ئاستی دەنگمان چۆن بێت لەگەڵ کڕیارەکانمان؟
ئایا تا ئێستا سەیری فرۆشیارەکانت کردووە کاتێک معامەلە لەگەڵ کڕیاردا دەکەن؟ هەندێکیان بە دەنگێکی ئەوەندە نزم قسە دەکەن کە کڕیار دەبێت بێتە نزیک فرۆشیارەکە تا تێبگات چی دەڵێت.
لە بەرامبەریشدا، هەندێکی تریش دەنگیان ئەوەندە بەرزە و خێرا قسە دەکەن کە کڕیار وا هەست دەکات پیاوەکە تووڕەیە و دەیەوێت لێی بدات؛ بەڵام لە ڕاستیدا بەستەزمان تەنها سروشتی دەنگی هەمیشە وا بەرزە!
کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی دەنگ لە فرۆشتندا پانتاییەکی گرنگە بۆ دروستکردنی متمانە و سەرخستنی فرۆش. با بزانین چۆن دەبێت دەنگمان لەگەڵ کڕیاردا هاوسەنگ بکەین.
قسەیەک هەیە دەڵێت: مرۆڤەکان سەرەتا هەست بە ئاستی دەنگ (تۆنی دەنگ) دەکەن، پاشان وشەکان دەبیستن.
یاسای گشتی: دەنگمان کەمێک لە دەنگی کڕیار بەرزتر بێت:
بە گشتی، لە کاتی گفتوگۆ و معامەلەکردن لەگەڵ کڕیاردا، زۆر باشترە کە ئاستی دەنگی ئێمە یەک تۆز (کەمێک) بەرزتربێت لە ئاستی دەنگی کڕیارەکە. ئەمە چ سوودێکی هەیە؟
- هێزی معامەلەکە و کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوتەکە بە شێوازێکی نەرم و دۆستانە دێتە لای فرۆشیار، و کڕیار هەست بە متمانە و باوەڕبەخۆبوونی تۆ دەکات لەو کاڵایەی دەفرۆشیت.
کاتێک کڕیار دەنگی بەرزە و خێرا قسە دەکات، چی بکەین؟
بەڵام ئەمە یاسایەکی ڕەها نییە! ئەگەر کڕیارێک هات کە بە سروشتی خۆی دەنگی بەرزە و خێرا قسە دەکات، ئایا ئێمەش دەبێت وەکو ئەو دەنگمان بەرز بکەینەوە؟
- وەڵامەکە نەخێر! ئەگەر تۆش دەنگت لەگەڵیدا بەرز بکەیتەوە، شوێنەکە دەبێتە قەرەباڵغی، هەردووکتان دەبنە دەنگەدەنگ و لە فرۆش دەردەچێت و کڕیارەکە بێزار دەبێت و دەڕوات.
کەواتە چارەسەر چییە؟
لەو حاڵەتانەی کە کڕیار پەلەیەتی یان دەنگی بەرزە، باشترین کار ئەوەیە کە ئێمە ئاستێکی مامناوەند و هێمن بپارێزین.
بە دەنگێکی ڕوون، ئارام و مامناوەند وەڵامی بدەرەوە. دەنگی هێمنی تووڕەیی و خێرایی بەرامبەرەکە دەکوژێنێتەوە و وای لێدەکات بێدەنگ بێت و بە سەرنجەوە گوێت بۆ بگرێت.
دەرئەنجام
فرۆشتن تەنها پێدانی کاڵا و وەرگرتنی پارە نییە، بەڵکو هونەری قسەکردن و مامەڵەکردنە.
بەکارهێنانی دەنگێکی هاوسەنگ و کەمێک بەرزتر لە کڕیار لە حاڵەتی ئاساییدا، و پاراستنی ئاستی مامناوەند لەگەڵ کڕیاری دەنگبەرزدا، دەبێتە کلیلی سەرەکی بۆ سەرخستنی هەر فرۆشێک و ڕازی کردنی کڕیار.
ڕای تۆ چییە؟
ئایا ئەم کێشەی دەنگەت بۆ دروست بووە؟
نوسین: تیمی کارسازی شادمان.