بۆچی بۆ دروستکردنی بزنس بیرۆکەی جوان بەس نییە؟

بۆچی بۆ دروستکردنی بزنس بیرۆکەی جوان بەس نییە؟

زۆربەمان ئەو کەسانەمان بینیوە کە دەڵێن: (بیرۆکەیەکی نایابم بۆ بزنسێک هەیە، ئەگەر بیکەم جیهان دەگۆڕم!) بەڵام ژیانی ناو بازاڕ زۆر لەوە جیاوازترە.
هەتا هەندێک کەس بیرۆکەکانیان باس ناکەن، لەوە دەترسن کەسێکی تر بیبات وە بیکاتە بزنسی خۆی.

لە جیهانی بزنسدا بیرۆکە تەنها وەک پریشکێک وایە؛ بۆ ئەوەی ئەم پریشکە ببێتە ئاگرێکی گەورە و بزنسێکی سەرکەوتوو، پێویستی بە سووتەمەنی و سیستەم هەیە.

لەم وتارەدا بە ٥ خاڵ ڕوونی دەکەینەوە بۆچی بیرۆکە بەتەنها ناتوانێت سەرکەوتوومان بکات:

١. جێبەجێکردن:

وەک دەوترێت: زۆر کەس هەمان بیرۆکەیان هەیە، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کێ دەتوانێت باشتر کارەکە ڕاپەڕێنێت؟
کەواتە چۆن بیرۆکەکە لەسەر کاغەز دەگۆڕیت بۆ واقیع؟
ئایا دەتوانیت لە کاتی شکستهێناندا بەردەوام بیت؟

تێبینی: دەبێت پلانمان هەبێت و لەسەری بەردەوامبین.

٢. خەیاڵ یان پێویستی بازاڕ :

زۆرجار داهێنەرەکان دەکەونە داوی خۆشویستنی بیرۆکەکانیان. ئەوان شتێک دروست دەکەن کە خۆیان حەزیان لێیە، نەک ئەوەی بازاڕ پێویستییەتی.
بزنسێکی سەرکەوتوو ئەو بزنسەیە کە کێشەیەکی ڕاستەقینەی خەڵک چارەسەر دەکات. ئەگەر کڕیار ئامادە نەبێت پارە بدات بۆ چارەسەرەی کر تۆ پێشکەشی دەکەیت، بیرۆکەکەت تەنها حەزێکی خۆتە نابێت بە بزنس.

٣. ستافێکی دڵسۆز و بەتوانا:

هیچ کەسێک بەتەنها ناتوانێت ئیمپراتۆریەت دروست بکات. بیرۆکەیەکی مامناوەند لەگەڵ تیمێکی ئاست بەرز دەگاتە ئەنجام، بەڵام بیرۆکەیەکی بێوێنە لەگەڵ تیمێکی لاواز هەر زوو لەناو دەچێت.
بزنس پێویستی بەم شارەزایانە هەیە:

داهێنەر: خاوەن بیرۆکە.
بەڕێوەبەر: کەسێک کە سیستەمەکە ڕێکبخات.
بەبازاڕکردن: کەسێک کە بزانێت چۆن بەرهەمەکە بفرۆشێت.

تێبینیەکی گرنگ: مەرج نییە هەر لە سەرەتاوە ستافێکی گەورەت هەبێت، دەکرێت بە تەنها کارەکان بکەیت. بەڵام ئەگەر دەتەوێت گەشەبکەیت و لە ئاستی سەرەتادا نەمێنیت، بێگومان ستافێکی شارەزات دەوێت.

٤. داتا و ژمارە:

بزنس بەبێ قازانج، وەک ئۆتۆمبێلێکی جوان وایە کە مەکینەی تێدا نەبێت. زۆر بیرۆکەی جوان هەبوون کە نەیانتوانیوە داهات دروست بکەن و قازانج بکەن، لە کۆتاییدا گەیشتوون بە ئیفلاس .

دەبێت داتای ورد و زانیاریمان هەبێت لەسەر ئەم ٣ پرسیارە:

تێچووی بەرهەمهێنان چەندە؟

کڕیار چەند دەدات؟

چۆن خەرجییەکانت ڕێکدەخەیت؟

ڕاستییەکی تاڵ: ٩٠٪ی ئەو بزنسانەی لە ساڵی یەکەمدا شکست دەهێنن، بیرۆکەی زۆر جوانیان هەبووە، بەڵام لە ململانێ و قەیرانەکانی بازاڕدا شکستیان هێناوە.

٥. کات و شوێنی گونجاو:

هەندێک جار ئەو بیرۆکەیەی هەمانە بۆ بزنسەکە زۆر جوانە و دەتوانێت جێی خۆی بکەتەوە لە بازاڕدا، بەڵام هەندێک کات ببیرۆکەکە  ١٠ ساڵ لە پێش سەردەمی خۆیەتی، یان زۆر درەنگ کەوتووە کە پێشتر لە ناو خەڵکدا باوو بووە بەڵام ئێستا پێویستیان پێی نەماوە. چاودێریکردنی بازاڕ وە دیاریکردنی پێویستی خەڵک، خاڵێکی گرنگە تا هاوکارمانبێت بۆ دامەزراندنی بیرۆکەکەمان.

کەواتە:

ئەگەر بیرۆکەیەکی جوانت هەیە، پیرۆزە! لەبری ئەوەی کاتەکانت تەنها قەلەقی هەروەها بیرکردنەوە لەوەی کڕیاری زۆرت دەبێت یان نا، بەسەر بەریت، دەست بەم ۳ خاڵە بکە:

١.تاقیکردنەوەی بیرۆکەکەت لەسەر قەبارەیەکی بچووک: واتە بیرۆکەکەت لەسەر ژمارەیەکی کەمی خەڵک تاقی بکەوە تاکو بزانیت تا چەند سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.

۲.وەرگرتنی فیدباک لە کڕیارەکان: ڕەنگە وەرگرتنی ڕای کڕیار لەسەر بەرهەمەکەت بە سادە بزانیت بەڵام متمانەیەکی زۆر بۆ خۆت و بزنسەکەت دەهێتنێت.

۳.دروستکردنی تیمێکی متمانەپێکراو: ڕينگە لەسەرەتادا بتوانیت هەموو کارەکانی ناو بزنسەکەت بە تەنها ئەنجام بدەیت بەڵام لە دوای ماوەیەک کارەکان زۆر دەبن و تۆش ناتوانی بە هەموو کارێکەوە سەرقاڵ ببیت تا بتوانی گەشە بە بزنسەکەت بدەیت وە بیرۆکەی نوێ دروست بکەیت. تیمێکی بەهێز دروست بکە و کارەکان ڕابسپێرە.

لە یادتبێت!
بزنس تەنها بیرۆکە نییە، بەڵکو پرۆسەی فێربوونی بەردەوام هەروەها  فێربوونە لە هەڵەکانە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *