سوود وەرگرتن لە کاتە بەتاڵەکان

4.1
(7)

 

لە جەژن و پشووەکاندا زۆربەی خەڵک کاتەکانیان تەنها بە ئیسراحەتکردن و گەڕان و پێکەنینەوە بەسەردەبەن و چێژ لەو کاتە بەتاڵەیان وەردەگرن. لە لایەکی ترەوە خاوەنکارەکان دەتوانن ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ پەرەپێدانی بزنس و گەشەی کەسی خۆیان. لەم مەقالەی ئەمڕۆدا ٥ پێشنیار بۆ بەکارهێنانی گونجاوی پشووەکان بۆ خاوەنکارەکان باسدەکەین.

 

  1. پلان

پشوو دەرفەتێکی باشە بۆ خاوەنکارەکان بۆ پێداچوونەوە و شیکردنەوەی ئامانجەکانیان و پێداویستییە کەسییەکانیان. بۆ نموونە: دەتوانیت ئامانجی نوێ دابنێیت و پلانێک دابڕێژیت بۆ بەدیهێنانی بەپێی پێویستی بازاڕ و توانای بزنسەکەت.

 

هەروەها پشووەکان دەرفەتێکن بۆ پێداچوونەوە بە بەها و ئەولەویەتە کەسیەکانت. کاتێکی گونجاوە بۆ قووڵبوونەوە و وەک خاوەنکارێک ورد ببیتەوە لەوەی کە ئایا هێشتا لەسەر ڕێگا ڕاستەکەیت و دەتوانیت چ گۆڕانکارییەک لە بزنسەکەتدا بکەیت و کاربکەیت بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام.

 

  1. کەسانی نوێ

پشووەکان دەرفەتێکن بۆ دروستکردنی پەیوەندی نوێ. وەک هەر تێکەڵی خەڵک دەبیت بۆ کات بەسەربردن، سوود لەو تێکەڵبوونە وەربگرە و خاوەنکاری دیکە لەم بوارەدا بناسە.

 

    3. لێهاتوویی

جەژنەکان دەرفەتێکی باشە بۆ بەرزکردنەوەی توانا و لێهاتوویی کەسی. وەک خاوەنکارێک دەتوانیت سوود لەم دەرفەتە وەربگریت بۆ بەشداریکردن لە خول و سیمینار و خوێندنەوەی کتێب. بۆ نموونە ئەگەر کاری مەندووبی دەکەیت، دەتوانیت بەشداری لە خولی تایبەت مەندووبی بکەیت و زانیاریەکانت بەرەوپێش ببەیت. ڕەنگە باشترین بژاردە خولی ئۆنلاینەکان بێت. چونکە لەهەموو کاتێکدا دەتوانیت بەشداری ئەم خولانە بکەیت.

 

  1. دڵەڕاوکێ

بەو پێیەی پشووەکان کاتێکە کە هەمووان پشوو دەدەن و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن، دەکرێت خاوەنکارەکان دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ کەمکردنەوەی فشار و باشترکردنی لایەنی تەندروستی و دەروونی خۆیان. لەگەڵ پلاندانان بۆ بزنس و پارەدا، پلانیش بۆ کات بەسەربردن لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانتدا دابنێ، تۆپ، وەرزش، ڕاکردن، شەتڕەنج و دۆمینە، دەیان یاری و هۆکاری کات بەسەربردن هەیە کە دەتوانیت چێژیان لێ ببینیت.

 

  1. هەڵسەنگاندن

پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی شێوازی کارکردنت یەکێکە لە سووچە گرنگەکانی بەڕێوەبردن. هەڵسەنگاندنی شێوازی کارکردنی خۆت و کارمەندەکانت لە ماوەی ڕابردوودا ڕێگەت پێدەدات خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بزنسەکەت بدۆزیتەوە و پێداچوونەوە بە پێشکەوتن و سەرکەوتنەکاندا بکەیت و وانە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وەربگریت. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن بە ستراتیژی نوێتر و پراکتیکی کاریگەرتر.

 

پشوو زووتر لەوەی بیری لێدەکەیتەوە کۆتایی دێت. بۆیە بێ پلان مەبە. بۆ هەر ڕۆژێک پلانێکت هەبێت. ئەگەر پشوویەکی باش وەربگریت، دوای پشووەکە هەست بە باشتربوون دەکەیت و دەتوانیت ساڵی کارکردنت وەک خاوەنکارێک سەرکەوتووتر بەرەو پێشەوە ببەیت.

 

داواکردنی کتێبەکانمان

 

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 4.1 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 7

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *