ئایا هەموو بزنسێک پارەی دەوێت بۆ دەستپێکردن؟

زۆربەی خەڵک کاتێک بیر لە دەستپێکردنی پڕۆژەیەک دەکەنەوە، یەکەم بەربەست کە دێتە بەردەمیان “پارە”یە. زۆرجار دەبیستین کە دەڵێن: “ئەگەر پارەم هەبوایە، پڕۆژەیەکی گەورەم دەست پێ دەکرد.” بەڵام ئایا بەڕاستی هەموو بزنسێک پێویستی بە جانتایەکی پڕ لە دۆلار هەیە بۆ ئەوەی یەکەم هەنگاو بنێت؟

وەڵامە کورتەکە: نەخێر. بەڵام وەڵامە درێژەکە پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵتر هەیە لەوەی کە “سەرمایە” چییە.

 

لەم مەقالەیەدا باس لە جۆرێک بزنس دەکەین کە چۆن دەتوانین بەبێ هەبوونی سەرمایەکی زۆر دەست بە دروستکردنی بزنس بکەین:

١. جۆرەکانی بزنس:

لە جیهانی بزنسدا ٣ جۆر بزنسمان هەیە:

١. کاڵافرۆشی

٢. بەرهەم

٣. خزمەتگوزاری

دروستکردنی بزنسێکی کاڵافرۆشی یاخود بەرهەم تێچوویەکی بەرز یاخود مامناوەندی هەیە، بەڵام دروستکردنی بزنسێکی خزمەتگوزاری تێچووی دەستپێکردنی یان نییە یاخود زۆر کەمە.

ئەگەر پارەت نییە، دەبێت بزنسەکە بزنسێک بێت پارەت بۆ بهێنێت نەک لەوە زیاتر بێپارەت بکات، هەر بۆیە بزنسی خزمەتگوزاری باشترین جۆری بزنسە کە خاوەنکارێک بیەوێت بەبێ تێچوو دەست بە دروستکردنی بزنس بکات.

بزنسە بێ تێچووەکان:

ئەگەر کارەکەت پێشکەشکردنی “خزمەتگوزاری” بێت نەک “کاڵا”، دەتوانیت بە سفر دینار دەست پێ بکەیت. بۆ نموونە:

  • نوسینی ناوەڕۆک (Content Writing).
  • دیزاین یان بەرنامەسازی.
  • ڕاوێژکاری لە بوارێک کە تێیدا شارەزایت.
  • فێرکاری بە شێوەی ئۆنلاین.
    لێرەدا، تۆ کات و ماندووبوونت دەفرۆشیت، نەک کاڵایەک، بۆیە پێویستت بە کرێی کۆگا و کڕینی مەواد نییە.

٢. بەو بڕەی بەردەستە دەستپێبکە:

زۆرێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان بەم شێوازە دەستیان پێ کردووە. بەو بڕەی بەردەستە واتە: “دەستپێکردن بەو بڕە کەمەی کە هەتە و بەکارهێنانەوەی قازانج بۆ گەورەکردنی کارەکە.”
لە جیاتی ئەوەی قەرز بکەیت بۆ کڕینی ئۆفیسێکی گرانبەها، لە ژوورێکی ماڵەکەتەوە دەست پێ دەکەیت. کاتێک یەکەم قازانجت دەستکەوت، کالوپەل و شوێنەکە باشتر دەکەیت، و بەم شێوەیە بەردەوام دەبیت.
کەی پارە دەبێتە پێویستیی؟
ناتوانین نکوڵی لەوە بکەین کە هەندێک جۆری بزنس بەبێ سەرمایە مەحاڵن، وەک:

  • کارگە و بەرهەمهێنان: کڕینی ئامێرە قەبەکان پێویستی بە پارەیە.
  • بازرگانی گەورە: کڕینی کاڵا بە کۆ بۆ ئەوەی دواتر بیفرۆشیتەوە، وەک: جوملەچی.
  • پڕۆژە تەکنەلۆژییە ئاڵۆزەکان: کە پێویستیان بە سێرڤەری گرانبەها و تیمی گەورە هەیە.

چەند ئامۆژگارییەک بۆ دەستپێکردن بە کەمترین تێچوو:

 

١. نموونە دروست بکە: واتە: بڕێکی کەم لەو بەرهەمە دروستبکە یان بهێنە کە دەتەوێت ساخی بکەیتەوە. بەمە تێچوویەکی کەمترت لەسەر شان دەبێت و ئەگەر بازاڕ بەرهەمەکەی قبوڵ نەکردیت پارەیەکی زۆرت لە زەرەدا نییە.

٢. سۆشیاڵ میدیا بەکار بهێنە: لەم ڕۆژگارەدا و بە تایبەت لە کوردستانیشدا، سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵێکی زۆر باشی هەیە لە ڕیکلام و مارکێتینگدا، فەیسبووک و ئینستاگرام و تیکتۆک گەورەترین بازاڕی بێ بەرامبەرن بۆ ڕیکلامکرد و هێنانی کڕیار.

٣. کاتێک دەست بە بزنسی خزمەتگوزاری دەکەیت سەرەتا پێویستت بە پارەی زۆر نییە بۆ دەستپێکردن بەڵام سەرەتاکان هیچ کەس نازانن کە تۆ بونت هەیە بۆیە پێویستە چەندین جار بە دیاری کار بۆ کەسانی دیکە بکەیت تا کارەکانت لە شوێنان ببینرێت و پەیوەندیت پێوە بکەن.

٤. هەروەها ئەگەر تۆ کەسێکیت دەتەوێت لە بوارێکی دیاریکراودا کار بکەیت کە تێچووی دەستپێکردنی بەرزە و لە ئێستادا تێچووەکەت لەبەر دەستدا نییە، باشترین شت کە بیکەیت ئەوەیە ببیتە کارمەند لە هەمان ئەو بزنسەی کە خوازیاریت دروست بکەیت.

دەرەنجام:
لە ساڵی ٢٠٢٦دا، “نەبوونی پارە” چیتر بیانوویەکی بەهێز نییە بۆ دەستپێنەکردن. جیهانی کار دەرگای بۆ هەمووان کردووەتەوە. ئەگەر بیرۆکەیەکی باشت هەیە و ئامادەیت کات و وزەت تەرخان بکەیت، دەتوانیت بزنسێک دروست بکەیت کە لە سفرەوە بگاتە لوتکە.

بیرت بێت:

زۆربەی بزنسە سەرکەوتووەکان بە سەرمایەیەکی کەم و ئیرادەیەکی گەورە دەستیان پێ کردووە، نەک بە پێچەوانەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *