چۆن کڕیارەکەت بکەیتە ڕیکلامی بەهێزی بزنسەکەت؟

چۆن کڕیارەکەت بکەیتە ڕیکلامی بەهێزی بزنسەکەت؟

 

لە بازاڕی کوردستاندا، شوێنێک کە (قسەی خەڵک) و ئامۆژگاریی دۆستانە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بڕیاری کڕیندا، گەورەترین سەرمایەی هەر بزنسێک ڕەزامەندیی کڕیارەکانیەتی.

کاتێک کڕیارێک بە خۆشحاڵییەوە لەبارەی بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکەت دەدوێت، ئەوە هەزار جار کاریگەرترە لە هەر ڕیکلامێک کە خۆت پارەی بۆ بدەیت. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە:

چۆن وا لە کڕیار بکەیت ببێتە بەڵگەنامەیەکی زیندوو بۆ سەرکەوتنت، بەبێ ئەوەی بە ڕاستەوخۆیی بێزاری بکەیت یان داوای فیدباکی لێبکەیت؟

 

لەم وتارەدا باسی ٤ خاڵی گرنگ دەکەین کە دەتوانیت لە بزنسەکەت بەکاری بهێنیت بۆ ئەوەی کڕیارەکانت ڕکلامت بۆ بکەن:

 

 

١. ئەزموونێکی وا دروست بکە کە نەتوانێت باسی نەکات:

پیشەییبوون و کوالێتیی بەرز تەنیا ئەرکی بنەڕەتین، نەک هۆکارێک بۆ ئەوەی کڕیار باستان بکات. بۆ ئەوەی کڕیار خۆبەخشانە لە سۆشیال میدیا یان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ناوت ببات، پێویستە (ئەزموونی چاوەڕواننەکراو)ی بۆ دروست بکەیت.

بەخشینی دیارییەکی بچووکی بەنرخ لەگەڵ بەرهەمەکەت، یان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كی كڕیار به‌ خێراییه‌كی چاوەڕواننەکراو، وا لە کڕیار دەکات هەست بە بایەخ بکات و خۆبەخشانە ئەزموونەکەی بۆ چواردەوری بگێڕێتەوە.

 

٢. گوێگرتن لە ڕەخنە و دەست خۆشی:

زۆرجار کڕیاران لە ڕێگەی نامەی تایبەت (Direct Message) یان کۆمێنتەوە سوپاسگوزاریی خۆیان دەربڕن یان تێبینی دەنووسن. لەبری وەڵامدانەوەیەکی کورت و ئاسایی (وەک: سوپاس، سەربەرزبن)، گفتوگۆکە درێژە پێ بدە.

کاتێک پرسیاری کراوەیان لێ دەکەیت لەسەر ئەوەی چی بەرهەمەکەیان بە دڵ بووە، ئەوان شیكاریی وردت بۆ دەنووسنەوە. ئەم چاتە ئاساییانە، بە وەرگرتنی مۆڵەت لە کڕیارەکە، دەبنە باشترین بەڵگەنامەی ڕاستەقینە بۆ پەیج یان وێبسایتەکەت.

 

٣. دروستکردنی کەشێک بۆ بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ (User-Generated Content):

خەڵک حەز بە بەشداریکردن دەکات. ئەگەر بەرهەمەکەت بە شێوازێک پاکەت بکەیت یان خزمەتگوزارییەکەت بە شێوەیەک پێشکەش بکەیت کە شوێنی فۆتۆگرافی بێت، کڕیار خۆی وێنەی دەگرێت و تاگت دەکات.

دیزاینی سەرنجڕاکێش، نووسینی ڕستەیەکی جوان لەسەر کارتێک لەناو پاکەتەکەدا، یان دروستکردنی هۆکارێک بۆ ستۆری کردنی بەرهەمەکە، بەکارهێنەر دەکاتە بڵاوکراوەیەکی زیندوو بەبێ ئەوەی هیچ ماندووبوونێکی داواکردنی تێدا بێت.

بۆ نموونە: فاخر هەریری کە ugcی بە کارهێناوە کە وای لە کڕیارانی کردووە ڕکلام بۆ جبسەکەی بکەن، کاتێک کڕیار ڕکلام دەکات هەمووشتێک جیاوازە.

 

 

٤. بەدواداچوونی دوای کڕین:

تەنیا فرۆشتن کۆتایی پەیوەندییەکە نیە. دوای هەفتەیەک لە کڕینی بەرهەمەکە یان وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکە، پەیامێکی کورت بنێرە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەنجامەکان. بنووسە:

(سڵاو کاک/خاتوو (ناوی کڕیارەکە) تەنیا ویستم دڵنیا ببمەوە کە هەموو شتێک بەپێی ئارەزووی ئێوە بووە؟).

ئەم بەدواداچوونە هەستی متمانە دروست دەکات و کڕیار هان دەدات بە وەڵامێکی درێژ و پڕ لە دەستخۆشی وەڵامت بداتەوە.

 

تێبینی گرنگ:

کاتێک دەڵێین نامە و ئیمێڵ یان پەیوەندی بکە، دەبێت بە شێوازێکی پیشەی و وەک براندێک بێت. بە تایبەت لە وڵاتی ئێمەدا ڕەگەزی بەرامبەر(خانمان/ پیاوان) دەبێت زۆر ئاگاداریبیت و بزانیت چۆن گفتوگۆی لەگەڵ دەکەیت. هەتا دەکرێت بە هەژماری براندەکەت پەیوەندی لەگەڵ کڕیار ببەستە بۆ دووربوون لە هەر کێشەیەک.

 

لە کۆتاییدا

بەڵگەنامەی زیندوو بە داواکردنی بەزۆر دروست نابێت، بەڵکو بەرهەمی گرنگیدانی ڕاستەقینەیە بە کڕیار.

کاتێک کڕیار هەست بکات ئامانجت تەنیا وەرگرتنی پارەکەی نییە بەڵکو چارەسەرکردنی کێشەکەیەتی، خۆی دەبێتە باشترین ڕیکلامکەر بۆ بزنسەکەت.

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *