ئەگەر ژن و پیاوێک پێکەوە هاتنە دووکانەکە چۆن مامەڵە بکەین؟
کاتێک هاوسەرێک (ژن و پیاوێک) پێکەوە دێنە ناو دوکان یان پەیجەکەتەوە، مامەڵەکردن لەگەڵیان هونەرێکی تایبەتی دەوێت. زۆر جار فرۆشیار تووشی سەرلێشێوان دەبێت کە سەرنجی لای کێ بێت.
یەکێک لە نهێنییە هەرە سەرکەوتووەکانی فرۆشتن لەم دۆخەدا ئەوەیە کە چۆن گفتوگۆکە لە نێوان خۆت و ئەواندا دابەش بکەیت.
جاری واهەیە ئەگەر فرۆشیارەکە خانمێک بێت و تەنها قسە بۆ پیاوەکە بکات، هاوسەری پیاوەکە پێی ناخۆشدەبێت و ڕێگە نادات کڕینەکە ڕووبدات. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر فرۆشیارەکە پیاوێک بێت و بەس قسە بۆ خانمەکە بکات هاوسەرەکەی پێی ناخۆشدەبێت.
کەواتە چۆن هاوسەنگی ڕابگرین؟
با بزانین بەپێی ئەم یاسایە چۆن بە سەنگینی و سەرکەوتووی معامەلەکە بەڕێوە دەبەین:
١. قسە دەرەکییەکان لەگەڵ ڕەگەزی خۆتدا بکە:
لە سەرەتای هاتنەژوورەوەیاندا کاتێک هێشتا باسی کەشوهەوا، ڕێگاوبان، یان پرسیاری گشتی دەکرێت؛ باشترین کار ئەوەیە کە ئێمە گفتوگۆکە لەگەڵ ئەو کەسە بکەین کە لە ڕەگەزی خۆمانە.
ئەگەر تۆ خانمێکی فرۆشیارین، سەرەتا پێشوازی لە خانمەکە بکە و قسە دەرەکییەکان لەگەڵ ئەودا بگۆڕەوە.
ئەگەر تۆ پیاوێکی فرۆشیارین، سەرەتا ڕوو بکەرە پیاوەکە و بە گەرمی بەخێراییهاتنی بکە.
ئەم هەنگاوە سەرەتاییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسی بەرامبەر هەست بە هیچ ناڕەحەتییەک نەکات و هەموان ئاسوودە بن.
٢. کاتێک بابەتەکە دەچێتە ناو فرۆشەوە، لەگەڵ کەسی بڕیاردەر قسە بکە:
کاتێک قۆناغی گفتوگۆی گشتی تەواو بوو و هاتنە سەر ئەوەی کام کاڵا بکڕن یان وردەکارییەکان یەکلا بکەنەوە، لێرەدا ئاراستەی قسەکان دەگۆڕێت و ڕوو لە ئەوە دەکەیت کە (کێ بڕیار لە کڕینەکە دەدات و کێ کاڵاکە بەکاردەهێنێت):
بۆ نموونە: ئەگەر خانمەکە دەیەوێت چاکەتێک یان جلوبەرگێک بۆ خۆی بکڕێت، ئەوا بابەتی هەڵبژاردن، ڕەنگ، قەبارە و وردەکارییەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ خانمەکەدا باس بکە، چونکە ئەو بڕیار لەسەر جلەکە و پێویستیی خۆی دەدات.
لە بەرامبەریشدا، ئەگەر پیاوەکە دەیەوێت شتێک بکڕێت یان بڕیاری کۆتایی لەسەر خەرجکردنی پارەکە دەدات، ئەوا وردەکارییەکانی لەگەڵ ئەودا باس بکە.
٣. ڕێزگرتن لە سنوورەکان؛ سەرکەوتنە:
کاتێک تۆ بەم شێوازە هێمن و زانستیانە قسەکان دابەش دەکەیت، دوو سوودی گەورە بەدەست دەهێنیت:
یەکەم. هاوسەنگی کلتووری و کۆمەڵایەتی دەپارێزیت: هیچ کام لە هاوسەرەکان هەست بە فەرامۆشبوون یان ناڕەحەتی ناکەن.
دووەم. پەیوەندی بە ئامانجەوە دەبەستیت: زانیاریی ورد دەدەیت بەو کەسەی کە بەڕاستی کاڵاکە دەپۆشێت یان بەکاری دەهێنێت، و ڕێز لەو کەسەش دەگریت کە پارەکە دەدات.
دەرئەنجام
فرۆشتن تەنها پێدانی کاڵا نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لە دەروون و ژینگەی کڕیار.
بە دەستپێکردنی قسەکان لەگەڵ ڕەگەزی هاوشێوەی خۆت لەسەرەتادا، و پاشان گواستنەوەی وردەکارییەکان بۆ سەر ئەو کەسەی کە کڕیارە و بڕیار دەدات، دەتوانیت بە ئاسانی معامەلەکە سەربخەیت و هەردووکیان ڕازی بنێریتە دەرەوە.
نوسین: تیمی کارسازی شادمان