چۆن موعامەکە بکەین؟

موعامەلەکردن بۆ کەم کردنەوەی نرخ بابەتێکە کە ڕۆژانە توشی فرۆشیاران دەبێت. موعامەلەی پارە یەکێکە لە کارامەییە گرنگەکان بۆ سەرکەوتن لە جیهانی بزنس. چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ داواکاری و دەرفەتە جیاوازەکانی کڕیاران دەتوانێت جیاوازی گەورە دروست بکات لە نێوان قازانج و زەرەر. کاتێک کڕیارێکی موعامەلەچی دێت یەکێک لە باوترین دۆخەکان ئەوەیە کە کڕیارێک هاوکات چەند شتێک دەکڕێت و داوای داشکاندنی نرخ دەکات.

 لێرەدا ٢ ستراتیژ باس دەکەین کە دەتوانین لەگەڵ کڕیارێکی موعامەلە چی بەکاری بهێنین کە کڕینی زۆر دەکات لامان:

١. هەڵسەنگاندنی قازانجی گشتی پێش وەڵامدانەوە، حیسابی گشتی قازانجەکەت بکە. ئەگەر کڕیارەکە بڕێکی زۆری کاڵا دەکڕێت، ڕەنگە داشکاندنێکی بچووک قازانجێکی گەورەترت بۆ بهێنێتەوە. نموونە: کڕیارێک دەیەوێت ١٠ دانە لە بەرهەمێک بکڕێت کە نرخی تاکی ٥٠,٠٠٠. داوای داشکاندن بۆ ٤٠,٠٠٠ دەکات

شێوازی وەڵام دانەوە:

وەڵامی لاواز: “نا، ناکرێت، ناتوانین داشکاندن بکەین خێر ناکات”

وەڵامی باش: “دەتوانم هاوکارتان بم بۆ ١٠ دانەکە نرخەکە بکەمە ٤٥,٠٠٠ بۆ هەر دانەیەک”

یاخود دەتوانیت بە کۆی گشتی یەک جار خاتری بگریت، نەک هەر بەرهەمێک و ڕێژەیەکی خاتر بگریت.

٢. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە جیاتی داشکاندنی نرخ، یان بەرهەمی زیادە پێشکەش بکە. نموونە: “ناتوانین نرخەکە بگۆڕین، بەڵام دەتوانم دانەیەکی دیکە بە دیاری زیاد بکەین یان گەیاندنی بەرهەمەکەت بۆ دەکەمە خۆڕایی”

لەم مەقالەیەدا باس لە ٤ لە جۆرەکانی کڕیار دەکەین لە موعامەلەکردن دەکەین:

١. کڕیاری هەمیشەی، کاتێک کڕیارێک بەردەوام کڕینمان لا دەکات، موعامەلەی تایبەت پێشکەش بکە بۆ درێژکردنەوەی پەیوەندی.

٢. داشکاندنی تایبەت لەسەر کڕینی داهاتوو پێشکەش بکە بۆ کڕیارەکان، ئەم تەکنیکە وادەکات دووبارە بگەڕێنەوە.

٣. کاتێک داشکاندنی وەرزیمان هەیە و کڕیار داوای داشکاندنی زیاتر دەکات، پێویستە بیریان بخەینەوە کە داشکاندنەکەمان گەورەیە لەوە کەمتر نافرۆشریت.

٤. کڕیاری دوودڵ کاتێک کڕیارێک دوودڵە لە نێوان تۆ و فرۆشیارێکی تر

بەم ٣ شێوازە مامەڵە بکە:

  • تیشک بخەرە سەر جیاوازی و کوالیتی
  • گەرەنتی و پاڵپشتیی پاش فرۆشتن پێشکەش بکە
  • نموونەی بەخۆڕایی پێ بدە یان ڕێگەی بدە ئەزموونی بەرهەم بکات

کاتێک کەسێک موعامەلەیەکی زۆر دەکات بۆ دابەزاندنی نرخ، ئێمە نرخەکەی بۆ دادەبەزێنین یاخود ئۆفەرەکەی بۆ درێژ دەکەینەوە بەڵام کاتی بۆ دیاری دەکەین.

ئەم ٢ ستراتیژە بەکار بهێنە:

  • نرخێکی دادپەروەرانە لە یەکەم جار پێشکەش بکە
  • دەرفەتی کاتی سنووردار دروست بکە: “ئەم نرخە تەنها بۆ ئەمڕۆیە”

لێرەدا ٤ خاڵ باس دەکەین کە دەتوانین لە موعامەلەکردن باشتر بڕۆینە پێشەوە:

١. نەخێرەکەت بە بەڵێ بگۆڕە لە جیاتی ڕەتکردنەوەی ڕاستەوخۆ، بژاردەی دیکە پێشکەش بکە.

نموونە خراپ: “نەخێر، ناتوانین”

نموونە باش: “ئەم نرخە ناتوانین، بەڵام دەتوانین…”  ئەو شتەی دەتوانین بیکەین پێشکەشی دەکەین.

٢. گوێگرتن لە کڕیار تێبگە کە چی بۆ کڕیار گرنگە: هەمیشە نرخ گرنگییەکی گەورەی نییە بۆ کڕیارەکە.

پرسیارە گونجاوەکان: “چۆن دەتوانین یارمەتیت بدەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانت؟” ، “دەتەوێت چی بەدەست بهێنیت لەم موعامەلە کردنە تا بتوانین هاوکارتان بین؟”

٣. هەمیشە شتێک بۆ موعامەلە بەجێ بهێڵە زوو تەواوی ئۆفەرەکانت پێشکەش مەکە، چونکە دەرفەتی موعامەلە لەدەست دەدەیت.

ستراتیژی پلەپلە بەکار بهێنە :

  • یەکەم داشکاندن: بچووک
  • دووەم داشکاندن: ئەگەر مەرجێکی تایبەت هەبوو
  • کۆتا ئۆفەر: تەنها ئەگەر کڕیار ئەمڕۆ بڕیار بدات دەتوانێت بەم ئۆفەرە کڕینەکەی ئەنجام بدات.

٤. بەهای بەرهەمەکەت بزانە پێش موعامەلە، حساباتی خۆت بکە و بزانە کەمترین نرخ چەندە بۆت کە دەتوانیت بەرهەمەکەتی پێ بفرۆشیت.

کاتێک دەڵێین کە حساباتی خۆت بکە مەبەستمان لەم باشەیە کە باسی لێوە دەکەین:

حیسابکردن واتە: تێچوونی سەرەتایی ،تێچووی کارگێڕی، قازانجی ویستراو، نرخی بازاڕ

ئەو هەڵە باوانەی لە موعامەلەکردندا دەکرێن:

١. زۆر خێرا نرخ دابەزاندن: ئەمە متمانەی کڕیار لە بەهای بەرهەمەکە کەم دەکاتەوە ٢. گوێنەگرتن لە کڕیار: تێنەگەیشتن لە پێداویستی ڕاستەقینە

٣. هەستی کەسی وەرگرتن: موعامەلە بزنسە، نەک بابەتێکی کەسی تۆ لەگەڵ کڕیار لە شەڕدا نیت.

٤. هەندێک جار باشترە مامەڵە نەکەیت، چونکە ئەگەر کڕیارەکانت فێری موعامەلەکردن ببن قازانجت تەواو کەم دەبنەوە.

دەرئەنجام:

موعامەلەی سەرکەوتوو هونەرێکە کە پێویستی بە ڕاهێنان و ئەزموون هەیە. گرنگترین شت ئەوەیە کە لەبیرت بێت موعامەلە ماناکەی بردنەوەی لایەنی تر نییە، بەڵکو دۆزینەوەی چارەسەرێکە کە هەردوو لا سوودمەندن لێی. کاتێک کڕیارانت هەست بە ڕێزلێنان بکەن و بەهای باش وەربگرن، دەبنە کڕیاری هەمیشەی و ناوبانگی بزنسەکەت بەرز دەکەنەوە.

 لەبیرت بێت: هەر موعامەلەیەک دەرفەتێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی درێژخایەن، نەک تەنها فرۆشتنێکی یەکجارەکی.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *