٣ تێبینی گرنگ بۆ تیمەکانی فرۆشی تەلەفۆنی فرۆشتن لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، تەنها پەیوەست نییە بەوەی چی بە کڕیار دەڵێیت، بەڵکو زۆرجار پەیوەستە بەوەی پێش پەیوەندییەکە چۆن خۆت ئامادە دەکەیت. لە بازاڕی کوردستاندا کە پەیوەندی مرۆیی و متمانە بنەمای بازرگانییە، پێویستە تیمەکانی فرۆش ڕەچاوی ئەم ٣ تێبینییە سەرەکییە بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشتر: ١. دەروونت ڕێک بخە: کڕیار ناتوانێت ڕوخسارت ببینێت، بەڵام لە چرکەی یەکەمەوە هەست بە باری دەروونی، دڵەڕاوکێ، یان بێزاریت دەکات لە ڕێگەی تۆنی دەنگتەوە. ئەگەر بە دەروونێکی ماندوو یان نەرێنییەوە دەست پێبکەیت، کڕیارەکە یەکسەر پەیوەندییەکە دادەخاتەوە. تێبینی: پێش دەستپێکردنی کار، مێشکت لە هەر کێشەیەکی شەخسی یان شکستی پەیوەندییەکانی پێشوو پاک بکەرەوە. بە باوەڕبەخۆبوون و وزەیەکی بەرزەوە تەلەفۆن بکە. تەنانەت ئەگەر پێش کەمێک کڕیارێک ڕەتیشی کردبێتیتەوە، هەمیشە وا بیر بکەرەوە کە ئەم پەیوەندییە نوێیە، دەرفەتێکی نوێیە بۆ سەرکەوتن. ٢. ژینگەکەت با ئارام بێت: هیچ شتێک بەقەد دەنگی ژاوەژاوی پشتەوەی نوێنەری فرۆش، کڕیار بێزار ناکات: دەنگی تەلەفۆنی تر پێکەنینی هاوکاران دەنگی شەقام وێنەیەکی ناپیشەیی و ناڕێکخراو لەسەر کۆمپانیاکەت لە مێشکی کڕیاردا دروست دەکات. تێبینی: شوێنی کارەکەت هەمیشە بە ڕێکوپێکی و ئارامی بهێڵەرەوە. بەکارهێنانی هێدفۆنی باش کە دەنگی دەوروبەر کەم دەکاتەوە زۆر گرنگە. ژینگەیەکی بێدەنگ وای کردووە کڕیار هەست بکات کە تۆ تەنها تەرکیزت لەسەر ئەوە و ڕێزی تەواوی لێ دەگریت. ٣. هەموو تێبینییەکان تۆمار بکە (سەرمایەی داهاتووت): متمانە کردن بە بیرەوەری، گەورەترین هەڵەی فرۆشیارە، دەبێت بابەتەکان تۆمار بکەن. کاتێک کڕیارێک دەڵێت: (من ئێستا سەرقاڵم، دوو ڕۆژی تر تەلەفۆن بکەرەوە) یان باسی کێشەیەکی تایبەتی دەکات، ئەگەر بینووسیت و لە کاتی خۆیدا یادی بخەیتەوە، متمانەیەکی ئەوتۆی پێ دەبەخشیت کە لە چاوەڕوانیدا نەبووە. تێبینی: هەمیشە دەفتەرێکی تێبینی یان سیستەمی (CRM) کۆمپانیاکەت لەبەردەست بێت. (ناوی کڕیار، کات و ڕێکەوتی پەیوەندی هەروەها گرنگترین پێداویستییەکانی تۆمار بکە). کاتێک لە پەیوەندی دووەمدا بە ناوی خۆیەوە بانگی دەکەیت و دەڵێیت: (جەناب باسی ئەو کێشەیەت کرد، ئەمەش چارەسەرەکەیەتی) کڕیارەکە ڕاستەوخۆ هەست بە گرنگی خۆی دەکات و ڕێژەی فرۆشتنت چەند هێندە دەبێت. پوختەی: سەرکەوتنی تیمی فرۆش لە ناوەوە بۆ دەرەوە دەست پێدەکات؛ بە (ڕێکخستنی دەروون، دابینکردنی ژینگەیەکی هێمن، و پاراستنی زانیارییەکانی کڕیار) تۆ نەک تەنها فرۆشیار، بەڵکو دەبیتە ڕاوێژکارێکی جێی متمانە لە بازاڕدا.