کەی کارمەند وەربگرم بۆ بزنسەکەم؟

یەکێک لە قۆناغە زۆر هەستیارەکانی بزنس هەڵبژاردنی کارمەندە. وەرگرتنی کارمەند دەکرێت بزنسەکەمان بەرەو لوتکە و خاڵێکی زۆر باش بەرێت یاخود بزنسەکەمان توشی بارودۆخی دارای سەخت بکات.

کەی کاتی گونجاوە کارمەند بۆ بزنسەکەم وەربگرم؟
زۆربەی خاوەن بزنسە سەرەتاییەکان لەنێوان دوو بارودۆخدان:

١. یان زۆر درەنگ کارمەند دادەمەزرێنن و تووشی “داڕمان” دەبن.

٢. یان زۆر زوو دەستپێدەکەن و پارەی پڕۆژەکە بە مووچە بەهەدەر دەدەن.

 

لەم مەقالەیەدا بە ٤ نیشانە ڕوونی دەکەینەوە کە کەی کاتی ئەوە هاتووە کەسێکی تر هاوکاریت بکات لە کاروبارەکانی بزنسەکەتدا:

 

١. نیشانە سەرەکییەکانی پێویستی بە کارمەند:
ئەگەر ئەم ٤  خاڵە لە بزنسەکەتدا دەبینیت، واتە کاتی فراوانبوون و وەرگرتنی کارمەندە:

  • ڕەتکردنەوەی کڕیار: کاتێک ناچاریت بڵێیت “ناتوانم ئەم کارە وەربگرم چونکە کاتم نییە”، لێرەدا تۆ پارە و کڕیار لەدەست دەدەیت.
  • دابەزینی کوالێتی: ئەگەر بەهۆی زۆریی ئیشەوە ناتوانیت وەک جاران سەرنج بخەیتە سەر وردەکارییەکان و کڕیارەکانت ناڕازین، پێویستت بە کارمەندە.
  • ئەنجامدانی کارە سەرەتاییەکان: ئەگەر تۆ وەک بەڕێوەبەر کاتی زۆرت دەڕوات بۆ وەڵامدانەوەی تەلەفۆن، پاککردنەوە، یان گەیاندن، ئەوا کاتی خۆت بە فیڕۆ دەدەیت. کاتی تۆ دەبێت بۆ ستراتیژ و گەشەپێدان بێت.
  • نەمانی کاتی پشوو: ئەگەر ٢٤ کاتژمێر کار دەکەیت و هێشتا کارەکانت تەواو نابن، مێشکت ماندوو دەبێت و بڕیاری هەڵە دەدەیت.

٢. پێوەرە داراییەکان بۆ وەرگرتنی کارمەند:
پێش ئەوەی کارمەندێکی تازە بهێنیت، ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە:

  • ئایا بڕی پێویستم پارە هەیە کە بزنسەکەم بەشی ٦ مانگی داهاتوو پارەی هەبێت و تەنها پشتم بەوە نەبەستبێت کە مانگانە بزنسەکەم پەیدای دەکات.

ئەم پرسیارە ئەگەر چاوی لێ دابخەیت و پێت وابێت کە مانگانە پارەی کارمەندەکە خۆی لە بزنسەکەوە پەیدا دەبێت، ئەوا ئەگەر هەیە کە بزنسەکەت بگاتە ئاستێک پێویست بکات هەر کارمەندێکت وەرگرتووە دەریان بکەیت و خۆت لە سەرەتاوە دەست بە هەموو شتێک بکەیتەوە یاخود خراپتریش تۆش ناچار دەبێت ماڵئاوای لە بزنسەکەت بکەیت.

  • ئایا ئەم کارمەندە قازانج زیاد دەکات؟ کارمەندی باش تێچوو نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە. دەبێت بوونی ئەو وا بکات بزنسەکە زیاتر پەیدا بکات نەک کەمتر

٣. چ جۆرە کارمەندێک وەربگرم؟
پێویست ناکات یەکسەر بە کارمەندی هەمیشەیی دەست پێ بکەیت. دەتوانیت بەم پلەبەندییە بڕۆیت:

  • فری لانسەر (Freelancer): بۆ کارە کاتییەکان (وەک دیزاین یان سۆشیاڵ میدیا).
  • نیوە کات (Part-time): بۆ ئەو کارانەی ڕۆژانە تەنها چەند کاتژمێرێکیان دەوێت.
  • کارمەندی هەمیشەیی (Full-time): کاتێک کارەکە بەردەوامە و پێویستی بە دڵسۆزی و ئامادەیی تەواو هەیە

٤. ئامۆژگاری بۆ هەڵبژاردنی یەکەم کارمەند:
یەکەم کارمەند گرنگترینە، چونکە ئەو دەبێتە بەشێک لە “کولتوری بزنسەکەت”. هەوڵبدە کەسێک بدۆزیتەوە کە ئەم ٢ خاڵەی تێدابێت:

١. خێرا فێرببێت: لە سەرەتادا کارەکان ئاڵۆزن، پێویستت بە کەسێکە کە زوو فێری کارەکان ببێت و کاتت لێ نەگرێت.
٢. خاوەن بڕیار بێت: تاوەکو قورسای لەسەر شانی تۆ کەم بکاتەوە، نەک بۆ هەموو وردەکارییەک پرسیارت لێ بکاتەوە.

کۆتایی:

دامەزراندنی کارمەند نیشانەی سەرکەوتنی بزنسەکەتە، بەڵام بەو مەرجەی بزانیت “کێ” و “بۆچی” دایدەمەزرێنیت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *