چۆن سوود لە فیدباکی کڕیارەکانمان وەربگرین لەبزنسەکەماندا؟
کڕیار لە ناو بازاڕدا وەک ئاوێنە وایە؛ عەیب و کەمکوڕی و خاڵە بەهێزەکانی بزنسەکەت ڕێک دەخاتە پێش چاوت.
زۆربەی کاسبکاران پێیان وایە فیدباک (یان ڕاوبۆچوونی کڕیار) تەنها بۆ کاتی گلەیی و گازندەیە، بەڵام لە ڕاستیدا، فیدباکی کڕیار گەورەترین سەرمایەی بێبەرامبەرە کە پێمان دەڵێت: بازاڕ بەرەو کوێ دەڕوات.
بە جۆرێکی دیکە ئەو ڕا و سەرنجانەی کڕیارەکەمان هەیەتی، دەتوانین لەسەر بزنسەکەمان جێبەجێی بکەین و بزانین حەز و ویستی بازاڕ چۆن دەڕوات.
بۆ ئەوەی بە ڕاستی سوود لە قسە و سەرنجی کڕیارەکانت وەربگریت وە بیکەیتە هۆکاری گەشەی بزنسەکەت، لەم وتارەدا بە ٥ خاڵ ڕوونی دەکەینەوە کە چی بکەیت:
١. دەرگای ڕەخنە واڵا بکە و مەترسە:
کاسبی دەستپاک و دڵنیا، لە گڵەیی کڕیار زویر نابێت.
ئەگەر کڕیارێک:
بە تەلەفۆن
لە کۆمێنت
ڕووبەڕوو
پێی وتی: فڵانە کاڵاتان وەک جاران نییە یان گەیاندن لاتان زۆر دەخایەنێت، دەزانی چی بکەیت؟
پێش ئەوەی بەرگری لە خۆت بکەیت، سوپاسی بکە.
کاتێک کڕیار دەبینێت تۆ بە سنگێکی فراوانەوە گوێی لێ دەگریت، متمانەی زیاترت پێ دەکات. کڕیارێک کە ڕەخنەت لێ دەگرێت، هێشتا هیوای بە تۆ هەیە؛ مەترسی ڕاستەقینە لەو کڕیارە دایە کە بەبێ دەنگی دەڕوات و چیتر ناگەڕێتەوە.
٢. سەرنجەکان هەڵبسەنگێنە:
هەموو قسەیەکی کڕیار وەک یەک نییە. کاتێک فیدباکەکان کۆدەکەیتەوە، دابەشیان بکە سەر سێ بەشی سەرەکی:
١. کێشەی کاڵا یان خزمەتگوزاری: نموونە: کوالێتییەکە کەمێک دابەزیوە.
۲. کێشەی ستاف و مامەڵە: نموونە: فڵان کارمەند غەدرم لێ دەکات یان بە ساردی وەڵام دەداتەوە.
۳. کێشەی سیستەم و گەیاندن: نموونە: دۆزینەوەی شوێنەکەتان قورسە یان دلیڤەری درەنگ دەگات.
کاتێک کێشەکانت جیاکردەوە، ڕێک دەزانیت دەبێت دەستکاری کام بەشەی بزنسەکەت بکەیت و چیتر پارە و کاتت بەفیڕۆ ناچێت.
٣. خێرا بە لە وەڵامدانەوە و چارەسەرکردندا:
فیدباک وەرگرتن بە تەنها بەس نییە، ئەگەر کردار بەدوایدا نەبێت، کڕیار وا دەزانێت تەنها کاتت پێ کوشتووە.
ئەگەر کڕیارێک زیانی بەرکەوتبوو یان کاڵایەکی تێکچووی پێ بڕابوو، خێرا قەرەبووی بکەرەوە؛ تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی قازانجی خۆتیش بێت.
دەزانی بۆچی؟
چونکە ئەو کڕیارەی کە کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەیت، دەبێتە دڵسۆزترین کڕیارت و لە هەموو شوێنێک باسی پیاوەتی و ئەمانەتی تۆ دەکات، ئەمەش باشترین ڕیکلامی بێبەرامبەرە بۆت.
٤. فیدباکە باشەکان بکە بە تابلۆی شەرەفی بزنسەکەت:
کاتێک کڕیارێک دەستخۆشیت لێ دەکات و دەڵێت: دەستان خۆش بێت بۆ ئەم کاڵا نایابە، ئەم قسەیە تەنها بۆ دڵخۆشی خۆت نییە. وێنەی بگرە (ئەگەر لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بوو) یان بینووسە و لە وێبسایت و پەیجەکانتدا بڵاوی بکەرەوە.
خەڵکی متمانە بە قسەی کڕیارێکی تر دەکەن، زۆر زیاتر لەوەی متمانە بە ڕیکلامی خودی کۆمپانیاکە بکەن. ئەمە لە زانستی مارکێتینگدا پێی دەڵێن بەڵگەی کۆمەڵایەتی (Social Proof)، کە کڕیاری نوێ ڕادەکێشێت.
٥. ستافەکەت پاداشت بکە:
ئەگەر کڕیارەکان بەردەوام وەسفی کارمەندێکی دیاریکراوت دەکەن کە بە ڕوویەکی خۆش و پاک و خاوێنییەوە کار دەکات، غەدری لێ مەکە. بانگی بکە و لەبەردەم هەموواندا دەستخۆشی لێ بکە و پاداشتێکی ماددی بدەرێ.
ئەمە وا دەکات ستافەکەت کێبڕکێ بکەن لەسەر ئەوەی کێ زیاتر کڕیار ڕازی دەکات، ڕازیبوونی کڕیاریش ڕێک واتە زیادبوونی دەخلی دووکان و وێبسایتەکەت.
قسەی کۆتایی:
گوێگرتن لە کڕیار تەنها لێهاتوویی نییە، بەڵکو عەقڵیەتێکی بزنسییە. بزنسێک کە گەشە دەکات، ئەو بزنسەیە کە بەردەوام پێداچوونەوە بە خۆیدا دەکات هەروەها گرنگی بە ڕای کڕیارە دڵسۆزەکانی دەدات بۆ گەشەۆردنی بزنسەکەی.