بۆچی کڕیار هەندێک براند لە بیر ناکات؟
لەم کاتەدا کە تۆ ئەم وتارە دەخوێنیتەوە، بە سەدان پەیج، کۆمپانیا، هەروەها براند لە کوردستان هەن کە هەمان ئەو کاڵایە دەفرۆشن کە تۆ دەیفرۆشیت.
بازاڕەکە پڕ بووە لە کێبڕکێ و هاوشێوەی یەکتر. بەڵام ئایا چۆنە هەندێک براند و ناو هەن، هەرگیز لە بیر ناچنەوە؟
بۆچی کڕیار ئامادەیە چەندین کیلۆمەتر ببڕێت یان پارەیەکی زیاتر بدات تەنها بۆ ئەوەی لە شوێنێکی دیاریکراو بکڕێت؟
نهێنییەکە تەنها لە کوالیتی کاڵاکەدا نییە، بەڵکو لە شتێکی زۆر قووڵتردایە کە پێی دەوترێت (دەروونناسیی براند).
لەم وتارەدا بە ٤ خاڵ باسی دەکەین بۆچی بزنسێک لە مێشکی کڕیاردا دەمێنێتەوە:
١. مرۆڤەکان بە سۆز دەکڕن و بە لۆژیک ڕوونکردنەوە دەدەن:
گەورەترین هەڵەی خاوەن بزنسەکان ئەوەیە کە وا دەزانن کڕیار تەنها بەدوای ڕەقەمی نرخ و کوالتی کاڵاکەدا دەگەڕێت. لە ڕاستیدا، مرۆڤ بە پێی (سۆز و هەست) بڕیاری کڕین دەدات.
کەواتە بۆچی ئەو براندانیان لە بیر ناچنەوە؟
چونکە کڕیار تووشی جۆرێک لە هەستی خۆش دەکەن؛ متمانە، شانازی، یان ئارامی.
بۆ نموونە:
کاتێک کڕیارێک دەچێتە کافتریایەک کە خاوەنەکەی بە ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازی لێدەکات و ناوی دەزانێت، کڕیارەکە هەست بە گرنگیی خۆی دەکات. ئەم هەستە وای لێدەکات کە تەنها بیر لە قاوەکەی سەر مێزەکە نەکاتەوە، بەڵکو بیر لەو ڕێز و حورمەتە بکاتەوە کە لێی گیراوە.
٢. چیرۆکی پشت براندەکە:
خەڵک حەزی بە لۆگۆی سارد و بێگیان نییە، بەڵکو حەزی لە چیرۆکە.کڕیار زیاتر متمانت پێدەکات ئەگەر بزانێت:
١.تۆ چۆن دەستت پێکردووە؟
٢.چەند ماندوو بوویت بۆ ئەوەی ئەم کاڵا ئەسڵە بهێنیتە کوردستان؟
٣.ئامانجت چییە؟
کاتێک لە سۆشیاڵ میدیا یان وێبسایتەکەت باسی پشت پەردەی کارەکەت دەکەیت، کێشەکان و سەرکەوتنەکانت لەگەڵ خەڵکدا هاوبەشی پێدەکەیت، کڕیار هەست دەکات تۆش بەشێکیت لە خێزانی ئەو. براندێک چیرۆکی هەبێت، دەبێتە براندێکی زیندوو لە مێشکی خوێنەر و کڕیاردا.
٣. مانەوە وەک خۆی:
یەکێک لە گەورەترین سەرئێشەکانی کڕیاری کوردی ئەوەیە کە دەڵێت: فڵان شوێن سەرەتا زۆر باش بوو، بەڵام دواتر دەستیان گۆڕی! ئەم دەست گۆڕینە کوشندەترین شتە بۆ ناوبانگی براندەکەت.
تێبینی گرنگ:
براندە گەورەکان و ئەوانەی لە بیر ناچنەوە، یاسایەکی بەرگرییان هەیە:
(کوالیتی کاڵا و شێوازی قسەکردنیان لە یەکەم ڕۆژەوە تا دە ساڵی تر وەک خۆی دەمێنێتەوە).
کاتێک کڕیار دڵنیا دەبێت کە هەر کاتێک بێتە لای تۆ، هەمان کوالیتی بەرز و هەمان مامەڵەی جوانی پێشکەش دەکرێت، چیتر ناچێت سەرکێشی لەگەڵ پەیج یان کۆمپانیایەکی تردا بکات.
٤. چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوازێکی پیاوانە:
هەموو بزنسێک تووشی هەڵە دەبێت؛ ڕەنگە کاڵایەک بە شکاوی بگاتە دەست کڕیار، یان ڕەنگەکەی هەڵە بێت.
بەڵام لێرەدا برانده ڕاستەقینەکان چی دەکەن؟
کاتێک کڕیارێک بە توڕەییەوە پەیوەندیت پێوە دەکات و دەڵێت کێشەیەکم هەیە:
- ئەگەر تۆ بە سنگێکی فراوانەوە گوێی لێبگریت
- لێی ببووریت
- خێرا کاڵایەکی نوێی بۆ بنێریتەوە بەبێ ئەوەی پارەی لێ بسێنیتەوە
کڕیارەکە تا هەتایە لە بیرت ناکات. لەجیاتی ئەوەی ببێتە دوژمنت، دەبێتە گەورەترین ڕیکلام بۆ دڵسۆزیی تۆ و لای هەموو خزم و هاوڕێکانی باسی پیاوەتیی تۆ دەکات.
کورتەی قسە:
بۆ ئەوەی براندەکەت لە بیری کڕیار بمێنێتەوە، پێویست ناکات ملیۆنان دۆلار خەرج بکەیت؛ تەنها پێویستە ئەم کارانە بکەیت:
- ڕاستگۆ بیت
- ڕێزی کڕیار بگریت
- بزنسەکەت وەک مرۆڤێکی دڵسۆز پیشان بدەیت نەک وەک ئامێرێکی پارەخۆر.
کاتێک جێپەنجەت لە دڵی کڕیاردا جێدەهێڵیت، دڵنیابە ناوت لە مێشکیدا دەمێنێتەوە و داهاتی بزنسەکەشت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو سەرەوە دەچێت.