جیاوازی نێوان بازاڕی هەیە و کڕیار هەیە چییە؟

جیاوازی نێوان بازاڕی هەیە و کڕیار هەیە چییە؟ 

 

بازاڕگەریی  و گەشەکردنی بزنس لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ورد لە ڕەفتاری کڕیار بەندە. یەکێک لە باوترین هەڵەکان کە خاوەنکاران، بەتایبەت لە بازاڕی کوردستاندا تێی دەکەون، تێکەڵکردنی دوو چەمکی جیاوازە:

(بازاڕی هەیە) لەگەڵ (کڕیاری هەیە).

لە ڕوکاری دەرەوەدا ڕەنگە ئەم دوو دەستەواژەیە یەک مانا ببەخشن، بەڵام لە واقیعدا جیاوازیی نێوانیان سنووری نێوان سەرکەوتن و شکستی بزنسەکەیە.

 

لەم وتارەدا ڕوونی دەکەینەوە کە جیاوازی نێوان بازاڕی هەیە و کڕیاری هەیە چییە:

 

بازاڕی هەیە: ئاماژەیە بۆ بوونی توێژێک لە خەڵک کە پێویستییان بە بەرهەمێک یان خزمەتگوزارییەک هەیە، یان کێشەیەکیان هەیە کە چارەسەر دەوێت.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئامادەن لەم ساتەدا پارەکەیان بدەن بە تۆ.

 

کڕیاری هەیە: بریتییە لە بوونی کەسانێک کە نەک هەر پێویستییان هەیە، بەڵکو:

  • هۆشیاریی چارەسەر.
  • بڕیاری کڕین.
  • توانای داراییی دیاریکراویان هەیە بۆ دانانی پارە لە بەرامبەر ئەو بەهایەی پێشکەشیان دەکەیت.

 

چۆن ئەم هەڵەیە لە بازاڕدا ڕوودەدات؟

لە ژینگەی کارکردنی ناوخۆدا، زۆرجار قسەی دەماودەم یان حەزی گشتی تێکەڵ بە واقیع دەکرێت. بۆ نموونە:

 

١.پشتبەستن بە ڕاپرسیی سەرپێیی: کەسێک دەپرسێت: ئایا حەز دەکەن ناوەندێکی ڕاهێنانی لەو شێوەیە هەبێت؟

  • هەموان دەڵێن بەڵێ، بیرۆکەیەکی نایابە.
  • بازاڕی هەیە.

بەڵام کاتێک ناوەندەکە دەکرێتەوە، کەس ئامادە نییە بڕی تێچووەکەی بدات (کڕیار نییە).

 

٢.لەبەرچاونەگرتنی ئەولەویەتی خەرجکردن: بەهۆی نادیاریی دۆخی ئابووری و جیاوازیی ئاستی داهات لە کوردستان، خەڵک لەوانەیە حەز لە کاڵا یان خزمەتگوزارییەک بکەن، بەڵام لە کاتی کرداردا پارەکانیان تەنیا بۆ پێداویستییە سەرەکییەکان تەرخان دەکەن.

 

 

هەنگاوە کردارییەکان بۆ دەستنیشانکردنی کڕیاری ڕاستەقینە چییە؟

بۆ ئەوەی نەکەویتە ئەم تەڵەیەوە، پێویستە پێش دەستپێکردن ئەم هەنگاوانە بنێیت:

تاقیکردنەوەی بچووک: پێش وەبەرهێنانی گەورە، نموونەیەکی سەرەتایی لە خزمەتگوزاری یان کاڵاکەت بخەرە ڕوو؛ بزانە خەڵک ئامادەیە پێشەکی پارە بدات یان نا.

لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنەر: بزانە کە ئایا کڕیار تەنیا پێویستیی هەیە، یان پێویستییەکەی گەیشتووەتە ئاستێک کە ئامادەیە پارەی بۆ خەرج بکات.

شیکاریی توانای دارایی و ئارەزوو: جیاوازی بکە لە نێوان ئەوەی کێ حەزی لێیە، و کێ ئامادەیە بیکڕێت

.

بازاڕی گەورە مەرج نییە سەرکەوتن مسۆگەر بکات، بەڵکو تێگەیشتن لە ڕەفتاری کڕیاری ڕاستەقینە و دروستکردنی بەهایەک کە ئامادە بن پارەی بۆ بدەن، بڕبڕەی پشتی دەستپێکردنی هەر بزنسێکە.

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *