ئایا ئەگەر بزنسی خۆم دروستبکەم داهاتم زیاد دەکات؟

لەوانەیە زۆرینەی خەڵک وابیر بکەنەوە بە دروستکردنی بزنسی خۆیان دەبنە خاوەنی پارەیەکی زۆر، بەڵام لە ڕاستیدا گەشتن بەم شتە کات و ماندووبونی زۆری دەوێت، هەر بۆیە زۆربەی ئەو بزنسانەی کە دروستدەکرێن هەرزوو لەناو دەچن.

هەموو ڕۆژێک هەزاران کەس خەونی سەرکەوتن دەبینن و هەزارانیش ڕووبەڕووی شکست دەبنەوە. بەڵام ئایا چی دیاری دەکات کە کام بزنس سەرکەوتوو دەبێت و کامیان تێکدەشکێت؟
پێش ئەوەی بڕیاری خۆمان بدەین، پێویستە سەیری ڕاستییەکان بکەین. دەبێت بزانین ئەو شتانە چین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە کاتێک دەست بە کاری خۆمان دەکەین.

لە کوردستانی خۆمان زۆربەی بزنسە تازەکان لە سێ ساڵی یەکەمدا شکست دەهێنن. هۆکارەکانی شکست جیاوازن،

دەکرێت یەکێک لەم ٤ هۆکارە بێت:

١. کەمی فرۆشتن.

٢. نەبوونی پلانێکی ڕوون کە پێویستە چی بکرێت و دەمانەوێت بگەینە کوێ.

٣. ڕکابەری و مونافەسە.

٤. یاخود دەکرێت نەزانینی ئەو بەرهەمەی کە کڕیار دەیەوێت.

ڕاستە هەر یەک لەم خاڵانە ترسناک دیارن و ئەگەری هەیە شکست بە بزنسەکەت بهێنێت، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە بترسیت و بزنس دروست نەکەیت، بەڵکو واتای ئەوەیە کە دەبێت بە وریاییەوە هەنگاو بنێین و بڕیار لەسەر بزنسەکەمان بدەین.

لەم مەقالەیەدا باس لە ٢ مەترسی دەکەین کە لە دروستکردنی بزنسدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە:
١. وازهێنان لە کاری سەرەکییان:
هەندێک کەس کاتێک بڕیاری ئەوە دەدەن دەست بە دروستکردنی بزنسی خۆیان بکەن واز لە کاری سەرەکی خۆیان دەهێنن کە داهاتییان لێیەوە بە دەستدەهێنا. ئەمەش هەڵەیە، چونکە بزنسەکەت پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی داهاتێکی باش بۆ دابین بکات،
لە زۆرینەی بارودۆخەکاندا ئەم کاتە درێژە دەکێشێت و خاوەن بزنسەکە پێویستی بە پارە هەیە تا ژیانی خۆی بەردەوامی پێ بدات. ڕاسترین شت کە بیکەین ئەوەیە لە کاری سەرەکی خۆماندا بمێنینەوە تا بزنسەکەمان دەگاتە ئاستێکی باش کە بتوانین پارەی خەرجی و زیاتر لە خەرجیمانی لێوە بە دەستبهێنین.

 

تا ئێستا پرسیارت کردووە کە بۆچی ئەو بزنسانەی دروست دەکرێن لە ٣ ساڵی یەکەمدا شکست دەهێنن؟

چونکە دروستکردنی بزنسی خۆت لە سەرەتاوە، پێویستە لە ڕۆژێکدا ١٦ بۆ ١٨ کاتژمێر کار بکەیت تا گەشە بە بزنسەکەت بدەیت، لە سەرەتاکانی بزنسی خۆمان ڕووبەڕووی زۆر کێشە دەبینەوە وەک: نیگەرانی زۆر، ترس لە شکست و نەخەوتن و پشوو نەدان بۆ ماوەی درێژ. کەسانێکی زۆر هەن کە توانای بەرگەگرتنیان نییە بۆ ئەم بارودۆخە سەختانەدا هەر بۆیە سەرکەوتن لە بزنسدا کارێک نییە کە هەموو کەس بتوانێت بیکات.

لێرەدا باس لە ٣ دەفەت دەکەین کە دەکرێت لەگەڵ سەرکەوتوو بوونی بزنسەکەماندا بە دەستیان بهێنین:
١. ئازادی دارایی:

ڕاستە بزنسەکەت پێویستی بە کاتە تا گەشە بکات و فرۆش زیاد بکات، بەڵام کاتێک سەرکەوتوو بوو دەتوانێت پارەیەکی زۆر زیاترت بۆ دابین بکات لەو پارەیەی لە کارێکی ئاسای پەیدای دەکەیت، زۆر جار ئەگەر بزنسەکەت لە بارودۆخێکی باشدا بێت و فرۆشت هەبێت، دەتوانێت ١٠ یان ٢٠ جار زیاتر لە مووچەی کارمەندێکی ئاسای پارە پەیدا بکات.

٢. توانای کۆنترۆڵکردنی ژیانت:

کاتێک کارمەندی کاتێکت بۆ دیاری کراوە کە پێویستە لە کاتی خۆیدا لەسەر کار بیت، ئەمەش شتێکە هەر چەند پێت ناخۆش بێت بەشێکە لە کارمەندییەکە و پێویستە پەیڕەوی بکەیت چونکە ئەو کەسەی یاسا دادەنێت تۆ نیت. بەڵام لە بزنسی خۆتدا ئەو کەسەی یاسا دادەنێت تۆیت، دەتوانیت ئەو کاتەی ویستت بڕۆیتە سەر کار، ئەو بیرۆکانەی کە لە مێشکتدان ئەنجامیان بدەیت بەبێ ئەوەی پێویست بکات پێشنیار بۆ بەڕێوبەرەکەت بکەیت تا ئەنجامی بدات.

٣. دروستکردنی بەها:
کاتێک هەوڵتدا و بزنسەکەت گەشەی کرد و توانیت داهاتێکی باش لەم بزنسە وەربگریت، دەتوانیت بەردەوام کاری لەسەر بکەیت و لە داهاتوودا وەک میراتێک بۆ منداڵەکانتی بگوازیتەوە. هەروەها دەتوانیت بزنسەکەت بە نرخێکی زۆر گەورە بفرۆشیت.

پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدەیت، ئەم ٧ پرسیارە لە خۆت بکە:

١. ئایا شارەزاییم هەیە لەم بوارەدا؟
٢. ئایا پارەی پێویستم هەیە؟
٣. ئایا خێزانەکەم پشتگیریم دەکەن؟
٤. ئایا ئامادەم بۆ شکست و دووبارە هەوڵدانەوە؟
٥. ئایا بازاڕێک هەیە بۆ بەرهەمەکەم؟
٦. ئایا دەتوانم کێبڕکێی بکەم؟
٧. ئایا پلانی دوورخایەنم هەیە؟

ئەنجام:
دروستکردنی بزنسی خۆت هەمیشە مانای دەڵەمەندیی نادات بەهەمان شێوە هەمیشە ڕیگایەک نییە بۆ شکت هێنان..
بیرت بێت: تەواوی کەسە دەوڵەمەندەکان کە ئەمڕۆ بزنسی گەورەیان هەیە، ئەوانیش خاڵێکیان دیاری کردووە ودەستیان پێکردووە. جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەوان لە شکستەکانیانەوە فێر بوون، بەردەوام بوون، و هەرگیز وازیان نەهێنا لە خەونەکانیان.

ئایا ئامادەیت بۆ گەشتی سەختترین و هاوکات خۆشترین ژیانت؟ بڕیارەکە هی تۆیە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *