دوو بیرۆکەی بزنسم هەیە! نازانم کامیان هەڵببژێرم چی بکەم؟

یەکێک لە هۆکارەکان بۆ شکست هێنانی بزنس ئەوەیە: کە خاوەنبزنسەکە لە بژاردەیەک زیادتر لە مێشکیدا هەیە، کە ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی تەواوی وزەی خۆی لە بزنسەکەدا بەکار نەهێنێت و بە شێوەیەک بیر بکاتەوە کە ئەگەر ئەم بزنسە سەرکەتووش نەبوو دانەیەکی دیکە دروستدەکەم. هەروەها هەبوونی زیاتر لە بژاردەیەک لە مێشکی مرۆڤدا دەبێتە هۆکار بۆ ڕاڕای و دوودڵی لە هەڵبژاردندا کە ئەگەر بەبێ یەکلابوونەوە هەر بزنسێک هەڵبژێریت هەمیشە هەستێکت هەیە کە ئەگەر بزنسەکەی دیکەت هەڵببژاردایە قازانجی دەکرا باشتر بێت.

ئەمە قۆناغێکی زۆر هەستیار و پڕ لە جۆش و خرۆشە. زۆربەی کات کێشەکە نەبوونی بیرۆکە نییە، بەڵکو دیاریکردنی باشترینیانە.

 

لەم مەقالەیەدا ڕێگە نیشاندەرت دەبین کە چۆن لە نێوان دوو بیرۆکەدا بڕیار بدەیت و چ پێوەرێک بەکاربهێنین:

​چۆن لەنێوان دوو بیرۆکەی بزنسدا یەکێکیان هەڵدەبژێریت؟

​کاتێک لەبەردەم دوو بژاردەی سەرنجڕاکێشدا وەستاویت، مێشک زۆرجار تووشی “ئیفلیجیی بڕیاردان” دەبێت. بەڵام بزنس تەنها خەون نییە، بەڵکو ژمارە و واقیع و گونجانە. بۆ ئەوەی بزانیت کامەیان بۆ تۆ و بۆ بازاڕ گونجاوترە، دەبێت ئەم ٤ هەنگاوە پەیڕەو بکەیت:

 

​١. پێوەرە بنەڕەتییەکانی هەڵبژاردنی بزنس:

​پێش ئەوەی دەست پێ بکەیت، هەردوو بیرۆکەکە بخەرە ناو ئەم تاقیکردنەوەیە:

  • گونجان لەگەڵ حەزی خۆمان:

ئایا کام لەم دوو بیرۆکەیە زیاتر وات لێدەکات بەیانیان بە پەرۆشی بۆ ئەنجامدانی کارەکانت لە خەو هەستیت؟ بزنس ڕێگایەکی سەختە؛ ئەگەر حەزت لێی نەبێت، لە نیوەی ڕێگاکەدا بێزار دەبیت و وازدەهێنیت، بە واز هێنان تەواوی هەوڵ وماندووبوونت بەفیڕۆ دەڕوات.

 

  • توانای جێبەجێکردن :

ئایا بڕی پێویست لە کام لەمانەت هەیە؟ (پارە، کات، شارەزایی). بیرۆکەیەکی مامناوەند کە بتوانیت دەستی پێ بکەیت و لەگەڵ شارەزای و ئەو بڕە پارەیەی کە هەمانە بگونجێت، باشترە لە بیرۆکەیەکی بلیمەتانە کە تەنها لەسەر کاغەز بمێنێتەوە و نەتوانیت لە دنیای واقیعدا جێبەجێی بکەین بەهۆی بەرزی تێچووی دروستکردنی یاخود کەمی شارەزایمان لە بوارەکەدا.

 

  • پێویستی بازاڕ:

ئایا خەڵک بەڕاستی پێویستیان بەم خزمەتگوزارییە یان کاڵایە هەیە؟ یان تەنها تۆ پێت وایە شتێکی گرنگ و پێویستە؟ چونکە ئەگەر وردبینی باش نەکەیت توشی شکستی گەورە دەبیت لەسەر بڕیارێکی هەستی کە حەزت کردووە کاڵایەک بفرۆشیت یان خزمەتگوزارییەک بۆ خەڵکی دابین بکەیت کە بە ڕاستی پێویستیان نییە.

 

  • قازانج و گەشە :

دووربین ببە و بزانە کە کام بزنسەیان دەتوانێت لە داهاتوودا گەورەتر بێت بەبێ ئەوەی تێچووەکەی بە شێوەیەکی زۆر زیاد بکات؟

​٢.  بەراوردکاردن:

​بۆ ئەوەی بڕیارەکەت زانستی بێت، خشتەیەک دروستبکە و نمرە بدە بە هەردوو بیرۆکەکەت (لە ١ بۆ ١٠) لەسەر ئەم پێوەرانە:

١. تێچووی سەرەتای دروستکردنی بزنسەکان چۆنە؟ (کەم بێت نمرەی بەرزتر پێدەدرێت).

٢. ئاستی شارەزایی تۆ لە هەریەک لە بزنسەکان چەندە؟

٣. هەر یەک لە بزنسەکان لە ڕووی ڕکابەری بازاڕەوە چۆنن؟  (هەر کامیان ڕکابەری نزمتربێت نمرەی بەرزتر پێدەدرێت.

٤. خێرای ساخ بوونەوەی بەرهەمەکە و گەڕانەوەی قازانج. (هەر کامیان خێرای ساخکردنەوە و گەڕانەوەی قازانجی زیادتر بوو بەرزتر پێدەدرێت).

 

 

٣. تاقیکردنەوەی بزنسەکەمان بە بچووکی:

​ئەگەر دوای هەڵسەنگاندنی بزنسەکان بە گوێرەی پێوەرەکان هێشتا دوودڵیت، باشترین ڕێگە تاقیکردنەوەی بزنسەکەمانە بە قەبارەیەکی بچووک:

 

  • لاپەڕەیەکی سۆشیاڵ میدیا بۆ هەر یەکێکیان دروست بکە.
  • بۆ ماوەی یەک هەفتە ناوەڕۆکیان بۆ دابنێ.
    ​بزانە کامەیان سەرنجی خەڵک و پرسیاری زیاتری بۆ دێت. بازاڕ درۆ ناکات؛ ئەگەر کڕیار هەبوو، واتە بیرۆکەکە سەرکەوتووە.

​٤. بڕیاری کۆتایی بدە و یەک بزنس هەڵببژێرە:

​گەورەترین هەڵە ئەوەیە هەوڵ بدەیت هەردوو بزنسەکە پێکەوە بەڕێوەببەیت. ئەمە وزەت بڵاو دەکاتەوە دەکات. یەکێکیان هەڵبژێرە و تەواوی توانای خۆتی بۆ تەرخان بکە. ئەوەی تریش وەک “پلانی ب” لە مێشکتدا بهێڵەرەوە بۆ کاتێک کە یەکەم بزنست سەرکەوتوو بوو و گەشتە خاڵیک کە بتوانیت بەبێ سەرقاڵی بەردەوامی خۆت بەڕێوەبچێت.

​تێبینییەکی گرنگ:

زۆرجار ئەو بیرۆکەیەی کە “کەمترین سەرکێشی” تێدایە و “زۆرترین شارەزاییت” تێیدا هەیە، باشترین خاڵی دەستپێکە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *