بۆچی درۆ نابێتە هۆی فرۆشی زیاتر؟

4.6
(7)

 

تا بتوانین وەڵامێکی دروستی ئەم پرسیارە بدەینەوە، سەرەتا پێویستە بزانین بۆچی فرۆشیارەکان درۆ دەکەن؟

“فرۆشیاری ڕاستگۆ” بۆ زۆرێک لە کڕیاران تەنها قسەیەکە و پێیانوایە هەموو فرۆشیارەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکانیاندا ئامادەن قسەی ناڕاست بکەن. بەڵام بۆچی فرۆشیارەکان درۆ دەکەن؟ ئێمە سێ هۆکار بۆ ئەمە دیاری دەکەین:

 

یەکەم: کاڵاکەیان ناناسن

ئەمە یەکێکە لە هۆکارە باوەکان. لەبەر ئەوەی ئەوان هیچ بیرۆکەیەکیان نییە لەبارەی ئەوەی کاڵاکە چی دەکات و چی ناکات و سوودەکانی چییە، بۆیە زیادەڕەوی لە قسەکانیاندا دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کڕیار چاوەڕوانی ئەوە دەکات فرۆشیارەکان هەموو شتێک دەربارەی ئەو کاڵایە بزانن کە دەیفرۆشن.

 

دووەم: دەیانەوێت خۆیان خۆشەویست بکەن

زۆربەی خەڵک ئارەزووی ئەوەیان هەیە کە خۆشەویست بن و خەڵکێکی زیاتر بیانناسێت. فرۆشیارەکانیش لەوە بێبەری نین؛ بۆیە درۆ لەگەڵ کڕیار دەکەن تا بەدڵیان بێت و لێیان بکڕن و وا دەریبخەن کە زۆر قسەزانن و شتانێکی زۆر دەزانن.

 

سێیەم: داهاتی زیاتریان دەوێت

هۆکاری سەرەکی درۆکردنی فرۆشیاران لەبەر ئەوەیە کە دەیانەوێت پارەی زیاتر بەدەستبهێنن. زۆربەی فرۆشیاران درۆ لەسەر کاڵاکانیان دەکەن بۆ ئەوەی فرۆشەکە بەخێرایی کۆتایی پێبهێنن و بچنە سەر کڕیاری داهاتوو.

 

بۆچی نابێت فرۆشیارەکان لە کاتی پرۆسەی فرۆشتندا درۆ بکەن؟

ئێستا باس لە ٨ زیانی درۆکردن دەکەین کە بزنسەکەت وێران دەکات!

 

1- کڕیاری نوێ لە درێژخایەندا ڕازی نابێت

ئەگەر بەڵێنی شتێک بدەیت کە بزنسەکەت نەتوانێت بیباتەسەر، ئەوا کڕیارەکە یەکسەر ئەم بەڵێنە دەبینێت و هەستە گەرم و گوڕەکەی دەگۆڕێت بۆ دوودڵی و پەشیمانی. لەوانەیە بتوانیت بە قسەی ناڕاست کاڵاکانت بفرۆشیت، بەڵام هەرگیز ئەو کڕیارە جارێکی دیکە سەردانت ناکاتەوە، ئەگەریش سەردانت بکات؛ بۆ ئەوە دێت کە پارەی کاڵاکە وەربگرێتەوە.

 

2- زیان بە ناوبانگی خۆت و بزنسەکەت دەگەیەنێت

پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن کڕیارێکی توڕەوە خراپە، بەڵام ناوزڕانی بزنسەکەت لەلایەن کڕیاری توڕەوە خراپترە. ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی شکستبهێنیت لە ڕاوێژپێدان کە لە خاڵی دواتردا باسی گرنگیی ڕاوێژ دەکەین.

 

3- هەموو ئەگەرەکانی فرۆش لەدەستدەدەیت

یەکێک لە سوودەکانی بوون بە ڕاوێژکارێکی متمانەپێکراو بۆ کڕیارەکان ئەوەیە کە پێشنیارەکانت بۆ فرۆشتی دوورمەودا قبوڵ دەکەن. بەڵام ئەگەر پێشتر ناڕاستییان لە قسەکانتدا بەدیکردبێت، ئەوا ناچار نین باوەڕ بە قسەکانت بکەن، کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە! لەوانەیە سەرەتا بە قسە ناڕاستەکە پارەیەکی باش بەدەستبهێنیت، بەڵام ئەم ناڕاستییە لە درێژخایەندا تۆڵەت لێدەکاتەوە.

 

4- ئیتر کەس کڕیاری نوێت پێ ناناسێنێت

ئەو کڕیارە نوێیانەی کە لەلایەن کڕیارە کۆنەکانتەوە ڕەوانە دەکرێن و سەردانت دەکەن یەکێکن لە باشترین بژاردەکان. ئەوان بە متمانەوە سەردانت دەکەن، بۆیە هیچ زەحمەت نییە بەوان بفرۆشیت و بەدڵنیاییەوە بەدەستی بەتاڵ لە دوکانەکەت ناڕۆنە دەرەوە.

لە ڕاستیدا ڕێژەی فرۆشتن بۆ کڕیارە ڕەوانەکراوەکان ٥٠%یە. بەڵام ئەگەر کڕیاری پێشوو کەسایەتی تۆی وەک کەسێکی بوختانچی وەرگرتبێت، ئەوا نەک کڕیاری نوێت پێناناسێنێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە تەنانەت بە خراپەش باسی بزنسەکەت دەکات و بە خەڵک دەڵێت کە سەردانت نەکەن.

 

5- لەوانەیە دوژمن دروستبکەیت

با وایدابنێین کاڵایەکت فرۆشتووە و کریارەکە کاڵاکەت بۆ دەهێنێتەوە چونکە وا دەرنەچووە کە وتووتە. لەوانەیە ئەمە ببێتە هۆی دەمەقاڵێ لە نێوان خۆت و کارمەندەکانت، بەدڵنیاییەوە ئەمەش زیانی گەورە لە بزنسەکەت دەدات.

 

6- دەنگۆی ناڕاستی پەرەپێدەدەیت

دانیاڵ پینک لە کتێبی (فرۆشتن مرۆڤە) ڕاپرسییەکی بە ناوی “لە شوێنی کارەکەت چی دەکەیت؟” ئەنجامدا. پرسیارێک لە ڕاپرسییەکەدا ئەمە بوو “کاتێک بیر لە فرۆشتن دەکەیتەوە، یەکەم وشە چییە کە دێتە مێشکتەوە؟” وە ویستویەتی بۆچوونی خەڵک لەسەر فرۆشتن بزانێت.

 

باوترین وەڵامەکان بریتیبوون لە: (دووڕوویی، گەندەڵی، قێزەون، ناپاکی، فێڵبازی، درۆ) کەوایە تۆی فرۆشیار هەرکاتێک ناڕاستانە دەدوێیت بۆ ئەوەی فرۆشتنێک بکەیت، وەک ئەوە وایە بەنزین بکەیت بە ئاگرێکدا، بە مانایەکی تر: ئەوەندەی تر متمانەی فرۆشیار لای کڕیار کەمدەکەیتەوە، بەڵام ڕەنگە پابەندبوونت بە ڕاستگۆییەوە بتوانێت ئەو تێڕوانینە نەرێنییەی کڕیار بۆ فرۆشیار بگۆڕێت.

 

7- بە دڵنیاییەوە کڕیارەکان سەرنجی درۆکەت دەدەن

کڕیارەکان لەوە زیرەکترن کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە. زۆرجار بۆیان دەردەکەوێت کە تۆ ناڕاستانە دەدوێیت و زانیاری گرنگ لەبارەی کاڵاکەوە دەپارێزیت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەری فرۆشتنەکەت زۆر کەمدەبێت. کەواتە ئەگەر ناوبەناو ناڕاستانە بدوێیت لەگەڵ کەسێک، لە درێژخایەندا کاتێک قسە ناڕاستەکانت بۆی دەردەکەون، بۆ هەمیشە جێتدەهێڵێت.

 

8- درۆ زیانی هەیە بۆ کەسایەتیشت

ڕەنگە ناڕاستانە قسەکردن و لەدەستدانی کڕیارەکانت کار بکاتە سەر متمانەی خۆشت لای جوملەچییەکان و ئەوانیش ئامادە نەبن مامەڵەت لەگەڵدا بکەن و بهێڵن بە قەرز کاڵایان لا ببەیت.

 

داواکردنی کتێبەکانمان

 

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 4.6 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 7

4 thoughts on “بۆچی درۆ نابێتە هۆی فرۆشی زیاتر؟

  1. نازە کمال says:

    لە پێشانگایەک بەشداریم کرد کڕیارەک ھات دەستی دا کاڵایەکم، پێیم گۆت مشکلەی پێستت ھەیە؟ گۆتی نەئا الحمدللە، گۆتم ئەو کاڵایەی لەدەستتە سوودی لێنابینی، دایناوە و گۆتی ئەگەر لە بازاڕ بام پێیاندەگۆتم دەی ئەتو بکڕە ببەوە بزانە چەند ئیسفادە دەکەی. ھھە، سپاس لۆ ھەبوونت کارسازی شادمان.

  2. ڕەوشت ڕزگار says:

    ئەگەر موشتەری هات و دەستی دایە هەر شتێک و فرۆشیارەکە وتی شتی چاکە ئەوکاتە موشتەریەکە گومانی بۆ دروست دەبێت لە ئەشیاکانی.
    هەر بمێنن کارسازی شادمان❤️

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *