بۆ هەموو فرۆشیارێک

3.7
(3)

 

یەکێک لەو پرسیارانەی بەردەوام لەڕێی نامەوە لێمان دەکرێت ئەوەیە “چۆن توانای فرۆشم باشتر بکەم؟” ئەم پرسیارە زەحمەتە لە نامەدا وەڵام بدرێتەوە، بۆیە بڕیارماندا مەقالەیەک لەو بارەیەوە ئامادە بکەین. شەش نهێنی هەیە بۆ سەرکەوتن لە فرۆشتندا، ئەم نهێنیانە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بەکاریدەهێنن بۆ گەشەپێدانی خۆیان. بەڵێنتان پێدەدەین بە بەکارهێنانی ئەم نهێنیانە زیادبوونی ئاستی فرۆش بەڕوونی لە بزنسەکەتاندا بەدی دەکەن.

 

  1. ئامانج

هەموو خاوەنکارە سەرکەوتووەکان ئامانجی گەورە بۆ خۆیان دادەنێن و دواتر ئەو ئامانجە گەورانە دابەش دەکەن بۆ ئامانجی بچووکتر. ئامانجەکان ڕێگەت پێدەدەن سەرنجت لەسەر ئەو کارە بێت کە ئەنجامی دەدەیت.

 

زیاتر تەرکیزکردن بە مانای سەرکەوتنی زیاترە.

 

کاتێک ئامانجی فرۆشتنت دیاری کرد، ئەو ئامانجانە بهێنە ناو پلانی ڕۆژانەتەوە و دواتر پلان و ئامانجەکانی ڕۆژانەت بنووسە. لەگەڵ بەردەوامبوونت لە فرۆشتن، بەراوردی بکە لەگەڵ پلانەکانی ڕۆژانەت بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک دروستبکەیت لەنێوان ئامانج و پلاندا.

 

ئایا بەڕاستی داڕشتنی ئامانجەکانی فرۆشی ڕۆژانە بەم شێوەیە کاردەکات؟ لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە بۆ ماوەی 21 ڕۆژ بەردەوام بە، دوای ئەو 21 ڕۆژە سەرت دەسوڕمێت لە ئەنجامەکەی.

 

  1. پلانی فرۆشتن

هەموو دکتۆرەکان، پارێزەرەکان، و خاوەنکارە گەورەکان لە یەک شتدا هاوبەشن، هەموویان بەرنامەیەک پەیڕەو دەکەن کە بریتییە لە پرسیارکردن و گوێگرتن. هەرچەندە لە مەقالەیەکدا کاتی ئەوەمان نییە بچینە ناو وردەکاری زیاترەوە، بەڵام گەر بە سادەیی باسی بکەین. دەڵێین: هەموو فرۆشێک بە 8 هەنگاودا تێدەپەڕێت. هەنگاوەکانیش بە (پەیوەندی) دەستپێدەکات و بە (داخستنی فرۆشەکە) کۆتایی دێت.

 

  1. هەڵبژاردن

هەموومان حەزمان بە بازاڕکردن و کڕین هەیە، بەڵام ڕەنگە هیچکەس لە ئێمە نەمانەوێت کاڵایەک بە زۆر بەسەرماندا ساغ بکرێتەوە. تۆی فرۆشیار بە ئازادیدان بە کڕیار بۆ هەڵبژاردنی کاڵای دڵخوازی، هەستێکی خۆش بۆ کڕیارەکەت دروستدەکەیت و ئازادیی تەواوی پێدەدەیت کە کاڵاکەت بەراورد بکات بە نرخەکەی، پێش ئەوەی خۆت و بزنسەکەشت بەراورد بکات بە ڕکابەرەکانت.

 

  1. ڕاهێنان

وەک یاریزانێکی پیشەگەر کە لەناو یاریگادا دەزانێت چی دەکات، دەبێت تۆش لەناو دوکانەکەتدا بزانیت پێویستە چی بکەیت و چی نەکەیت. بۆ ئەمەش پێویستە وەک ئەو یاریزانانە ڕاهێنانی بەردەوام لەسەر ئاست و توانای فرۆشت بکەیت.

 

هەموو ڕۆژێک لەگەڵ خۆتدا باسی فرۆش بکە و وەک چۆن ڕاهێنەرەکان لە سەرەتای ڤیدیۆکانیاندا پرسیارێک دەکەن و وەڵامی دەدەنەوە، تۆش پرسیارێک لە خۆت بکە و وەڵامی بدەرەوە، ئەگەر وەڵامت دەستنەکەوت، بەدوایدا بگەڕێ. بەشداریی خول بکە و ڕاوێژ وەربگرە و کتێبەکانی بواری بزنس بخوێنەرەوە.

ئەنجامی دۆزینەوەی وەكامەکان لەبەرامبەر کڕیارەکاندا جێبەجێ بکە. ڕاهێنان، هەوڵدان و بەردەوامبوون، ئەمە یەکێکە لە کلیلەکانی سەرکەوتن لە فرۆشتنی هەر کاڵایەکدا.

 

  1. کڕیار پارە نییە

کڕیارەکانت کڕیارن، پارە نین. ناڵێین پارە گرنگ نییە، بەدڵنیاییەوە گرنگە و دەبێت ئامانجت هەبێت بۆ فرۆش، بەڵام مەبەستمان لە خستنەڕووی ئەم دەستەواژەیە ئەوەیە کە بەڕاستی فرۆشیارە ڕاستەقینەکان بە دڵ دەفرۆشن نەک بە فێڵ. کاتێک بەڕاستی گرنگی بە کەسێک دەدەیت، ئەوە نیشان دەدەیت کە ئەوت بۆ گرنگە.

هەمان شتیش بۆ فرۆش دروستە، کاتێک کڕیارەکان تێدەگەن کە تۆ گرنگی بە خۆیان دەدەیت نەک پارەکانیان، ئەوا دەرفەتی فرۆشتنی زیاترت دەبێت. تاقیبکەرەوە و ئەنجامەکەی ببینە.

 

  1. گرنگی بە هەموو کڕیارەکان بدە

توێژینەوەیەک کە لەلایەن کۆمپانیای (جەنەراڵ ئێلکتریک) ئەنجامدراوە دەریخستووە کە ئە ڕیکلام ڕووبەڕووەی کە بۆ کڕیارەکەی دەکەیت لەناو دوکانەکەتدا، سێ بۆ پێنج هێندە کاریگەرترە لە هەموو جۆرەکانی تری ڕیکلام. لەوانەیە کڕیارەکان بە هۆکاری جیاواز بێنە لات، بەڵام هیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە کە باوەڕ و متمانەیان بە تۆ هەبێت.

 

بەڵام لێرەدا گرفتێک دێتە پێشەوە کە هەموو فرۆشیارێک تووشی دەبێت، ئەویش کڕیارە ئەگەرییەکانن، کڕیارە ئەگەرییەکان ئەو کڕیارانەن کە لە ‌هیچ ڕازی نین و لەبەر خاتری هۆکارێک یان چەند هۆکارێک سەردانیان کردوویت و هیچ گرەنتیەک نییە کڕینەکەیان لە تۆ بکەن و هەمیشە سەیری لایەنە خراپەکانی بزنسەکەت دەکەن و هەرکاتێک ڕکابەرێکی باشتریان لە تۆ دۆزیەوە، جێتدەهێڵن.

 

گرفتە گەورەترەکە ئەوەیە ئەم کڕیارانە یان ناکڕن یان بە ڕێژەی زۆر دەکڕن، خۆشبەخت ئەو فرۆشیارەیە کە کڕیارێکی ئەگەریی ڕازی دەکات کڕیارەکە کڕینەکەی لێ بکات. بەڵام چۆن کڕیارە ئەگەرییەکان ڕازی بکەم کڕینم لێ بکەن؟

 

یەکێک لە سادەترین و لە هەمانکاتدا ئاسانترین ڕێگاکان بۆ قەناعەتپێکردنی کڕیارە ئەگەرییەکان ئەوەیە کە پرسیاریان لێبکەیت لەبارەی ئاستی ڕازیبوونیان لە کاڵاکانی بازاڕ، (حەزیان بە چ جۆر کاڵایەکە؟، نرخ بۆیان گرنگە؟، کواڵتی بۆیان گرنگە؟، حەز بە چ شتێکی خاوەنکارەکان ناکەن؟) ئەمانە و دەیان پرسیاری تر هەن تا لە کڕیارە ئەگەرییەکەی بکەیت بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لەوەی کە تا چەند لە کاڵاکەت ڕازین. و پاشان سوپاسیان بکە. لە ژینگەی کێبڕکێی ئەمڕۆدا، ئەگەر ئەم کڕیارانە پشتگوێ بخەیت، قازانجێکی زۆر لەدەستدەدەیت.

 

کاکڵەوتە:

کڕیاری ئەگەریی وەک دەرماری خوێنهێنەر وایە، پارە بۆ بزنسەکەت دەهێنێت.

 

بەم ڕستەیە کۆتایی بەم مەقالەیە دێنین: ئەگەر ئامانجەکانی فرۆشت دیاری بکەیت، وە ئەگەر نهێنییە سەرکەوتووەکانی فرۆشتن جێبەجێ بکەیت، وەک (ستافی کارسازی شادمان) دڵنیاتان دەکەینەوە کە نەک تەنها فرۆش و قازانجت گەشە پێدەدەیت، بەڵکو لە هەمووی گرنگتر گەشە دەکەیت لە گرنگترین فاکتەری هەر بزنسێکی گەورە کە ئەویش هەبوونی کڕیارە دڵخۆشەکانە.

 

 داواکردنی کتێبەکانمان

 

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 3.7 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 3

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *