بۆچی پەیجەکەم فرۆشی نییە؟

زۆر کەس دەپرسن پەیجمان هەیە، ڕۆژانە پۆستی جوان دەکەین، بەڵام فرۆشمان کەمە یاخود نیمانە. ئەگەر بەرودۆخی تۆ ئێستا لەم حاڵەدایە، ئەوە بزانە کە تەنها تۆ نیت و کێشەی زۆرینەی خاوەنپەیجەکانە. کێشەکە لە تۆدا نییە، یاخود کێشەکە لە کاڵاکەتدا نییە، بەڵکو دەکرێت کە کێشەکە لە شوێنێکدا بێت کە بیرت بۆی نەچووە.

لەم مەقالەیەدا باس لە ٦ خاڵ دەکەین کە دەکرێت هۆکار بن بۆ کەمی یان نەبوونی فرۆش لە پەیجەکەماندا:

١. فۆڵۆوەرت هەیە، بەڵام کەسە ڕاستەکە نین:

ژمارەی فۆڵۆوەر گرینگ نییە ئەوەی کە گرنگە جۆری فۆڵۆوەرەکانمانە.

ئەگەر ١٠,٠٠٠ فۆڵۆوەرت هەیە بەڵام هیچکام لەوانە کڕیاری تۆ نین، ئەوا ئەو ١٠,٠٠٠ کەسە سودێکیان بۆ تۆ نابێت.

خۆت بپرسە:
– فۆڵۆوەرەکانم چییان دەوێت؟
– ئایا کاڵاکەم کێشەیەکی ئەوان چارەسەر دەکات؟

چارەسەر:  کۆنتێنتەکەت بگۆڕە. لەجیاتی ئەوەی کار بکەیت تا هەموو کەسێک تۆ ببینن، گۆڕانکاری بکە بۆ ئەوەی ئەو کەسەی کە دەتوانێت کاڵاکەت بکڕێت بتبینێت.

٢.  کۆنتێنتت باشە بەڵام پەیوەندیی بە کاڵاکەت نییە:

یەکێکیتر لە کێشە زۆر باوەکان ئەوەیە کە کۆنتێنتێکی باشت هەیە بەڵام پەیوەندی بە کاڵاکەتەوە نییە کە دەیفرۆشیت.
بۆ نموونە پەیجێکمان هەیە لەسەر موتیڤەیشن (هاندان)، بەڵام دەیەوێت خول بفرۆشێت. یان پەیجێک دروست دەکات لەسەر ژیان و ڕۆتینی ڕۆژانە، بەڵام دەیەوێت کاڵای ماکیاژ بفرۆشێت.

فۆڵۆوەرەکان دێن بۆ ئەو کۆنتێنتە کە دەیبینن، نەک بۆ ئەو کاڵایەی کە دەیفرۆشیت. کاتێک کاڵاکەت پێشکەش دەکەیت ناگونجێت لەگەڵ چاوەڕوانییەکانیان، ئەوا نایکڕن.

چارەسەر:  کۆنتێنتەکەت بکە پردێک بۆ کاڵاکەت. فێریان بکە، ئاگادارییان بکەوە، پاشان کاڵاکەت پێشکەش بکە.

٣. (CTA) نییە:

(CTA) بریتییە لەوەی داوا لە خەڵکی دەکەیت کە کارێک ئەنجام بدەن، کاتێک لە ناو پۆست و ڕێڵ و ستۆرییەکانتدا بەکاری ناهێنیت خاڵک نازانن چی بکەن، لەوانەیە حەزیان بۆ کاڵاکەت هەبێت بەڵام نەزانن بە ڕاستی چۆن دەستیان بکەوێت.

چارەسەر: پێویستە دوای نیشاندانی کاڵاکەمان داوا لە بینەر بکەین کە کارێک ئەنجام بدات، بۆ نموونە:

ئێستا بیکڕە،

ئێستا داوای بکە،-

“لینک لە بایۆدایە، کلیک بکە”
– “نامەمان بۆ بنێرە بۆ زانیاری زیاتر”
– “ئێستا سەفەرەکەت لەگەڵ ئێمە بکە”

٤. هێشتا متمانەی بە کاڵاکەت نییە:

خەڵک لە کەسی کڕین دەکات کە متمانەیان پێیان هەیە.  ئەگەر پەیجەکەت تازەیە، یان هیچ فیدباکێکت نییە، یان زانیاری کەمت بڵاوکردۆتەوە، ئەوا کڕیار دودڵ دەبێت.

چارەسەر:
– فیدباکی کڕیارەکانی پێشوو بڵاو بکەرەوە
– پشت کامێرە نیشان بدە، چۆن کاڵاکەت دروست دەکەیت
– خۆت بەرهەمەکەی خۆت بەکار بهێنە. نیشانیان بدە تۆ خۆت کاڵاکانی خۆت بەکاری دەهێنیت، ئەمە متمانەسازی دروستدەکات.

٥. نەبوونی نرخ لەسەر پۆستەکان:

زۆرینەی پەیجەکان نرخ لەسەر پۆست و بەرهەمەکانیان نانووسن، کە ئەمەش خەڵکی دەترسێنێت و پێیان وایە ئەگەر نامە بنێرن خاوەنپەیج نرخێکی زۆر دەڵێت.
کاتێک نەرخت لەسەر پۆستەکانت نەنوسیووە، خەڵکی دودڵ دەکەیت. کاتێک داوایان لێ دەکەیت بۆ زانینی نرخ نامەمان بۆ بنێرن ڕاستە CTA بەکار هێناوە بەڵام لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا کەس نرخەکە ناپرسێت چونکە متمانەسازی دروست نەبووە.

چارەسەر:
– نرخ بەئاشکرا بنووسە
– بەهای کاڵاکەت ڕوون بکەرەوە، بۆچی بەم نرخە دەیفرۆشیت
– لە حاڵەتێکدا ئەگەر نرخەکەت زیاتر یان کەمتر بوو لە بازاڕ، ڕوونکردنەوەیەک بدە و هۆکارێکی کاریگەر بخە ڕوو.

 ٦. پرۆسەی کڕین پڕۆسەیەکی سەختە:

توێژینەوەیەک سەلماندوویەتی کە خەرجکردنی پارە، هێندەی کردنی دەرزییەک بە پەنجەتدا ئازاری هەیە. پڕۆسەی کڕین پڕۆسەیەکی سەختە بۆ کڕیار و خەرجکردنی پارە ئازاربەخشە.

چارەسەر:  پرۆسەی کڕین ئاسانتر بکە:
– لینکی ڕاستەوخۆ دابنێ کە کڕیار بتوانن بە ئاسانترین شێوە بینەری کاڵاکان بن و داوایان بکەن.
– ئەگەر دەتوانیت، سیستەمی کڕینی ئۆنلاین دابمەزرێنە
– نامەناردن ئاسانبکە، لە ئێستادا دەتوانین کۆمەڵە پرسیارێکی سەرەکی بنوسین، کاتێک کەسێک دێتە ناو چاتەکانمانەوە ڕاستەوخۆ بینەری بێت و بتوانێت بە کلیکێک بینێرێت. ئەمە ئیشەکە ئاسان دەکات و کڕیاریش کێشەی بۆ دروست نابێت لە پرسیار کردن.

کۆتایی:

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەت، یەکەم هەنگاو و سەرەکیترین هەنگاو ئەوەیە کە پێویستە بزانیت کێشەکەت چییە، گەڕانێکی ورد بکە و لەو کەسانە بپرسە کە نامەیان بۆ ناردوویت بەڵام کڕینییان نەکردوە، کە هۆکاری ئەنجام نەدانی کڕینەکەیان چی بوووە. کێشەکان بدۆزەوە و چارەسەریان بکە.

پێش هەموو شتێک، دووجار بیکەرەوە:

> “ئایا کۆنتێنتەکەم کڕیاری درووستم بۆ دەهێنێت؟”
ئەگەر وەڵامەکە نەخێرە — ئەوا کێشەکە لە ئەو شوێنەیە، نەک لە کاڵاکەت.
بەم شێوەیە پرسیار لە خۆت بکە تا بزانیت کێشەکە چییە و لە کوێدایە.
فرۆشتن لە سۆشیاڵ میدیادا ڕێگەیەکی تایبەتی هەیە، متمانە دروست بکە، پاشان هەوڵبدە فرۆش دروست بکەیت. کاتێک خەڵک متمانەت پێدەکەن، کڕیار خۆیان دێن بۆلات.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *