ئایا بەرزبوونەوەی فرۆشی بزنسەکەم، داهاتم زیاد دەکات؟

زۆرجار خاوەن بزنسەکان پێیان وایە ئەگەر فرۆشیان زیاد بکەن، داهاتیشیان زیاد دەکات. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بیرکردنەوەیە زۆر مەترسیدارە چونکە دەکرێت بەزبوونەوەی فرۆش تەڵەیەک بێت و خاوەن بزنسەکان بکەونە ناوی.

چۆن دەکرێت بەرزبوونەوەی فرۆش ببێتە تەڵەیەک و زیانی هەبێت بۆ خاوەن بزنسەکان:
کاتێک فرۆشت زیاد دەکات، خەرجییەکانیشت زیاد دەکات. ئەگەر دووکانێکی جلت هەبێت و فرۆشت دوو ئەوەندەی ساڵی پێشترت بکەیتەوە، ئەوا بە زیادکردنی فرۆش ئەم ٥ حاڵەتەت تووش دەبێت:
– پێویستت بە کارمەندی زیاتر دەبێت.
– خەرجی کڕینی کاڵا دوو ئەوەندە دەبێت.
– کرێی شوێن زیاتر دەبێت، چونکە کاڵاکانت زیادیان کردووە و پێویستت بە شوێنێکی گەورەتر دەبێت.
– خەرجی گەیاندن زیاد دەبێت، چونکە هەتا ڕێژەیی داواکردنی کاڵا زیاد بکات، ڕێژەیی ئەو کەسانەش زیاد دەکات کە گەیاندنەکە وەرناگرن.
–  پێویستمان بە وزە و خزمەتگوزاریی زیاتر دەبێت.

لە کۆتاییدا، ڕەنگە فرۆشت ١٠٠% زیاد بکات بە بەراورد بە ساڵی پارت بەڵام قازانجی ڕاستەقینەت تەنها ٢٠% زیادی کردبێت، یان هیچ زیادی نەکردبێت!

نموونەیەکی ڕاستەقینە:
گریمان مەتعەمێکت هەیە. ئێستا ١٠٠ کڕیارت لە ڕۆژێکدا هەیە و قازانجت ٥٠٠،٠٠٠ دینارە لە مانگێکدا.

بڕیار دەدەیت کڕیارەکانت بگەیەنیتە ٢٠٠ کەس لە ڕۆژێکدا. ئەمەش واتە:
– دوو شێف زیاتر لە کار وەربگریت (٢ ملیۆن دینار لە مانگێکدا).
– خزمەتگوزاری زیاتر بهێنیت (١ ملیۆن دینار).
– غاز دوو ئەوەندە دەبێت (٥٠٠،٠٠٠ دینار).
– خەرجی کڕینی پێویستی زیاد دەبێت (٣ ملیۆن دینار).

ئێستا داهاتت زیادی کردووە بەڵام خەرجییەکانیشت ٦.٥ ملیۆن دینار زیاد کردووە! ڕەنگە لە کۆتاییدا قازانجت کەمتر بێت لە پێشتر.

کەی فرۆشمان دەگۆڕێت بۆ قازانج؟
فرۆشی زیاتر لەم ٣ حاڵەتەدا دەبێتە قازانجی زیاتر:

یەکەم: ئەو قازانجەی لەسەر بەرهەمەکەی دادەنێیت زۆربێت:

ئەگەر لە هەر فرۆشێکدا قازانجێکی باشت هەبێت، ئەوا زیادبوونی فرۆش سوودی دەبێت و قازانج زیاد دەکات.

دووەم: خەرجی پێویستت کەم بێت:
ئەگەر ناچارنیت کارمەندی زیاتر وەربگریت و شوێنی کارەکەت گەورە بکەیت، ئەوا مەیکە. چونکە ئەگەر پارەی زیاتر نەدەیتە کارمەندی تازە و کڕیی دووکان، پارەیەکی زیاتر بۆ قازانج دەمێنێتەوە.

سێیەم: کارامەیی زیاد بکەیت:
هەوڵبدە بە هەمان ستاف و هەمان ئامێرەکان فرۆشت زیاد بکەیت، ئەگەر بتوانی بەم شێوەیە کارەکەت ئەنجام بدەیت و فرۆشت زیاد بکەیت دەتوانێت قازانجێکی زیاتر بکەیت.

دەتوانیت چارەسەرێکی زیرەکانە بەکار بهێنیت تا بتوانیت نەک تەنها فرۆشت زیاد بکەیت بەڵکو سەرنجیشت لەسەر ئەم ٤ خاڵە بێت تا داهاتیشت لەگەل زیادکردنی فرۆشدا بەرز بێتەوە:

١.  نرخەکانت بەرز بکەوە:
دەتوانیت بە زیادکردنی نرخت بە ڕێژەی(١٠-٢٠%) قازانجت دوو ئەوەندە بکات بێ ئەوەی خەرجی زیاتر هەبێت.

٢. خەرجییەکان کەم بکەرەوە:
بگەڕێ بۆ ڕێگایەک تا خەرجییەکانت کەم بکەیتەوە بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر کوالێتی بەرهەمەت هەبێت.

٣. ئەو کاڵایانە بفرۆشە کە قازانجی باشیان هەیە:
لە جیاتی فرۆشتنی کاڵای هەرزان بە قازانجێکی کەم، کاڵاییەک بفرۆشە کە قازانجی زیاتری هەبێت.

٤. خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکە:

دەتوانیت تەنها تەرکیزت لەسەر خودی بەرهەمەکە نەبێت تا بتوانیت فرۆشت زیاد بکەیت، بەڵکو دەکرێت تەرکیزت بخەیتە سەر خزمەتگوزارییەکان و باشتریان بکەیت. وەک: مامەڵەی جوانتر لەگەڵ کڕیارەکان، زیاتر پارێزگاری لە پاکوخاوێنی شوێنەکەمان. دەکرێت زیاتر لە خودی بەرهەمەکە کڕیارمان بۆ بهێنێت و فرۆشمان زیاد بکات بە کەمترین تێچوو.

ئاگاداربە:
زۆر بزنس هەن کە بە زیادکردنی فرۆش و گەشەی خێرایان هەرزوو تێکدەشکێن و لەناو دەچن. ٥ خاڵ ڕوون دەکەینەوە کە ئەگەر ئاگادار نەبین، کاریگەری هەیە لەسەر ڕووخانی بزنسێک دوای ئەوەی گەشەیەکی گەورە دەکات:

– کوالێتی کەم دەبێتەوە.
-کڕیاری ناڕازی زیاد دەکات.
– کارمەندەکان بە تەواوی شەکەت و ماندوو دەبن، ناتوانن خزمەتگوزاری باش بۆ کڕیار دابین بکەن.
– کەش و هەوای کارەکە خراپ دەبێت.
– پارە تەواو کەم دەبێتەوە کە هەندێک جار دەکەونە ژێر باری قەرز.

ئەنجام:
بەرزبوونەوەی فرۆش بە تەنها خۆی داهاتت زیاد ناکات. ئەوەی گرنگە قازانجی ڕاستەقینەیە کە لە گیرفانماندا دەمێنێت دوای ئەوەی تەواوی خەرجییەکانمان لێدەرکردن.

لە جیاتی ئەوەی تەنها هەوڵی زیادکردنی ژمارەی فرۆش بدەیت، سەرنجت بخەرە سەر زیادکردنی قازانج، کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی نرخ. گەشەکردن بە خاوی و بە پلان لە گەشەی خێرا و بێ پلان باشترە.

لە یادت بێت:

بزنسی سەرکەوتوو ئەوە نییە کە زۆرترین فرۆشی هەیە، بەڵکو ئەوەیە کە زۆرترین قازانجی هەبێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *