کەی کاتی ئەوە هاتووە بواری بزنسەکەت بگۆڕیت؟

کەی کاتی ئەوە هاتووە بواری بزنسەکەت بگۆڕیت؟

 

بڕیاری گۆڕینی بواری بزنس یەکێکە لە قورسترین بڕیارەکان. زۆرێک لە خاوەن کارەکان لە ترسی “شکست” بەردەوام دەبن لەسەر ڕێگا هەڵەکە، بەڵام ڕاستییکە ئەوەیە: گۆڕانکاری نیشانەی زیرەکییە، نەک شکست.

کوردەواری دەڵێن: زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە.

وەک هەر بابەتێکی دیکەی ژیان دەبێت بە کۆمەڵێک پێوەر بتوانین ڕاست و هەڵەی بواری بزنسەکەمان بزانین.

 

لەم وتارەدا ٤ پێوەر دەخەینە ڕوو تا بزانین لەسەر ڕێگای ڕاستین یان نا:

 

١. بەرهەمەکەت خواستی لە بازاڕدا کەمبوەتەوە:

تەکنەلۆژیا و خواستی خەڵک بە خێرایی دەگۆڕێن. ئەگەر دەبینیت کڕیارەکانت بەرەو بەرهەمێکی تر دەچن هەروەها کێشەکەیان بە شێوازێکی نوێ چارەسەر دەکەن، مانەوەت لەسەر شێوازە کۆنەکە تەنها کات بەفیڕۆدانە. بازاڕ بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە؛ یان خۆت بگونجێنە یان جێی بهێڵە.

لە ساڵانی ڕابردوودا بەهێزترین جۆری مۆبایل لە بازاڕدا (مۆبایلی نۆکیا)بوو. کاتێک خواستی خەڵکی گۆڕان و مۆبایلی زیرەک هاتنە ئاراوە، نۆکیا گۆڕانکاری نەکرد و خواستی خەڵکی بە گرنگ نەزانی. وەک دیارە لە بازاڕەکە دواکەوت.

 

٢. هەوڵی زۆر و ئەنجامی کەم:

ئایا بیرت لەوەکردوەتەوە هەموو جۆرە ڕێگایەک بگریتەبەر؟

  • مارکێتینگ
  • داشکاندن
  • ئۆفەر و گۆڕانکاریت تاقیکردەوە

دوای ئەم ڕێگایانە هێشتا فرۆشت زیادی نەکردووە؟

کێشەکە لە ڕیکلامەکەدا نییە، بەڵکو لە “کڕۆکی بزنسەکە”دایە. لێرەدا پێویستە بزنسەکە ڕێکبخەیتەوە یان بوارێکی نوێ تاقی بکەیتەوە.

 

٣. تێچووت زیاتربێت لە قازانجت:

ئاساییە بزنس لە سەرەتادا زەرەر بکات بەڵام  ئەگەر دوای ماوەیەکی درێژ هێشتا ناتوانیت خەرجییە سەرەکییەکانت دابین بکەیت؛ بەردەوامبوون تەنها سەرمایەکەت لەناودەبات. هەوڵبدە لە بزنسەکەدا داتاکانت ڕێکخراوبن کە قازانج و تێچووت دیاریکراوبێت، تا بە پلانێکی ورد بگەیتە ئەنجامێکی باش.

 

تێبینی گرنگ: خاوەن کاری سەرکەوتوو لەسەر داتا و ڕەقەم بڕیاردەدات، نەک لەسەر ئەو هیوایانەی کە بە داهاتوو هەڵیچنیووە.

 

٤. حەزت بە کارەکە نەماوە:

بزنس پێویستی بە وزەی خاوەنەکەیەتی.

ئەگەر بەیانیان بە بێزارییەوە دەچیتە سەر کار، چیتر باوەڕت بەو بەرهەمە نەماوە کە دەیفرۆشیت هەروەها  ناتوانیت بەرەو پێشی بەریت. هەندێکجار گۆڕینی بزنسەکە بۆ بوارێک کە لێی تێدەگەیت و ئارەزووت لێیەتی، گەورەترین سەرکەوتنت بۆ دەهێنێت.

 

پرسیارێکی گرنگ: گەورەترین خۆشبەختی بۆ کەسێک لە دنیای کاردا؛ دەزانی چییە؟

وەڵام: کارکردن و پارە پەیداکردنە لەو بوارەی کە حەزی لێیەتی.

 

کەواتە:

گۆڕینی بزنس بەواتای وازهێنان نایەت، بەڵکو بەواتای چڕکردنەوەی وزە و ئەزموونەکانتە بەرەو دەرفەتێکی باشتر. گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان (وەک نۆکیا، یوتیوب، یان نێتفلێکس) چەندین جار جۆری بزنسەکەیان گۆڕیوە تا گەیشتوونەتە ئەمڕۆ.

ئەگەر هەوڵی زۆر و ڕێگەی نوێت تاقیکردوەتەوە، خەرجییەکانت هێشتا زۆرترە لە قازانجەکانت، حەز و خولیات بۆ کارەکە نییە، باشترە لە بوارێک کار بکەیت کە تامەزرۆیت بۆ کردنی و  ئارەزووتە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *