پێویستی کەسی خۆیان.
  • بزنسە سەرکەوتووەکان: بەشێکی زۆری قازانجەکە دووبارە وەبەرهێنانی تێدا دەکەنەوە بۆ ئەوەی بزنسەکە گەورەتر و بەهێزتر بێت. هەروەها گرنگترین بابەت ئەوەتە: کە پارەی بزنسەکەت و پارەی خۆت تێکەڵ یەک نەکەیت و خۆت وەک مووچەخۆرێک یان وەک کارمەندێک مانگانە پارە هێندەی کارمەندێک هەڵبگریت.

 

لێرەدا بە چەند خاڵێک بەراوردی زیاتر لە نێوان بزنسە سەرکەوتووەکان و ئەو بزنسانەی کە ناتوانن لە بازاڕدا بمێننەوە و سەرکەوتووبن:

 

١. بزنسە سەرکەوتووەکان تەرکیزی سەرەکی بزنسەکەیان لەسەر ڕازیکردنی کڕیار دادەنێن. بەڵام ئەو بزنسەی کە بەرەو شکست دەچێت یاخود شکستی هێناوە تەرکیزی سەرەکی بزنسەکەیان لەسەر کۆکردنەوەی پارە و قازانجە.

 

٢. بزنسە سەرکەوتووەکان لە بەرامبەر کێشەکاندا بەدوای چارەسەر دەگەڕێن. بەڵام ئەو بزنسەی کە بەرەو شکست دەچێت یاخود شکستی هێناوە لە کاتی کێشەدا خەتای کەسانی دیکە دەگرێت و هاوڵنادات هۆکاری سەرەکی کێشەکان بدۆزێتەوە.

 

٣. بزنسە سەرکەوتووەکان مارکێتینگ وەک وەبەرهێنانێکی بەردەوام دەبینن و هەمیشە بودجەی بۆ تەرخان دەکەن. بەڵام ئەو بزنسەی کە بەرەو شکست دەچێت یاخود شکستی هێناوە، کاتێک هەوڵی مارکێتینگ دەدات کە فرۆشی کەمبێت.

 

٤. بزنسە سەرکەوتووەکان پلانی ورد و درێژخایەنیان هەیە بۆ داهاتووی بزنسەکەیان. بەڵام ئەو بزنسەی کە بەرەو شکست دەچێت یاخود شکستی هێناوە کورت بینن و داهاتوو نابینن بۆیە تەنها بیرلە قازانجی ئەمڕۆ یاخود قازانجی مانگەکە دەکەنەوە.

 

کورتەیەک بۆتێگەشتنی زیاتر:

 

جیاوازییەکە لە “عەقڵییەت (Mindset)” دایە. بزنسە سەرکەوتووەکان هەمیشە وەک “قوتابی” دەمێننەوە و سەرقاڵی فێربوونی بەردەوامن، بەڵام شکستخواردووەکان وا دەزانن هەموو شتێک دەزانن، هەوڵی فێربوون نادەن.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *