دەستپێکردنی کارێکی نوێ هەمیشە تێکەڵەیەکە لە جۆش و خرۆش و ترس. دڵەڕاوکێ لەم قۆناغەدا نەک هەر ئاساییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە تۆ لە گرنگی ئەو هەنگاوە تێدەگەیت کە دەینێیت. بەڵام کاتێک ئەم دڵەڕاوکێیە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانت، پێویستە ستراتیژییەتت هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی. لەم مەقالەیەدا باس لە ٥ ستراتیژ دەکەین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دڵڕاوکێیە تاوەکو نەبێتە ڕێگر لە بەردەماندا: ١. ترسەکانی خۆت بناسە و بینووسەرەوە: زۆربەی کات دڵەڕاوکێ لە "نادیار" سەرچاوە دەگرێت. ئایا دەترسیت پارەکانت بکەونە زەرەدەوە؟ یان دەترسیت خەڵکی چیت پێ دەڵێن؟ چارەسەر: لیستێک لەو شتانە بنووسە کە ترست هەیە بەرامبەریان. کاتێک ترسەکان دەخەیتە سەر کاغەز، لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان زیاتر نابینرێن و دەتوانیت بۆ هەر یەکێکیان پلانێکی گونجاو دابنێیت. ٢. بە هەنگاوی بچووک دەست پێ بکە: یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی قەلەقی، بیرکردنەوەیە لە پڕۆژەیەکی زەبەلاح و تێچوویەکی زۆر. چارەسەر: پێویست ناکات لە ڕۆژی یەکەمەوە هەموو شتێک تەواو بێت. بە نموونەیەکی سەرەتایی دەست پێ بکە. بیرۆکەکەت بە سەرمایەیەکی کەم تاقیبکەوە، باری سەر شانت سووک دەکات و دڵنیاییت پێ دەبەخشێت. ٣. زانیاری دوژمنی ترسە: هەرچەندە زانیاریت لەسەر بازاڕ و مشتەرییەکانت زیاتر بێت، دڵەڕاوکێت کەمتر دەبێتەوە. چارەسەر: کات تەرخان بکە بۆ خوێندنەوەی بازاڕ. ئەم ٢ پرسیارە هاوکارت دەبن لە خوێندنەوەی بازاڕ: کێ ڕکابەری تۆیە؟ مشتەرییەکانت کێن؟ کاتێک پلانێکی تۆکمەت هەبێت، هەست دەکەیت نەخشەی ڕێگاکەت لەبەردەستە و کەمتر هەست بە ونبوون دەکەیت. ٤. شکستەکانت وەک ئەزموون ببینە: زۆر کەس دەترسن چونکە شکست بە "کۆتایی ڕێگا" دەبینن. چارەسەر: گۆڕینی دیدگات بۆ شکست زۆر گرنگە. لە دنیای بزنسدا شکست تەنها وەڵامێکی "نا"یە کە پێت دەڵێت ئەم ڕێگایە کار ناکات و دەبێت ڕێگایەکی تر تاقیکەیتەوە. هەموو بازرگانە سەرکەوتووەکان پێشتر شکستیان خواردووە. ٥. دەوروبەرەکەت هەڵبژێرە: مرۆڤ دەبێتە ئەوەی کە دەیبیستێت، باسی دەکات، هەستی پێدەکات. بە وریاییەوە ژینگەکەت هەڵبژێرە ئەگەر کەسانی دەورو بەرت کەسانێکن کە هەمیشە نائومێدت دەکەن، دڵەڕاوکێت زیاد دەکەن، پێویستە ئەم کەسانە بگۆڕیت. چارەسەر: پەیوەندی دروست بکە لەگەڵ ئەو کەسانەی بزنسیان هەیە یان هاوشێوەی تۆ هەوڵدەدەن. گوێگرتن لە ئەزموونی ئەوانی تر پێت دەڵێت کە تۆ تەنها نیت لەم هەستەدا. کۆتایی: دڵەڕاوکێ بەشێکە لە گەشتی سەرکەوتن. نهێنییەکە لەوەدا نییە کە "نەترسیت"، بەڵکو لەوەدایە کە "لەگەڵ بوونی ترسیشدا، هەنگاو بنێیت". بزنس پێویستی بە ئازایەتییە، و ئازایەتیش واتە بەردەوامبوون سەرەڕای هەبوونی دڵەڕاوکێ.