هەڵبژاردنی کارمەندێکی گونجاو کلیلی سەرکەوتنی تۆ و بزنسەکەتە. هیچ شتێک لە بنیاتنانی داهاتووی بزنسەکەت گرنگتر نییە. یەک هەڵە لە هەڵبژاردنی هەرشتێکدا دەکرێت ببێتە هۆی کەمیی فرۆش و توانای کارکردنی خۆت و کارمەندەکانت و شکست لە بوارێکی گرنگی بزنسەکەتدا و زۆرجاریش شکستی تەواوی بزنسەکە.
یەکەم یاسای بەڕێوەبردن، هەڵبژاردنە
برایان ترەیستی دەڵێت: ٩٥٪ سەرکەوتنی بزنس پەیوەستە بەو کەسانەی کە هەڵیدەبژێریت بۆ کارکردن. ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بە دروستی بکەیت، ئیتر هەموو شتێکی تر بە دروستی ئەنجام دەدرێت. ئەگەر کەسانی هەڵە هەڵبژێریت، هیچی تر بە باشی ناڕوات.
یاسایەک هەیە دەڵێت “ئەگەر بەپەلە کەسێک بەکرێ بگریت، دواتر پەشیمان دەبیتەوە”. زۆرێک لە سەرچاوەی کێشەکان لە بەڕێوەبردندا لە هەڵبژاردنی کەسێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە کەسێکی نەگونجاو بێت. کاتێک ئەو کەسە دەستی بە کار کرد و ڕوون بووەوە کە کەسی گونجاو نییە، دەبێت کات و وزە و توانایەکی زۆر بەفیڕۆ بدەیت بۆ پاساوهێنانەوە و ڕەخنەگرتن بۆ ئەو بڕیارە هەڵەیەی کە داوتە.
یەکێک لە یاساکانی دامەزراندنی باش ئەوەیە: “درەنگ وەریبگرە بگرە و زوو دەریبکە”. پێش ئەوەی کەسێک دابمەزرێنیت، سەرەتا کاتێک بۆ بڕیارێکی دروست تەرخان بکە. بەڵام ئەگەر بۆت دەرکەوت کە هەڵەت کردووە، پێش ئەوەی زیانی زیاترت پێ بگەیەنێت، کارێکی تری لە شوێنێک بۆ بدۆزەرەوە یان لە کارەکەی دووریبخەرەوە.
دامەزراندنی کارمەندی گونجاو هونەرە
هونەریش نابێت پەلەی تیا بکرێت. هەڵبژاردنی کارمەندی گونجاو پێویستی بە گرنگیدان و تەرکیز و بیرکردنەوەیەکی زۆر هەیە. ئەگەر بەڕاستی دەتەوێت کەسانی باش لە خۆت کۆبکەیتەوە، پێویستە کاتی پێویست بۆ ئەو مەسەلەیە تەرخان بکەیت.
هەڵبژاردنی کەسی هەڵە تێچووی زۆری دەبێت
شارەزایانی دامەزراندنی کارمەند مەزەندە دەکەن کە دامەزراندنی هەڵەی کەسێک لە هەر بزنسێکدا سێ بۆ شەش هێندەی ئەو مووچەیەی کە بڕیارە لە ساڵێکدا بیدات زەرەری دەبێت. واتە ئەگەر کەسێک دابمەزرێنیت بە مووچەی ساڵانەی 10ملیۆن دینار و ئەو کەسە بە باشی کار نەکات، ئەوا تێچووی ئەم هەڵەیە لە نێوان 30 ملیۆن بۆ 60 ملیۆن دیناردا دەبێت بۆ خۆت و بزنسەکەت.
ئایا ئەو ژمارانە زیادەڕۆییان تێدا نەکراوە؟
نەخێر هەرگیز. سەرەتا تێچووی کاتە لەدەستچووەکان، واتە ئەو کاتەی کە بەسەرت بردووە بۆ چاوپێکەوتن و دامەزراندنی و ڕاهێنانی ئەو کەسە. هەروەها ئەو کاتە لەدەستچووەی هەموو ئەو کەسانەی تر کە بەشداربوون لە پرۆسەی دامەزراندنی کارمەند لە ناوەوە و دەرەوەی بزنسەکەت. کە ئەم کاتانە بە هیچ پارەیەک ناکڕدرێتەوە.
هەروەها هەموو ئەو پارانەی بەهۆی ئەم کارمەندەوە لە گیرفانی کڕیارەکاندا ماوەتەوە و نەهاتوەتە ناو بزنسەکەتەوە. نەک هەر ئەوە، ئەو پارانەش کە لە کڕینی جلوبەرگ یان خواردن یان کرێی گواستنەوەدا بۆ کارمەندەکە سەرفت کردووە.
لە کۆتاییدا
ئەوە کاتەی لەدەستت دەچێت لەو کاتەی بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێیت بۆ ئەو کارمەندەی بەهەڵە داتمەزراند. جگە لەوەش کات و هەست و وزەت بەفیڕۆچووە بەهۆی شتێکەوە کە کاریگەری زیانبەخش و نەرێنیی لەسەر بزنسەکەت هەبووە.
باشترین بزنس و باشترین بەڕێوەبەر، باشترین کارمەند دادەمەزرێنێت. ئەمە جگە لەوەی کات و پارەی بۆ دەگەڕێنێتەوە، لەهەمانکاتیشدا وا دەکات بزنسەکە لە بازاڕدا وەک براندێک بناسرێت و لە ئەنجامدا ئەم بەڕێوەبەرانە بە ئاسانی دەتوانن کەسانی زیاتر و باشتر بۆ بزنسەکە دابمەزرێنن.
بۆیە باشترە پێش دامەزراندنی کارمەندێکی نوێ بە وردی و وریاییەوە بیربکەیتەوە.
داواکردنی کتێبەکانمان
ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان