چۆن بەهای کاڵاکانمان بەرز بکەینەوە؟

زۆرێک لە بزنسەکانی بازاڕ بە هۆی ڕکابەری نێوانیان قازانجیان تێدا نەماوە. بۆ ئەوەی فرۆشیار بتوانێت لەم بازاڕەدا سەرکەوتووبێت و قازانج بکات، ڕەنگە پێویست بکات نرخی لە هەندێک لە ڕکابەرەکانی بەرزتربێت. لەو حاڵەتەی نرخ بەرز دەبێتەوە، ترسێكی گەورە ڕوو لە فرۆشیاران دەکات. ئەو ترسەش ئەوەیە کە فرۆشیاران دەڵێن بە زیادکردنی نرخ کڕیارەکانم لە دەست دەدەم.

بەڵام لە ڕاستیدا کێشەکە لە نەرخ نییە، کێشەکە لە چۆنیەتی پێشکەشکردنەکەیە.

ئەگەر باش بزانیت چۆن بەهای بەرهەمەکەت نیشان بدەیت، دەتوانیت نەرخەکەت بەرز بکەیتەوە و کڕیارەکانیشت زیاترببن.

لەم مەقالەیەدا بە ٨ خاڵ ڕوونی دەکەینەوە کە چۆن دەتوانین بەهای بەرهەمەکەمان بەرز بکەینەوە:

١.  پێش ئەوەی نرخ دابنێی بەهاکەت ڕوون بکەوە:

ئەوەی زۆرێک لە پەیجەکان ئەنجامی دەدەن: نرخ دادەنێن بەبێ ئەوەی بەهای بەرهەمەکەیان ڕوون بکەنەوە.

خەڵکی نرخ ناکڕن، چارەسەرێک دەکڕن بۆ کێشەکانیان. ئەگەر کڕیار بزانێت کاڵاکەت چی کێشەیەکی بۆ چارە دەکات، ئەوا ئامادەی تێدایە کەمێک پارەی زیاتریشی پێ بدات.

نمونە:

  • ❌ “کرێمی ڕووناکی ٢٥,٠٠٠ دینار”
  • ✅ “کرێمی ڕووناکی کە لە ٢ هەفتەدا پێستت یەکڕەنگ و ڕووناکتر دەکات نرخەکەی تەنها ٢٥,٠٠٠ دینار”

جیاوازییەکە لێرەدا ئەوەیە: کە یەکەمیان نرخ دەفرۆشێت، دووەمیان ئەنجام دەفرۆشێت.

 

٢: کوالێتی ناوەڕۆکی پەیجەکەت بەرز بکەرەوە:

خەڵک بە سێرکردنی ناوەڕۆکی پەیجەکەت هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمەکەت دەکات. ئەگەر وێنەکانت تاریک و ئاسایی بن، کڕیار بیر دەکاتەوە کاڵاکەت بەهای نییە و شایەنی ئەوە نییە پارەی پێ بدات.

چارەسەر:

  • وێنە بە ڕووناکی باش بگرە هەوڵ بدە سوود لە ڕووناکی خۆر وەبگرە
  • پاکێجینگی کاڵاکەت باشتر بکە
  • ڤیدیۆی کوالێتی بەرز و سەرنجڕاکێش بەکاربێنە

کاتێک پەیجەکەت بەرهەمەکەت وەک براندەکان دەردەکەوێت و سەرنجیان ڕادەکێشێت، خۆیان ئامادە دەبن بڕێکی زیاتر پارەی پێ بدەن.

 

٣: فیدباکی کڕیار نیشان بدە:

هیچ شتێک هێندەی ڕای کڕیارانی پێشتر بەهای بەرهەمەکانت بەرز ناکاتەوە. کاتێک کڕیارێکی دیکە دەبێت چەند کەسێک متمانەیان بە تۆ هەبووە و کڕینیان لا کردوویت، ئەوا ئەوانیش متمانەت پێ دەکەن و کڕینت لا دەکەن تەنانەت گەر نرخیشت جیاوازییەکی هەبێت لەگەڵ ڕکابەرەکانت.

چۆن ڕای کڕیارانی پێشتر بەکاربهێنین:

  • کاتێک کڕیارێک سوپاست دەکات لەوەی ئەزموونێكی چێژبەخشی لای تۆ وەرگرتووە، وێنەی فیدباکەکەی بە هایلایتێک پۆست بکە، تا کڕیارە نوێیەکان کاتێک دێنە ناو پەیجەکەت ڕاستەوخۆ بیبینن.
  • ئەگەر فیدباکت هەیە کە کڕیارەکان ڤۆیس یان بە ڤیدیۆ فیدباکی خۆیانت پێ دەدەنەوە، دڵنیابە بە پۆستکردنی متمانەی زۆر لای کڕیارە تازەکان دروست دەکەیت.
  • یەکێک لە بەرهەمەکانت بهێنە، باسی بکە کە ئەم مەنگە چەند کەس ئەن بەرهەمەی کڕیوە. یاخود وێنەی ئۆردەرە حازرەکان بگرە و پۆستی بکە.

 

٤: هەستی تایبەتبوون بۆ کڕیارەکانت دابین بکە:

خەڵک بۆ ئەو شتەی زیاتر پارە دەدەن کە هەست دەکەن تایبەتە بەوان و کەسی دیکە نیانە.

چۆن ئەمە بکەیت:

  • ژمارەی کاڵاکەت سنووردار بکە:  “تەنها ١٥ دانە ماوە”
  • کاتی سنووردار بکە:  “تا کۆتایی مانگ بەم نەرخە بەردەستە”
  • پاکێجی تایبەت دروست بکە کە تەنها لە پەیجەکەتدا دەردەکەوێت

کاتێک خەڵک هەست دەکەن دەکرێت لەدەستی بچێت، زووتر بڕیار دەدات.

 

٥: بەها بە نرخەکەت ببەخشە تەنها تەنها ژمارەیەک بڵێیت:

بینەری جیاوازی نێوان ئەم ٢ شێوازە بن:

  • ❌ “٥٠,٠٠٠ دینار”
  • ✅ “٥٠,٠٠٠ دینار، گەیاندنمان فڕی دەبێت بۆتان + بە خۆڕایش بۆتانی دەبەستین + زەمانی ٣٠ ڕۆژیش دەکەین هەرچی ڕوو بدات کاڵاکە وەردەگرینەوە”

کاتێک کڕیار دەبینیت کە بەرامبەر ئەو پارەیەی خەرجی دەکات چی بە دەست دەهێنێت، زیاتر هەست بە ئارامی دەکات بۆ کڕینەکە.

 

٦: لە بوارەکەی خۆت پسپۆڕ ببە:

خەڵکی کڕین لە کەسێک دەکەن کە زۆر شارەزا و لێزان بێت لە بوارەکەی خۆیدا، نەک لە فرۆشیارە ئاساییەکان. ئەگەر پەیجەکەت ڕەنگدانەوەی ئەوەبێت کە زۆر زانیاری و ئەزموونت هەیە، ئەوا کڕیار ئامادەی تێدایە متمانە بە تۆ بکات و پارەی زیاتریشت پێ بدات.

چۆن دەتوانین ببینە پسپۆڕی بواری خۆمان:

  • لەسەر بوارەکەی خۆت بەردەوام لە فێربووندا بە: کتێب بخوێنەوە و خول بخوێنە
  • ئەزموونەکانت بڵاو بکەرەوە
  • باسی بکە کە یارمەتی کێت داوە و کێ ئەم بەرهەمەی کڕێوە و سودی لێ بینیوە

 

٧: پاکێج دروست بکە:

لەجیاتی یەک کاڵای تاک، پاکێجی تایبەت دروست بکە.

نمونە:

  • کاڵای تاک: ٢٠,٠٠٠ دینار
  • پاکێجی تایبەت (٣ کاڵا تێکەڵ): ٥٠,٠٠٠ لەجیاتی ٦٠,٠٠٠

کڕیار هەست دەکات کە قازانجی کردووە، تەنانەت ئەگەر پارەی زیاتریشیان دابێت.

 

٨: ئەنجامەکان نیشان بدە:

ئەگەر کاڵاکەت دەتوانێت گۆڕانکاری لە شتێک لە ژیانی کڕیار بکات، ئەوا نیشانی بدە کە بەبێ ئەم بەرهەمە چۆن بووە و دوای بەکارهێنانی چی بەسەر هاتووە.

نموونە:

“پێش بەکارهێنان” و “دوای بەکارهێنان”

کڕیار دەپرسێت ئایا ئەم کرێمە پێستم چارەسەر دەکات لە پەڵەکانی؟ نیشانی بدە کە خەڵکەکانی دیکە چەند سوودیان لێ بینیووە.

هەندێک جار ئەوەی فرۆشی بزنس و پەیجەکەمان زیاد دەکات، خودی کاڵاکە نییە بەڵکو ئەنجامەکانە کە متمانە دروستدەکەن.

کۆتایی:

لە بەرزکردنەوەی نرخ مەترسە، بەڵکو لەوە بترسە کە بەهای کاڵاکەت لە بازاڕدا کەم ببێتەوە. کاتێک کڕیاران هەست دەکەن کە کاڵاکەمان شایەنی ئەو نرخەیە و بەهاکەی بەرترە لە نرخەکەیان، ئەوا ئەوەی کەمترین سەرنجی لەسەر دەبێت نرخە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پێش ئەوەی بڕیار بدەیت نرخی کاڵاکەت بەرز بکەیتەوە پێویستە سەرەتا بەهاکەی بەرز بکەیتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *