خەرجییە بچووکەکان وەک کونێکی بچووکن لە گۆزەیەکدا کە بەردەوام ئاویان لێ دەڕژێت. لەوانەیە کە سێر دەکرێن گرنگ دیار نەبن، بەڵام لە کۆتایی مانگدا دەبینین چەندە زۆر لە پارەکانمانی بردووە. نموونە: فنجانێک قاوە لێرە، خواردنێکی خێرا لەوێ، یان بەشداریکردن لە خزمەتگوزارییەک کە بەکاری ناهێنین - ئەمانە هەموویان کۆدەبنەوە و کاریگەریان لەسەر بودجەی مانگانەمان دەبێت. یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە بزانین پارەکانمان بۆ چی خەرج دەکەین. ژمارەیەک لە خەجییە بچووکە باوەکان بە ٤ خاڵ دەناسێنین: ١. خەجی خواردنەوەکان: ئەو قاوە و شەربەتانەی ڕۆژانە لە چێشتخانە یان دوکانەکان دەیانکڕین، لەوانەیە ٣-٥ هەزار دینار لە ڕۆژێکدا بن، واتە لە مانگێکدا دەگاتە ٩٠-١٥٠ هەزار دینار. ٢. خواردنی دەرەوە: کاتێک نانی نیوەڕۆ یان ئێوارە لە دەرەوە دەخۆین لە جیاتی ئامادەکردنی لە ماڵەوە، ئەمەش دەکرێت لە ڕۆژێکدا ١٠-٢٠ هەزار دینار زیاد بکات لە خەرجییەکانمان. ٣. بەشداری و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان: ئەو خزمەتگوزاریانەی کە مانگانە بەشداردەبین تێیدا و پارە دەدەین، وەک: ئەپڵیکەیشن، یارییە ئۆنڵاینەکان، یان کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن کە ڕەنگە بەکاریان نەهێنین. ٤. کڕینی لەناکاو: ئەو کڕینانەی بەبێ پلاندانان ئەنجامیان دەدەین، تەنانەت ئەگەر شتێکی بچووکیش بێت. لێرەدا باس لە ٦ ڕێگا دەکەین بۆ پاراستنی خۆمان لە کڕین بەبێ بیرکردنەوە: ١. تۆمارکردنی هەموو خەرجییەکانمان: سێ مانگ هەموو خەرجییەکان تۆمار بکە، هەرچەند بچووکیش بن. دەتوانیت لە دەفتەرێک یان ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتی تۆماری خەرجییەکان بەکاری بهێنیت. ئەمە یارمەتیت دەدات ببینیت پارەکانت بەڕاستی بۆچی خەرج دەبن. ٢. دانانی سنوورێک بۆ خەرجی مانگانەمان: بۆ خەرجییە بچووکەکان بڕێکی دیاریکراوی پارە لە بودجەی مانگانەتدا تەرخان بکە. بۆ نموونە، دەتوانیت بڵێیت مانگانە تەنها ٥٠ هەزار بۆ قاوە و خواردنەوە خەرج دەکەم، نەک زیاتر. ٣. ئامادەکردنی خواردن لە ماڵەوە: قاوەی خۆت لە ماڵەوە ئامادە بکە و لە تەرمۆسێکدا بیبە بۆ کارەکەت. نانی نیوەڕۆش لە ماڵەوە ئامادە بکە. ئەمە دەتوانێت سەدان هەزار دینار لە ساڵێکدا پاشەکەوتت بۆ بکات. ٤. پێداچوونەوە بە تەواوی ئەو خزمەتگوزارییانە بکە کە لە ڕابردوودا بەشداریت کردووە: سێ مانگ جارێک پێداچوونەوە بکە بە هەموو ئەو خزمەتیگوزارییانە بەشداری مانگانانەت تێدا کردوون و پارەیان پێ دەدەت. ئەگەر خزمەتگوزارییەک بەکار ناهێنیت، هەر یەکسەر ڕایبگرە. ٥. چاوەڕوانی کردن پێش کڕین: کاتێک ئارەزووی کڕینی شتێکت کرد کە پێویستت پێی نییە، ٢٤ کاتژمێر چاوەڕێ بکە. زۆرجار ئەو ئارەزووە دوای چەند کاتژمێرێک نامێنێت. ٦. ئەم ٢ یاسایە بەکاربهێنە: ١. یاسای ٣٠ ڕۆژ بەکاربهێنە: پێش کڕینی هەر شتێکی گرانبەها، ٣٠ ڕۆژ چاوەڕێ بکە. ئەگەر پاش ئەم ماوەیە هێشتا پێویستت پێی بێت، ئەوا بیکڕە. ٢. یاسای ٥٠/٣٠/٢٠: ٥٠٪ لە داهاتەکەت بۆ پێداویستییە بنەڕەتییەکان، ٣٠٪ بۆ ئارەزووەکان، ٢٠٪ بۆ پاشەکەوت. دەرەنجام: کاتێک سەرنج دەخەینە سەر تێچووە بچووکەکانمان و کۆنتڕۆڵیان دەکەین، دوای چەند مانگێک فەرقێکی گەورە دەبینین. ئەو پارەیەی پاشەکەوتی دەکەین دەتوانین بۆ ئامانجە گەورەترەکانی ژیانمان بەکاری بهێنین، وەک کڕینی خانوو، سەفەرکردن، یان دامەزراندنی بزنسێک. لەبیرت نەچێت: پاشەکەوتکردن واتە بەکارنەهێنانی پارەی کۆکراوە لە کۆتایی مانگ، بەڵکو واتە یەکەم شت لە سەرەتای مانگدا بڕێک پارە دابنێیت بۆ داهاتوو. پاشان ئەوەی ماوە بۆ تێچووەکانی مانگەکەت بەکاربهێنە. سەرکەوتن لە بەڕێوەبردنی دارایی لە بڕیارە بچووکە ڕۆژانەکانەوە دەست پێدەکات. هەنگاوێکی بچووک ئەمڕۆ دەبێتە گۆڕانکارییەکی گەورە بۆ سبەینێ.