چۆن دیاری بکەین کە چی شایەنی ئەوەیە پارەی بۆ خەرج بکەین؟

لە جیهانێکدا کە بەردەوام بانگەشەی کڕین دەکرێت، زانینی ئەوەی چی بەهادارە و چی شایەنی ئەوەیە پارەی گیرفانمانی بۆ خەرج بکەین کارێکی قورس. ئەگەر وریا نەبین لە جیاکردنەوەی ئەو شتانەی شایەنی پارە خەرجکردن و ئەو شتانەی شایەنی نین، ئەوا کاتێک کۆتای مانگ سێری تێچووەکانمان دەکەین سەرسامدەبین کە چەند پارەمان بۆ شتانێکی بێسوود خەرج کردووە.

لەم مەقالەیەدا باس لە ٦ خاڵ دەکەین کە شایەنی پارەی گیرفانمانن:
١. وەبەرهێنان لە خۆت: باشترین وەبەرهێنان ئەوەیە کە لە خۆتدا وەبەرهێنان بیکەیت. وەک: خوێندن، فێربوونی لێهاتووییەکی نوێ، کارکردن لەسەر تەندروستیمان. هەموویان بەهایەکی زۆر گەورەمان بۆ دەگێڕنەوە. نموونە، کتێبێک کە زانیاریت فێردەکات لە پسپۆڕییەکدا، یان خولێک کە یارمەتیت دەدات توانای نوێ بە دەست بهێنیت، دەتوانێت چەندین جار زیاتر لە نرخەکەی بەهات پێ ببەخشێت لە ڕێگەی دەرفەتی کاری باشتر یان داهاتی زیاتر.
٢.کارکردن لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی: تەندروستی سامانی ڕاستەقینەیە. کڕینی خواردنی کوالێتی، بەشداری کردن لە چالاکی وەرزشی، چاودێری پزیشکی بەردەوام، و تەنانەت چارەسەری دەروونی کاتێک پێویستە، وەبەرهێنانێکی گرنگە. لە داهاتوودا بۆ چاکبوونەوەت لە نەخۆشی زۆر گرانتر لەسەرت دەکەوێت وەک لەوەی ئێستا خۆتبپارێزیت.
٣. ئەزموون لە جیاتی شت: لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە ئەزموونەکان بەختەوەرییەکی درێژخایەنتر دەبەخشن لە شتە مادییەکان. گەشتکردن، بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، یان فێربوونی شتێکی نوێ، یادەوەری و سەرنجڕاکێشی دروست دەکەن کە ساڵانێک دەمێننەوە. کاتێک کوتاڵێک دەکڕیت چونکە حەزت بۆی هەبووە، ماوەیەکی کاتی لات دەمێنێتەوە، بەڵام یادی سەفەرێکی جوان بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.
٤. کڕینی ئەو کەرەستانەی تەمەنێکی درێژتریان هەیە و بەکوالیتین: کاتێک شتێکی مادی دەکڕیت، کوالیتی لە ڕێژەکەی گرنگترە. پێڵاوێکی باش کە دوو ساڵ بەردەوام دەبێت باشترە لە چوار جووت پێڵاوی هەرزان کە لە شەش مانگدا دەدڕێن. ئەم تەکنیکە بۆ زۆربەی شتەکان گونجاوە، لە مۆبایلەوە تا کەلوپەلی ماڵەوە.
٥. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان: خەرجکردن بۆ کات بەسەربردن لەگەڵ خۆشەویستان وەبەرهێنانێکی بەنرخە. دیاری بۆ ئەندامانی خێزان، ڕێکخستنی کۆبوونەوە لەگەڵ هاوڕێکان، یان یارمەتیدانی کەسێک کە پێویستی بە هاوکارییە. هەموویان بەهایان هەیە. پەیوەندییە بەهێزەکان یەکێکن لە گرنگترین هۆکارەکانی بەختەوەری مرۆڤ.
٦. کات و ئاسوودەیی: هەر شتێک کە کاتت بۆ بپارێزێت یان ژیانت ئاسانتر بکات شایەنی پارە خەرجکردنە بۆی. ئامێرێک کە کارێکی ماندووکەر خێراتر ئەنجام دەدات، یان خزمەتگوزارییەک کە کاتت بۆ دەپارێزێت بۆ شتی گرنگتر، دەتوانێت بەهادار بێت. کات تاکە سەرچاوەیەکە کە ناتوانین زیاتر بە دەست بهێنین.

ئەو شتانە چین کە شایەنی کڕینی نین؟
هەندێک شت هەن کە زۆرجار پارەمان بە فیڕۆدەدەن، لەوانە خواردنی دەرەوە بە شێوەیەکی بەردەوام و زۆر، کڕینی شتی ناپێویست تەنها لەبەر ئەوەی داشکانیان لەسەر هەبووە یاخود پارەمان پی بووە، بەشداریکردن لە خزمەتگوزارییەک کە بەکاریان ناهێنین، یان کڕینی شتی گرانبەها تەنها بۆ نیشاندانی خۆمان.
چۆن بتوانین ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگی لەم نێوانەدا؟
پرسیارەکانی خوارەوە لە خۆت بکە پێش هەر بڕیارێکی کڕین:

  • ئایا ئەم شتە ژیانم باشتر دەکات؟
  • ئایا دوای مانگێکیش هێشتا دەتوانم بەکاری بهێنم؟
  • ئایا هەمان کات یان پارە بۆ شتێکی گرنگتر بەکارناهێنم؟
  • ئایا لەبەر ویستی ڕاستەقینە دەیکڕم یان لەبەر حەزی خۆم؟                                                                                                     دەرەنجام:
    بەهای ڕاستەقینە لە شتەکاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە چۆن دەتوانن ژیانمان دەوڵەمەندتر بکەن. وەبەرهێنان لە خۆمان، تەندروستیمان، ئەزموونەکانمان و پەیوەندییەکانمان دەگەڕێننەوە بەشێوەیەک کە هیچ شتێکی مادی ناتوانێت. کاتێک لەم چوارچێوەیەدا بڕیار دەدەین، دەتوانین پارەمان بەکاربهێنین بۆ دروستکردنی ژیانێک کە بەڕاستی شایەنی ئەوەیە ژیانی تێدابکەین.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *