جلەکانت چ ڕۆڵێکی لە فرۆشی تەلەفۆنیدا هەیە؟

جلەکانت چ ڕۆڵێکی لە فرۆشی تەلەفۆنیدا هەیە؟

کاتێک باس لە فرۆشی تەلەفۆنی هەروەها ڕاوێژکاری لە ڕێگەی پەیوەندییەوە دەکرێت، یەکەم شت کە دێتە مێشکمان:

هێڵێکی تەلەفۆن، دەنگێکی ڕوون، و کۆمەڵێک ڕستەی سەرنجڕاکێشە بۆ ڕازیکردنی کڕیار.

بەڵام ئایا کاتێک لە پشت مێزەکەتەوە دانیشتوویت و کڕیارەکە ناتبێنێت، شێوازی جلوبەرگت چ کاریگەرییەکی هەیە؟

لە بازاڕی کوردستاندا، زۆرجار پێمان وایە مادام کڕیارەکە نامبینێت، گرنگ نییە چی دەپۆشم؛ با بە جلی ماڵەوە یان بە تیشێرتێکی زۆر سادەوە کار بکەم. بەڵام ڕاستی کۆمەڵناسی و دەروونناسی بزنس شتێکی ترمان پێ دەڵێت.

لەم وتارەدا، بە ٤ خاڵ باسی ئەو هۆکارانە دەکەین کە بۆچی ستایلی جلوبەرگت، ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر قەبارەی فرۆشتنەکەت لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە:

١.لە ڕووی دەروونناسییەوە:  

زانستی دەروونناسی دەیسەلمێنێت کە ئەو جلانەی دەیانپۆشین، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارمان هەیە. کاتێک تۆ جلی فەرمی، جلی ڕێک هەروەها پۆشتە دەپۆشیت، هەست بە متمانەبەخۆبوونێکی زیاتر دەکەیت.

ئەم متمانەیە بە شێوەیەکی خۆکارانە ڕەنگ دەداتەوە لە:

تۆنی دەنگت: دەنگت جێگیرتر و پڕۆفیشناڵتر دەبێت.

شێوازی دانیشتنت: جلی ڕێک وات لێدەکات ڕاست دانیشیت، ئەمەش کۆئەندامی هەناسەدان کراوەتر دەکات و دەنگت بەهێزتر دەگاتە کڕیارەکە.

کڕیاری کوردی، بەهۆی سروشتی کۆمەڵایەتییەوە، زۆر هەستیارە بە تۆنی دەنگ. ئەگەر لە دەنگتدا:

  • سستی.
  • بێزاری.
  • خەواڵوویی.

هەست پێبکات (کە زۆرجار لە پۆشینی جلی یەکجار شل و ناڕێکەوە دێت)، متمانەت پێناکات.

٢. جیاکاری نێوان کاتی کار وە کاتی حەوانەوە:

ئێستا لە کوردستاندا کاری تەلەفۆنی لە ماڵەوە  زۆر زیادی کردووە بەهۆی کاری ئۆنڵاینەوە. گەورەترین هەڵەیەک کە نوێنەرانی فرۆشتن دەیکەن، کارکردنە بە جلی خەوەوە.

کاتێک بە جلی ماڵەوە یان خەوەوە کار دەکەیت، مێشکت هێشتا لەسەر مۆدی (حەوانەوە و تەمەڵی)یە. گۆڕینی جلەکانت بۆ جلی فەرمی یان نیوە فەرمی، وەک کلیلی داگیرساندنی مۆدی کار و وزە وایە لە مێشکتدا.

ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی ئەوەی لە کاتی قسەکردندا کڕیارەکە هەست بە جدییەت و گرنگی بابەتەکە بکات.

٣. ڕێزگرتن لەو بزنسەی نوێنەرایەتی دەکەیت:

تۆ کاتێک پەیوەندی بە کڕیارێکەوە دەکەیت بۆ فرۆشتنی (زەوی، شوقە، کۆرسێکی فێربوون، یان دڵنیایی یان بیمە)، تۆ لەو ساتەدا دەموچاوی ئەو کۆمپانیایەیت.

کاتێک خۆت ڕێکدەخەیت، تەنانەت لە پشت تەلەفۆنیشەوە، ڕێز لە پیشەکەت و لەو براندە دەگریت کە کاری بۆ دەکەیت. ئەم ڕێزگرتنە ناوەکییە، شێوازی مامەڵەت لەگەڵ کڕیارەکەدا بەرز دەکاتەوە و وا دەکات پەلە نەکەیت لە ڕەتکردنەوەی کڕیارەکەدا.

٤. زمان وە وزە:

فرۆشی تەلەفۆنی هونەری گواستنەوەی هەستێکی باشە. ئەگەر تۆ وزەت بەرز نەبێت، ناتوانیت بەرامبەرەکەت قایل بکەیت.

جلوبەرگی جوان و خاوێن، وزەیەکی پۆزەتیڤ بە خۆت دەبەخشێت. لە بازاڕی کوردستاندا کە کڕیار زۆرجار بە گومانەوە سەیری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان دەکات، تەنها ئەو نوێنەرانە سەرکەوتوو دەبن کە دەتوانن وزەی ئەرێنی و دڵنیایی لە ڕێگەی دەنگەوە بگوازنەوە (ئەمەش بە جلی ناڕێکەوە ئەستەمە).

چەند ئامۆژگارییەکی خێرا بۆ ستایلی کار لە فرۆشی تەلەفۆنیدا:

مەرج نییە قات و کۆت بێت: پێویست ناکات هەمیشە بە قاتەوە بیت، بەڵام کراسێکی ڕێک، یان تیشێرتێکی یەخەدار کە خاوێن و شۆردراو بێت، گۆڕانکاری گەورە دروست دەکات.

بۆن لەخۆدان: ڕەنگە سەیر بێت، بەڵام تەنانەت کاتێک لە ماڵەوەیت، بەکارهێنانی بۆنێکی خۆش پێش دەستپێکردنی کار، حەز و مەزاجی کارکردنت پێنج هێندە باشتر دەکات.

قژ و ڕوخسار: شانەکردنی قژ و ڕێکخستنی ڕوخسار (بۆ خانمان و پیاوان)، هۆکارێکی تری بەرزکردنەوەی وزەی دەروونییە پێش دەستپێکردنی یەکەم پەیوەندی.

ئەنجام!

لە جیهانی فرۆشتندا دەوترێت:

(تۆ چۆن جل بپۆشیت، ئاوا هەست دەکەیت؛ چۆن هەست بکەیت، ئاوا قسە دەکەیت؛ و چۆن قسە بکەیت، کڕیار ئاوا وەڵامت دەداتەوە).

تەنانەت ئەگەر تەنها دەنگت دەبیسرێت، با پۆشاکەکەت هاوار بکات کە تۆ کەسێکی سەرکەوتوو و پڕۆفیشناڵیت. بازاڕی کوردستان پێویستی بەم دیدگا نوێیە هەیە لە کارکردندا، و گۆڕانکارییە بچووکەکانی وەک شێوازی جلوبەرگ، دەبنە هۆی جیاوازی گەورە لە ژمارەی فرۆشتنەکانتدا.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *