ئەو هەڵانەی هەموو خاوەنکارێک ئەنجامی دەدات

4.4
(15)

 

بزنس پڕۆسەیەکی هەستیارە و هەڵەکردن تێیدا زیانێکی زۆر گەورەت لێدەدات. ئەمڕۆ پێکەوە باسی چەند هەڵەیەک دەکەین کە ئەستەمە خاوەنکارەکان ئەنجامی نەدەن. با دەستپێبکەین.

 

فرۆشتن بە کەسانی هەڵە

پێویست ناکات بەرهەمەکانت پێشنیار بکەیت بۆ هەموو ئەوانەی سەردانت دەکەن، هەندێک کڕیار تەنها سەرئێشەن بۆ خۆت و بزنسەکەت. هەندێکی تر بیانووگرن. بۆیە کاتدان بە هەموو کڕیارێک؛ جۆرێکە لە بەفیڕۆدانی کات.

فرۆشتن بە کەسانی هەڵە؛ واتا فرۆشتن بە هەموو کەسێک! فرۆشتن بە هەندێک کڕیار ئاسانترە لە هەندێکی تر. ئاسوودەبە لە وتنی نەخێر بەو کڕیارانەی کە ئاژاوە بۆ خۆت و بزنسەکەت زیاددەکەن. لەم حاڵەتەدا کێشەی کەمتر و کاتێکی زیاترت دەبێت بۆ ڕاکێشانی کڕیاری باشتر و گونجاوتر. پێویست ناکات بە هەموو کەسێک بڵێیت بەڵێ؛ لەپێناو گەشەسەندنی بزنسەکەت. فێرببە نەخێر بۆ دۆخ و ئۆفەرە خراپەکان بڵێیت تا توانات هەبێت بۆ وتنی ەڵێ بۆ دەرفەتە زێڕینەکان.

 

خەرجکردنی زۆر

هەڵەیە، هەڵەیە، هەڵەیە، گەر لە سەرەتاوە بە سەرمایەیەکی گەورەوە خۆت بکەیت بەناو بزنسدا و هەرچیت هەیە و نییە لە ڕیکلام و سپۆنسەر و کواڵتی و دیکۆر و جوانییدا خەرجی بکەیت. سەرمایەی سەرەتایی خۆت بەکارمەهێنە مەگەر پێویست نەبێت.

هاوڕێیەکم هەڵەیەکی ئەو کۆمپانیایەی بۆ باسکردم کە کاری لێدەکات، وتی: کۆمپانیاکەی ئێمە لە بواری لەشجوانیدا کاردەکات، بەڕێوبەرانی کۆمپانیاکەمان بڕیاریاندا دا یەکێک لە پاڵەوانەکانی لەشجوانی بهێننە کوردستان بۆ سەرمایەگوزاری کۆمپانیاکە. دەڵێت وتم: ئێوە خەریکن چ هەڵەیەک دەکەن؟ دەزانن هێنانی ئەو کەسە چەند پارەی دەوێت؟ هیچ گرەنتیەک هەیە هێنانی ئەو کەسە ئەو پارەیە بهێنێتەوە؟ دەڵێت وتیان: گەر زیانیش بکەین هەر دەیهێنین. دەڵێت: بانگهێشتنامەیان بۆ نارد و بانگهێشتی هەولێریان کرد، لە هەولێر بڕی یەک دەفتەر دۆلاریان تێدا سەرفکرد و دواتر هێنایان بۆ سلێمانی و لێرەش بڕێ ٤٠٠٠ دۆلاریان تێدا سەرفکرد. وتی: هێنانی ئەو پاڵەوانەی یاری لەشجوانی؛ یەک دۆلاری بۆ پەیدا نەکردین جگە لەوەی یەک دەفتەر و نیومان لە هێنانیدا سەرفکرد. ئێستا کۆمپانیاکەمان پارەیەکی زۆر قەرزارە و لەژێر هێڵی مایەپووچ بوونداین.

بزنسەکەت دەبێت پارەت بۆ دروستبکات پێش ئەوەی پارەی تێدا خەرجبکەیت.

بێگومان زۆرێک لە بزنسەکان پێویستیان بە خەرجییەکی زۆرە، بەڵام لە سەردەمی بزنسی سۆشیاڵ میدیادا، دەتوانیت بە ئاسانی دەست بە کارێکی قازانج بەخش بکەیت.

 

ئەگەر تازەیت لە دنیای بزنسدا؛ هەوڵی فڕین مەدە. (هیچ کەسێ لە پڕێ نابێ بە کوڕێ). درۆ و فێڵ و فریودانی کڕیارانیش تەنها زیانگەیاندنە بە بزنسەکەت. بۆیە بە بچوک دەستپێبکە و بە خەونی گەورەوە بەردەوامبە و بەدڵنیاییەوە سەرکەوتن بەدەستدەهێنیت.

 

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

 

 

تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 4.4 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 15

4 thoughts on “ئەو هەڵانەی هەموو خاوەنکارێک ئەنجامی دەدات

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *