٦ یاسا بۆ فرۆشتنی سەرکەوتوو

2.3
(3)

 

فرۆشتن وەک چێشتلێنان وایە، تێکەڵەیەکە لە زانست و هونەر. ئێمە ئەمڕۆ ٦ یاسای بنچینەیی لە فرۆشتندا باس دەکەین، زۆر پێویستە ئەم شەش یاسایە پەیڕەو بکەیت بۆ ئەوەی بزنسەکەت زیاتر و زیاتر بەرەوپێش ببەیت.

 

 

یاسای یەک: بزانە کێ کڕیاری تۆیە

یەکەم یاسای سەرکەوتن لە فرۆشدا ئەوەیە بزانیت کڕیارە سەرەکییەکانت کێن؟ هەرگیز ناتوانیت سەرکەوتوو بیت لە بزنسدا گەر نەزانیت کام جۆرەی خەڵک لە کۆمەڵگادا کڕیاری تۆن. ئەمە زۆر ڕوون و سادەیە، بەڵام زۆرێک لە خاوەن کارەکان هیچ بیرۆکەیەکیان نییە دەربارەی ئەوەی کڕیارەکانیان کێن. دوای دۆزینەوەی ئەوەی کڕیارەکانت کێن، یەکەم ئەرکی تۆ وەک فرۆشیار، جیاکردنەوەی کڕیارە ڕاستەقینەکانە لە کڕیارە ناڕازییەکان. کاتێکی پێویست تەرخان بکە و پرسیار لە دەوروبەرەکەت بکە.

 

یاسای دوو: متمانە دروست بکە

یەک شت وەکو ناوی خۆت بزانە! کڕین هەستییە و بە هیچ جۆرێک مێشک بڕیار نادات لە کڕیندا، کەوایە شێوازی هەستکردنی کڕیار بەرامبەر بە فرۆشیارەکە بڕیاری کڕین یاخود نەکڕینی کاڵاکە دەدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​کڕیار سەرەتا بیر لەوە دەکاتەوە ئەم کاڵایە و ئەم بزنسە و ئەم فرۆشیارە تا چەند لەگەڵ هەست و سۆزەکانیدا یەک دەگرێتەوە. بزانە! بۆ کڕیار، دروستکردنی هەست و سۆز گرنگترە لە خودی کاڵاکە. پێشتر لە ڤیدیۆکان و خولەکان و کتێبەکانماندا چەندین جار وتومانە کە: متمانە گرنگترین هۆکاری کڕینە. کڕیار دەبێت متمانەی تەواو بە تۆی فرۆشیار بکات و متمانەی ڕەهای هەبێت کە تۆ سوودمەندبوونی کڕیارەکەت مەبەستە. هەروەها دەبێت بزانیت کە بەتەنها قسەکردن نابێتە هۆی فرۆشتن. متمانە زۆر لە قسەکردن بەهێزترە. گوێگرتنیش متمانە دروست دەکات. تا زیاتر گوێ لە قسەکانی کڕیار بگریت، زیاتر حەز و متمانەی بە تۆ زیاتر دەبێت و کاڵاکانت قبوڵ دەکات. ڕاوێژپێدان و گوێگرتن لە کڕیار دوو هۆکاری زۆر کاریگەرن لە فرۆشدا.

 

یاسای سێ: بزانە کڕیار چیی دەوێت

زۆرێک لە کڕیاران کاتێک قسەت لەگەڵ دەکەن نازانن پێویستییان بە چییە و دەبێت چی بکڕن و چی باشە بۆیان. کڕیارەکان کەسانی دوودڵن. کاتێک لەگەڵ کڕیارێک قسە دەکەیت، ڕەنگە ئەو شتەی ئەو دەیەوێت کەمێک نهێنی و تایبەتی بێت، یان ناڕوون بێت، یان ناڕاستەقینە بێت. تۆی فرۆشیاریش لەکاتی ڕاوێژدان بە کڕیار، پێویستە ئارام و لەسەرخۆ بیت و قسەکانت بە کورتی و پوختی و ڕوونی بکەیت. خراپترین فرۆشیار ئەو کەسەیە کە هەرچی دێتە مێشکی دەیڵێت و لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی تر باز دەدات. هیچکام لە قسەکانی تەواو ناکات و لەناوەڕاستی هەر قسەیەک شتێک دێتە مێشکی و ڕاستەوخۆ ئەوەشی پێ دەڵێت، ئەم فەرتەنەیە کە تۆ دروستی دەکەیت، متمانەت لای کڕیارەکە کەم دەکاتەوە و فرۆشتنەکە زۆر قورس و ئاڵۆز دەکات.

 

یاسای چوار: کاڵایەکی گونجاو پێشنیار بکە

پێشکەشکردی کاڵای گونجاو ڕێگایەکی تری فرۆشتنی بێ سەرئێشەیە. بەڵام هەموو پێشکەشکردنێک مەرج نییە دروست بێت، کواڵتی پێشکەشکردنەکە دیاری دەکات کە کڕیارەکە دەکڕێت یان نا. کاڵایەک بۆ کڕیارەکە پێشنیار بکە کە لەگەڵ باری دارایی و پێویستی و تێگەیشتویی کڕیارەکەدا یەک بگرێتەوە.

 

یاسای پێنج: پێشنیاری کڕین

ڕەنگە سادەترین تەکنیک بۆ ئەنجامدانی فرۆشتن پێشنیارکردن بێت بۆ کڕین. زۆرێک لە کڕیاران تەنها یەک هەنگاو لە کڕین دوورن. تەنها پێویستییان بە کەمێک هاندانە تا لێت بکڕن. ئەگەر متمانەیەکی تەواو دروست بکەیت، بە وردی پێویستییەکانی کڕیار دەستنیشان بکەیت و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی کڕیارەکە بدەیتەوە، ئەوا فرۆش ئۆتۆماتیکی بەرەو ئەنجامدان دەڕوات.

 

یاسای شەش: ڕاکێشانی کڕیارەکە تا دووبارە بکڕێت

ئەم یاسایە گرنگترین بەشی پرۆسەی فرۆشتنە. بەتەنها فرۆش بەس نییە، دەبێت ئاگاداری کڕیارەکانت بیت و بەردەوام لە پەیوەندیدا بیت لەگەڵ کڕیارەکانت تا دووبارە کڕینت لێ بکەن و بزنسەکەت بە هاوڕێکانیان بناسێنن. کڕیارەکانت دەتوانن وابکەن تۆ ببیتە ملیۆنێر، بەهەمانشێوەش دەتوانن وابکەن ئیفلاس بکەیت. نەک تەنها هاوڕێ، کڕیارەکانت دەتوانن بزنسەکەت بناسێنن بە: خزم، مامۆستا، هاوپۆل، هاوکار، هاوپیشە، یان خوشک و براکانیان. بۆیە کڕیارەکانت بە کەم سەیر مەکە.

 

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

داواکردنی کتێبەکان

داواکردن

تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 2.3 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 3

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *